مانگرتووە دەستگیرکراوەکانی مێرسین لە زیندانیشدا بەردەوامن لە مانگرتنەکەیان

لە مێرسین ١٠ چالاکوان بۆ پشتیوانیکردن لە مانگرتنەکەى لەیلا گیوڤەن پەرلەمانتاری هەدەپە دەستیان بە مانگرتن کردبوو. ئەو چالاکوانانە لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکران. سەربارى دەستگیرکردنى ئەو چالاکوانە، مانگرتنەکەیان نەشکاندووە.

لەیلا گیوڤەن پەرلەمانتاری دیلکراوى هەدەپە بۆ ئیدانەکردنى گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد ماوەى ٢٦ رۆژەد ەستیکردووە بە مانگرتن لە خواردن.

رۆژی یەکشەممە بۆ پشتیوانیکردن لە لەیلا گیوڤەن لە مێرسین دەستکرا بە مانگرتن لە خواردن. هێزەکانى پۆلیسیش هەڵیانکوتایە سەر مانگرتووەکان لە بیناى هەدەپە لە مێرسین و زوحەل ئۆنەن هاوسەرۆکى هەدەپە لە مێرسین و ٩ کەسی تریان دەستگیرکرد.

چالاکوانەکان براون بۆ ناوەندى پۆلیسی مێرسین و لەگەڵ پارێزەرەکانیان چاوپێکەوتنیان ئەنجامدا و دواى چاوپێکەوتنەکە پارێزەرەکانیان رایانگەیاند، چالاکوانەکان سەرباری دەستگیرکردنیان بەردەوامن لە مانگرتنەکەیان.

چالاکوانەکان لە رێگەى پارێزەرەکانیانەوە رایانگەیاندووە، هەر وەک پێشتر پلانى بۆ دانرابوو، بۆ ماوەى ٣ رۆژ بەردەوام دەبن لە مانگرتنەکەیان، ئەگەریش هەر لەو ماوەیەدا لە زینداندا بن و پۆلیسیش ئازادیان نەکات، مانگرتنەکەیان ناشکێنن.

هاوکات لە چوارچێوەى مانگرتنى دەوری و ئێشکگرانەدا، فاتمە کورتولان، ردڤان توران و تولای هاتیم ئۆگیولاری پەرلەمانتارانى هەدەپە چالاکییەکەیان لە بیناى هەدەپە مێرسین وەرگرتو و دەستیان بە مانگرتن کرد.

ر.م