لەیلا گیوڤەن: رێگاکەمان قورسە، بەڵام سەردەکەوین

لەیلا گیوڤەن رایگەیاند "رێگاکەمان چەند قورس و زەحمەت بێت، ئێمە هەر سەر دەکەوین. خواستیان بە ئازادکردنى من ئەو بەرخودانە تێکبشکێنن، بەڵام ئێمە هەموو کات بە شێوەیەکى شکۆمەندانە دەژین".

چالاکیى مانگرتنى لەیلا گیوڤەن هاوسەرۆکى کۆنگرەى کۆمەڵگەى دیموکراتیک (کەجەدە) و پەرلەمانتاری جۆلەمێرگى هەدەپە لە دژی گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە ئیمراڵی، ماوەى ٨٥ رۆژە بەردەوامە. پەرلەمانتارانى هەدەپە لە بیناى کەجەدە دەستیان بە چالاکیى مانگرتن کردووە. لەیلا گیوڤەن لە رێگەی تێلەکۆنفرانسەوە بەشداریى چالاکییەکە بوو و وتەیەکى پێشکەشکرد.

 

'هەر چەند قورسیش بێت سەر دەکەوین'

گیوڤەن وتى "ئێوە لە ژێر چەپۆکەى فاشیزمدا هاوار دەکەن و دەڵێن 'پاشا رووتە' و لەو دۆخەدا تێدەکۆشن. تێکۆشان و کاری ئێوە لە ناو گەلەوە هەڵدەقوڵێت و راستەوخۆ کاریگەریش لەسەر گەل دروست دەکات. نازانم چەند بەسەر پرۆسەى هەڵبژاردندا تێپەڕیوە، بەڵام بۆ هەمووتان داواى سەرکەوتن دەکەم. ئەم رێگایە چەند قورس و دژوار بێت، بەڵام ئێمە هەر سەردەکەوین".

تولای هاتیم ئۆگیولاری پەرلەمانتاری ئەدەنەى هەدەپە لەو کاتەدا بە گیوڤەنى وت "تۆ جوان و رازاوەیت' و گیوڤەن-یش پێى وت "ئەو جوانییە ورە و جوانیى بەرخودانە".

 'پزیسکێک دەتوانێت ئاگرێکى گەورە بکاتەوە'

هاتیم ئۆگیولاری وتى "پزیسکێک دەتوانێت ئاگرێکى گەورە لە زۆر شت بەربدات. بەرخودانى تۆ بۆ ئێمە زۆر هێژایە. بەرخودان و داواکەى تۆ زۆر مافدارە. ئێمە دەمانەوێت تۆ ئەوە بزانیت؛ ئێمە هەزاران خوشکین و لە ژێر چەپۆکەى گوشار و زۆرداریى فاشیزمدا هەموو جۆرە باجێکدانێکمان لەبەرچاو گرتووە و هەوڵ دەدەین بەرخودانەکەى تۆ بەربڵاو و بەرفراوان بکەین. ئێمە سڵاو لە بەرخودانەکەت دەکەین. تۆمان زۆر خۆش دەوێت".

ردڤان توران پەرلەمانتارێکى تری هەدەپە وتى "ئەو ئاڵایە کە تۆ لە دژی فاشیزم و لە دژی سیاسەتى گۆشەگیرى بەرزت کردووەتەوە لە هەموو شوێنێکەوە دەبینرێت. بە دڵنیاییەوە تێکۆشەران و ئەم تێکۆشانە سەر دەکەوێت. پزیسکێک کە تۆ هەڵتگیرساندووە بۆ ئێمە زۆر مانابەخشە. بە بڕوای من تۆ ئەرکی شۆڕشگێڕیى خۆتت بە جێ گەیاندووە".

'لە زیندانەکاندا و سەرباری ئەو زوڵمەى هەیە، بەرخودان بەردەوامیى هەیە'

لەیلا گیوڤەن لە بەردەوامیى وتەکانیدا وتى "ئێشکگرییەکەى ئێوە لێرە زۆر هێژایە. ئێمە چەندین ساڵە هەوڵ دەدەین پێکەوە رێ بکەین و پێکەوە تێبکۆشین و پێکەوە بجوڵێینەوە. ئێمە ئێستا پێکەوەین. بەڕێز ئۆجالان ئەو هەڵوێستە زۆر بە هێژا دەزانێت. هەدەپە و نوێنەرانى هەدەپە هێژاترین دیارین کە رادەستى گەلەکەمان کراون. تورکیایەکى دیموکراتیک و کوردستانێکى ئازاد بەدی دێت. بۆ یەکەم هەنگاو، نزیکەى ٣٠٠ هەڤاڵمان لە زیندانەکاندا مانگرتن لە خواردنیان دەستپێکردووە.

ئەو کردەوانەى لە زیندانەکاندا لە دژی زیندانیان ئەنجام دەدرێن، بەڕاستى هیچیان کەمتر نییە لە کردەوە و رەفتارەکانى سەردەمى ١٢ی ئەیلول. سەرەتا لە خارپێت و پاتنۆس هەڤاڵان دەستیان بە مانگرتن کرد و ئەو هەڤاڵانە لە ژوورێکى تاکە کەسیدا راگیراون. جگە لە خوێ و شەکر هیچیان پێنادەن. سەرباری ئەوەش ٤٥ رۆژە بەردەوامن لە مانگرتنەکەیان. خواستیان بە ئازادکردنى من ئەو بەرخودانە تێکبشکێنن، بەڵام بۆیان نەکرا. ئێمە دەستمان بەم رێگەیە کردووە، ئەوانەى دواى ئێمە دێن دەتوانن بە شێوەیەکى شکۆمەندانە بژین. سڵاوم بۆ هەموان هەیە و هەموتانم خۆشدەوێت".

 

ر.م