مانیفیستۆی کەسێتیی ئازاد و شۆڕشگێڕی کوردستان؛ دیار غەریب

شەهید دیار غەریب ( هەڵمەت) بە خۆشەویستەکەی دەڵیت؛ ڕاستە من تۆم زۆر خۆشدەوێت، بەڵام خۆشەویستیکیتریش هەیە کەهی من و تۆ و چەندان ملیۆن ئینسانی بێمافە، ئەویش خۆشەویستیی کوردستانە. بۆیە هیوادارم تێبگەیت لەوەی خۆشەویستی کۆتایی دەبەخشم بە خەباتەکەم".

شەهید دیار غەریب ( هەڵمەت) بە خۆشەویستەکەی دەڵیت؛ ڕاستە من تۆم زۆر خۆشدەوێت، بەڵام خۆشەویستیکیتریش هەیە کەهی من و تۆ و چەندان ملیۆن ئینسانی بێمافە، ئەویش خۆشەویستیی کوردستانە. بۆیە هیوادارم تێبگەیت لەوەی خۆشەویستی کۆتایی دەبەخشم بە خەباتەکەم".

شۆڕشگێرێک کە خەباتی نەتەوەیی و دیموکراتی بەیکەوە پێش دەخست، تێکۆشەریەک کە کردار و گوتاری یەک بوو، جەنگاوەری ئازادی بوو، لە تەمەنی ٢٥ ساڵییەوە بەشداریی تێکوشانی ئازادیی ببوو، لە هەموو شوێنێک بەرپرسیارییەتییەکانی بە باشی بەجێدەهێنا، پەروەردەی ڕێبەر ئاپۆی بینیبوو، لە تێکۆشاندا به‌هیچ شێوه‌یه‌ك كه‌سایەتییەكی حیسابكار نه‌بوو. له‌ هه‌ڤاڵێتیی خۆیدا هیچ كات به‌ پۆله‌تیك و به‌رژە‌وه‌ندیخوازی نه‌بوو، نوسەرێکی هۆشیار و زانیاریی قووڵی لەسەر مێژووی کورد بوو‌، سەرکردە و ڕێبەرێکی یەکێتیی نەتەوەی بوو، بەڵی ئەوە ئەو بوو دیار غەریب بوو، کە لەناو هاوخەباتەکانی بە هەڤاڵ هەڵمەت بانگیان دەکرد شۆڕشگێڕ و سیاسەتمەدار و بیرمەندێکی پێشەنگی گەلی کورد بوو.

کورتەیەک لە ژیانی منداڵی و لاوێتی و شۆڕشگێڕیی نموونەیی:

دیار غەریب ناوی تەواوی دیار غەریب محەمەد ڕەسوڵە و لە بەر بەیانی ڕۆژێکی مانگی نیسانی ساڵی ١٩٧٣ لە گوندی سێوسێنان لە ناوچەی قەرەداغ لە دایکبوو، ناویان نا دیار، بوە دیار بۆ تێکؤشانی گەلی کورد، ناوی تەواوی دایکی سەعدیە نازم محەمەد-ە و ناوی باوكی غەریب محەمەد ڕەسوڵە، خێزانێکی ناسراوی ناوچەی قەرەداغ و شاری سلێمانین، دیار منداڵی چوارمی خێزانەکەیەتی پێشتر دایکی سێ منداڵی تری بوە دوانیان هەر بەمنداڵی گیانیان لەدەستداوە، بەڵام دلێر کە ساڵێک لە دیار گەورەترە بوە واتا لە ساڵی ١٩٧٢ لە دایکبووە، دوای ئەوەی گەورە بوە بووەتە پێشمەرگە و لە ساڵی ١٩٩١ لە کاتی ڕاپەرێنی گەلی باشوور لە پرۆسەی ئازادکردنی کەرکووک لە مەعسکەر خالیدی شاری کەرکووک لە ئەنجامی شەڕێکدا لەگەڵ ڕژێمی بەعس شەهیدبووە.

