لەیلا گیوڤەن هاووڵاتیی فەخریى پاریسی پێبەخشرا

لەسەر داواى دانیەل سیمۆنێت ئەندامی ئەنجوومەنى شارەوانیى پاریس، لەیلا گیوڤەن هاووڵاتیبوونى فەخریى شاری پاریسی پایتەختى فەرەنسای پێبەخشرا.

داوا بۆ هاووڵاتیبوونی فەخریى لەیلا گیوڤەن هاوسەرۆکی کۆنگرەى کۆمەڵگەى دیموکراتیک (کەجەدە) و پەرلەمانتاری جۆلەمێرگی هەدەپە پێشکەشی ئەنجوومەنى شارەوانیى پاریس کرا و داواکە خرایەوە دەنگدانەوە.

ئەنجوومەنى شارەوانیى پاریس بە زۆرینەى دەنگ هاووڵاتیبوونى فەخریى لەیلا گیوڤەنیان پەسەند کرد.

پارتى چەپی فەرەنسا، پارتی کۆمۆنیستى فەرەنسا، حیزبی فەرەنسا سەرنانەوێنێت (La France Insoumise) و پارتى سەوز پشتیوانیان لە داواى بەخشینى هاووڵاتیى فەخری بە لەیلا گیوڤەن کرد.

دانیەل سیمۆنێت ئەندامى ئەنجوومەنى شارەوانیی پاریس لە ئەژماری تایبەتى خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیى تویتەر نووسیویەتى "سەرکەوتن! شارەوانیى پاریس داواکەمى بۆ بەخشینى هاووڵاتیی بوونی فەخری بە لەیلا گیوڤەن پەرلەمانتاری هەدەپە، کە پشتیوانى لە گەلی کورد و زوڵملێکراوانى ژێر دەستى ئەردۆغان دەکات، قبوڵ کرد".

 

ر.م