مانگرتنى زیندانیانى پەکەکە و پاژک لە رۆژی سێیەمدایە

مانگرتنی زیندانیانى دۆزی پەکەکە و پاژک لە زیندانەکانى تورکیادا بۆ ئۆجالان و زیندانییە نەخۆشەکان لە رۆژی سێیەمدایە. مانگرتنەکە وەک هۆشدارییەکە و ئەمڕۆ کۆتای پێدێت.

زیندانیانى دۆزی پەکەکە و پارتى ئازادیى ژنانى کوردستان (پاژک) لە زیندانەکانى تورکیا لە رۆژی ١٢ى ئەیلولەوە دەستیان کردووە بە مانگرتن لە خواردن و مانگرتنەکە بۆ ماوەى ٣ رۆژ دەبێت.

هەزاران زیندانیی سیاسی دەیانەوێت لە رێگەى مانگرتن لە خواردنەوەى سەرنج بخەنە سەر گۆشەگیریى عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و ئەشکەنجەکردنى زیندانیانى نەخۆش.

دەنیز کایا بە ناوی زیندانییەکانەوە راگەیاندراوێکى بڵاوکردووەتەوە. لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، بۆ نەهێشتنى گۆشەگیرى و ئازادکردنى زیندانییە نەخۆشەکان و چارەسەرکردنیان بۆ ماوەى ٣ رۆژ دەست دەکەن بە مانگرتن لە خواردن و ئەوەش وەک هۆشدارییەکە.

"هەرگیز سازش ناکەین"

لە راگەیاندراوى زیندانیانى دۆزی پەکەکە و پاژک دا ئەوەش هاتووە "ئێمە وەک زیندانیانىى دۆزی پەکەکە و پاژک لە زیندانەکانى تورکیا و کوردستاندا لە دژى ئەشکەنجە و هاوپەیمانیى فاشیستیى ئاکەپە – مەهەپە ماوەى چەندین ساڵە خۆڕاگری دەکەین و سەرمان نەوی نەکردووە. فاشیزم کە دەیخواست لە رێگەى زیندانەوەى گەل پاکتاو بکات، بەڵام هەر چۆن بە بەرخۆدانى ١٤ى تەمووزی ١٩٨٢ ئەوان تێکشکان، ئەوا ئێستاش ئەوان تێکدەشکێن".

 ئەوەشیان راگەیاندبوو "ئێمە گۆشەگیریى سەر رێبەرایەتى هەرگیز قبول ناکەین".

راشیانگەیاندووە، هەڤاڵە نەخۆشەکانیان بەهۆی چارەسەر نەکردنەوە گیانیان لە دەستداوە.

ئەوەشیان خستووەتەڕوو "لە دژی هەموو کردەوە فاشیستییەکانى ئاکەپە – مەهەپە خۆڕاگری دەکەین و هەرگیز سازش ناکەین".

ر.م