"یەکەم مامۆستای ژیانم لە تێکۆشاندا دایکم بوو"

لە دوای شەهید دلێری برا گەورەی، دیار بووەتە کوڕە گەورەی ماڵ، سێ خوشک و برایەکی تری لە خۆێ بچووکتری هەیە ک ەناوەکانیان بەم شێوەیەیە (هەڵالە، شیلان، لاڤە و ڕزگار) غەریب مەحمەدی باوکیان کارمەندی فەرمانگەی کشتوکاڵ بووە، بە هۆی ئەوەی دایە سەعدیە و هاوژینەکەی غەریب هەر دووکیان مرۆڤی زیرەک و خوێندەوار و ڕۆشنبیر بوون کاریگەرییان لەسەر پەروردەی منداڵەکانیان هەبوە، منداڵەکانیان نموونەی دەرچونە لە ئاستی زیرەک و وریای هەر لە منداڵی ئاشنای دۆزی نەتەوەیی بوون، دیار غەریبش لە وتەیکی خۆێدا دەڵێت: "یەکەم مامۆستای ژیانم لە تێکۆشاندا دایکم بوو".

دیار غەریب لە ساڵی ١٩٨٠ لە گەوندەکەی خۆیان چووەتە بەر خوێندن و خوێندنی سەرەتایی لە گوندەکەی خۆیان تەواوکردووە، وەکو دایکی شەهید دیار باسی دەکات، لەبەر ئەوەی خوێندکارێکی زیرەک و گوێڕایەڵ بووە لە خوێندنی سەرەتایی هەموو ساڵەکانی خوێندنیدا وەک نموونەی زیرەکی هەڵبژێدراوە (قدوە) هەموو ساڵێکێش نمرەی تەواو و خەڵاتی یەکەمی لە زیرەکی لەسەر ئاستی خوێندگەکەیان بە دەستهێناوە، جیاواز لە خوێندنی قوتابخانە شەهید دیار خوێندکاری حوجرە بوە و خوێندی حوجرەی بەسەرکەوتویی تەواو کردووە.

دایە سەعدەیە نموونەیکی خۆشەویستیی مامۆستاکانی بۆ دیار دەگێڕێتەوە و دەڵێت: "لە یەکێک لە پۆلەکانی سەرەتایی بوو خوێندکارەکان هەموویان شەڕیان کردبوو و کێشەیان نابوویەوە، مامۆستای خوێندگەکە هەموو خوێندکارەکانی کۆکردبوویەوە پێیانی وتبوو: دەبێت هەمووتان دایک و باوکتان بێنن ئەگەرنا دەرستان پێ ناڵێمەوە، بەڵام بە تانها دیاری کردبووە لایکەوە و پێی وتبوو قەینا تۆ مەیهێنە تۆ منداڵیکی ئاقڵ و زیرەکی.

دیار غەریب هەر لە منداڵییەوە کەسایەتیی سەرکردایەتی لە ناو هاوڕێکانیدا تێدا دەرکەتبوو، لە تەمێنکی کەمی لاوێتی دەستی بە كتێب خوێندنەوەكرد و بەدوای زانست و زانیارییەوە بوو لە هەموو بوارەكانی ژیاندا بەتایبەتی لە بواری مێژوودا وەك ئاشقێكی مێژووی گەلی كورد زۆر بە ووردی لێكۆڵینەوەی دەكرد.

 لە ماڵدا نەک تەنها وەک برایەک، بەڵکو مامۆستایەک بوو بۆ پەروەردەکردنی خوشک و براکانی و ڕۆڵی گرنگی هەبوو لە پێگەیاندنیاندا.

لە تەمەنی منداڵیدا بە هۆی ئەوەی لە گوندەکەیان پێشمەرگەی لێبووە، ساڵانە لە پاش تەواوکردنی وەرزی خوێندن لە خۆشیی بینینی پێشمەرگە دەگەڕایەوە گوندەکەیان و پشووی هاوین لە گوندەکەیان لەگەڵ پێشمەرگە بەسەر دەبات.

هه‌ڤاڵ هه‌ڵمه‌ت له‌تێكۆشانی شۆڕشگێڕانه‌دا

دوای ئەوەی ماڵیان لە گوندوە دەچیت بۆ شار خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندی لە سلێمانی تەواو دەکات و بۆ خوێندنی زانکۆ لە ساڵی ١٩٩١ لەسەر ١٩٩٢ دەچێتە شاری هەولێر بۆ زانکۆی سەڵاحەدین، لە بەشی فیزیا لە کۆلیژی زانست وەردەگیرێت، له‌گه‌ڵ راپه‌ڕینی ساڵی ١٩٩١ و كۆڕە‌و و شه‌هیدبوونی دلێری برای له‌ سه‌نگه‌ری به‌ره‌نگارییدا، وه‌رچه‌رخانێك له‌ بیر و رامانی هه‌ڤاڵ دیار غه‌ریب رووده‌دات. لێگه‌ڕینه‌كانی بۆ شیكردنه‌وه‌ و تێگه‌یشتن له ‌دۆخی گه‌ل و چاره‌سه‌ریی دۆزی ره‌وای گه‌له‌كه‌ی تا ده‌هات لە مێشکیدا زیاتر ده‌بوو.

بۆ كوردستان خۆشەویستەكەی جێ هێشت

له‌سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی رابردوودا ئاشنایی له‌گه‌ڵ بیر و باوه‌ڕی په‌كه‌كه‌ و رێبه‌ر ئاپۆ په‌یدا ده‌كات. به‌تایبه‌تی ئه‌وكاته‌ی له‌ زانكۆی سه‌لاحه‌ددین له‌ هه‌ولێر ده‌خوێنێت زیاتر به‌ بزووتنه‌وه‌ی ئازادیی په‌كه‌كه‌ و فیكری رێبه‌ر ئاپۆ ئاشنا ده‌بێت. له‌ میانه‌ی خوێندنه‌وه‌ی به‌رده‌وامی ئه‌ده‌بیاتی فیكری و سیاسیی رێبه‌ر ئاپۆ و په‌كه‌كه‌ و گفتوگۆی گه‌رمی له‌گه‌ڵ هاوڕێیان و هه‌ڤاڵانیدا تا ده‌هات لێگه‌ڕینه‌ ئازادیخوازییه‌كانی زیاتر ده‌بوون.

لەبارەی ئەخلاقی ئینسانی و قوڵیی مەعریفی ئەم گەنجە قۆزەی گەڕەکی بەختیاری سلێمانی، یەكێ لەهاوڕێكانی زانكۆی دەڵێت: "دیار کچێکی کۆیی خۆشەویست، کە یەکێک لە شاجوانەکانى زانکۆ بوو. کاتێک بڕیاریدا بچێتە نێو خەباتی چەکداری، لە کۆتایدا بۆ خۆشەویستەکەی نووسی؛ ڕاستە من تۆم زۆر خۆشدەوێت، بەڵام خۆشەویستیکیتریش هەیە کەهی من و تۆ و چەندان ملیۆن ئینسانی بێمافە، ئەویش خۆشەویستیی کوردستانە. بۆیە هیوادارم تێبگەیت لەوەی خۆشەویستی کۆتایی دەبەخشم بەخەباتەکەم".

كاتێك له‌ ساڵی ١٩٩٥ – ١٩٩٦ دا به‌شی فیزیای له‌ كۆلێژی زانسته‌كانی زانكۆی سه‌لاحه‌ددین ته‌واو ده‌كات. ته‌واو له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵان و وڵاتپارێزانی بزووتنه‌وه‌ی په‌كه‌كه‌دا په‌یوه‌ندییه‌كانی زیاتری پێشخسبتوو. بۆیه‌ له‌ ساڵی ١٩٩٦دا ئاستی باوه‌ڕیی و بڕیارداریی خۆی گه‌یانده‌ بەشداربوونێكی شۆڕشگێڕانه‌ی مه‌زن بۆ ناو ریزه‌كانی رێكخستنی په‌كه‌كه‌.

هه‌ڤاڵ دیار غه‌ریب سه‌ره‌تا وه‌ك گه‌نجێكی هوشیار به‌شداری له‌ كۆنفرانسی دامه‌زراندنی "یه‌كێتیی خوێنده‌ڤانان و لاوانی وڵاتپارێزی كوردستان –  YXLWK" ده‌كات و له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانییدا رۆڵێكی به‌رچاویان بینی له‌ هوشیاركردنه‌وه و به‌رێكخستنكردنی گه‌نجان و لاوانی باشوور.

ڕێبەر ئاپۆ چی پێ وتوە؟

له‌ ساڵی ١٩٩٧دا ده‌چێته‌ گۆڕەپانی سه‌رۆكایه‌تی و به‌دیداری رێبه‌ر ئاپۆ شاد ده‌بێت. له‌ گۆڕە‌پانی سه‌رۆكایه‌تییدا هه‌ڤاڵ هه‌ڵمه‌ت به‌ جۆش و خرۆشێكی شۆڕشگێڕانه‌وه‌ به‌شداری له‌ خووله‌كانی په‌روه‌رده‌ی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات و به‌ شیكردنه‌وه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كانی سه‌رنجی رێبه‌ر ئاپۆ و هه‌ڤاڵانی بۆلای خۆی راده‌كێشێت و ده‌بێته‌ ئومێدێكی مه‌زنی رێبه‌ر ئاپۆ و هه‌ڤاڵه‌كانی.

 وەک هەڤاڵانی دەگێڕنەوە ڕێبەر ئاپۆ ئومێدی زۆری پێی هەبووە و پێ وتوە: "تۆ دەتوانیت پێشەنگایەتییەكی بەهێز بكەیت، وەكو گەنجێك دەتوانیت باری گرانی ئەم تێكۆشانە بخەیتە سەر شانی خۆت، تۆ یەكێكیت لەو گەنجانەی جەوهەرەكەت بە پاكی ماوەتەوە و دەتوانیت ئەم جەوهەرە پاكەت بكەیت بە هێز بۆ ئەوەی ئەركی ڕێبەرایەتیی و پێشەنگایەتیی بخەیتە سەرشانت".

دوای ئەوەی لە گۆڕەپانی سەرۆکایەتی دەگەڕێتەوە له‌ ساڵی ١٩٩٨یشدا وه‌ك كادیرێكی په‌روه‌ردەكار و ‌به‌ڕێوه‌به‌ر له‌ خوێندنگا په‌روه‌ر‌ده‌ییه‌كانی شه‌ڕڤانانی نوێدا په‌روه‌رده‌ی فیكر و سیاسه‌ت و ئه‌خلاقی شۆڕشگێڕی به‌ شه‌ڕڤانانی نوێ ده‌دات و بۆ تێكۆشانێكی مه‌زن ئاماده‌یان ده‌كات.

له‌ ساڵانی ١٩٩٩تا ٢٠٠٠ دا وه‌ك كادیرێكی پێشه‌نگی گه‌ل له‌ كار و خه‌باتی یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كوردستان (یەنەدەکە - YNDK) دا بینی و هه‌وڵێكی زۆری بۆ په‌روه‌رده‌كردن و رێكخستنكردنی چین و توێژە‌كانی گه‌ل ده‌دا. له‌ ساڵی ٢٠٠١ دا ئه‌ركی كاری راگه‌یاندنی پێده‌سپێردرێت و رۆڵێكی گرنگ ده‌بینێت له‌ پێشخستنی ئه‌ده‌بیاتی شۆڕشگێڕیدا.

له ‌ساڵی ٢٠٠٢ شدا له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵ ڤیان سۆران و ده‌سته‌یه‌ك له‌ هه‌ڤاڵانیدا ئاماده‌كاری بۆ یه‌كه‌مین كۆنگره‌ی دامه‌زراندنی پارتی چاره‌سه‌ریی دیموكراتی كوردستان – پەچەدەكە ده‌كه‌ن و له‌ به‌هاری ٢٠٠٢دا پەچەدەكە داده‌مه‌زرێنن.

لە دامەزراندنی 'پەچەدەکە'دا ئامادەبوو و سەرۆکایەتیی گشتی و هاوسەرۆکایەتی گشتیی لە ئەستۆ گرت. بە هۆشیارییەکی وردی مێژووییەوە هەمووانی لەسەر مێژووی کوردستان پەروەردە دەکرد، تاوەکو هاوڕێیانمان و دۆستان بە مێژووی ڕاست ئاشنا بکات.

هه‌ڤاڵ هه‌ڵمه‌ت وه‌ك ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌ن و ئه‌ندامی ده‌سته‌ی كارگێڕیی پەچەدەكە هه‌ڵده‌بژێردرێت و له‌چوارچێوه‌ی هه‌ڵمه‌تێكی شۆڕشگێڕانه‌دا له‌بناری قه‌ندیل و ناوچه‌كانی تری باشوور بره‌وی دا به‌ كار و خه‌باتی په‌روه‌رده‌یی و رێكخستنیی له‌ناو خه‌ڵكی وڵاتپارێزدا و نموونه‌ی كادیرێكی دڵسۆز و هوشیار و وردبینی ‌ناو چین و توێژه‌كانی گه‌ل بوو.

هه‌ڤاڵ هه‌ڵمه‌ت له‌ كۆنگره‌ی دووه‌م و سێیه‌میشدا وه‌ك ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌ن و مه‌كته‌بی سیاسی پەچەدەكە هه‌ڵبژێردرایه‌وه‌. وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كی خاكی و هۆشمه‌ند و بیرتیژ رۆڵێكی مه‌زنی له‌ به‌ره‌و پێشبردنی خه‌باتی پارتی چاره‌سه‌ردا بینی و وه‌ك خۆشه‌ویستی نێو هه‌ڤاڵانی و گه‌له‌كه‌ی نموونه‌ی باڵای شۆڕشگێڕێتیی نیشان دا و له‌ به‌رامبه‌ر هێڵی پاکتاوکاری و خیانه‌تكارییدا خاوه‌ن هه‌ڵوێستێكی بڕیارداری و ئاپۆییه‌كی شێلگیر بوو.

له‌ كۆنگره‌ی چواره‌مدا وه‌ك سه‌رۆك و له‌ كۆنگره‌ی پێنجه‌میشدا وه‌ك هاوسه‌رۆكی پارتی چاره‌سه‌ری هه‌ڵبژێردرا. وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كی پێشه‌نگ رۆڵی به‌رچاوی بینی له‌ سه‌رله‌نوێ رێكخستنه‌وه‌ی پارتی چاره‌سه‌رییدا و به‌رده‌وام له‌نێو هه‌ڤاڵانی و گه‌له‌كه‌یدا به‌ گفتوگۆ و په‌روه‌رده‌ی هه‌مه‌لایه‌نه‌دا ئاستی رێكخستنبوون و چالاكوانێتیی پێشده‌خست. وێڕای هه‌موو ئاسته‌نگی و كۆسپه‌كان به‌ پێداگرییه‌وه‌ هه‌ڵمه‌ته‌كانی رێكخستنبوون و چالاكوانێتیی به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ده‌برد.

له‌نێوان ساڵانی ٢٠١٤ تا رۆژی شه‌هیدبوونی له‌چوارچێوه‌ی سیستمی كۆما جڤاكێن كوردستان (کەجەکە) دا گه‌لێك ئه‌رك و به‌رپرسیارێتیی رێكخستنی له ‌ئه‌ستۆ گرتووه‌. هه‌ڤاڵ دیار ئه‌ندامی مه‌جلیسی په‌كه‌كه‌ و ئه‌ندامی كۆنسه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی گشتی كه‌جه‌كه‌ بوو. له‌و ماوه‌ی تێكۆشاندا به‌ چڕوپڕی له‌هه‌وڵی به‌جێهێنانی ئه‌ركه‌ شۆڕشگێڕییه‌كانی بوو له‌سه‌ر ئاستی هه‌موو كوردستان. بێ ئه‌وه‌ی هیچ كۆسپ و ته‌گه‌ره‌یه‌ك بناسێت به‌رۆحی چاره‌سه‌ریی و هێز و وره‌به‌خشینه‌وه‌ تێده‌كۆشا. له‌ ئه‌كادیمیا‌كانی كه‌جه‌كه‌دا چه‌ندین وانه‌ی پێشكه‌ش به‌ كادیران كردووه‌. له‌به‌رامبه‌ر تێكۆشانی ئازادیی ژندا هه‌م به‌ رێزداری و هه‌میش به‌پێوانه‌كانی كه‌سێتیی ئازاددا كه‌سێتی و ژیان و خه‌باتی خۆی به‌رده‌وام پێشده‌خست.

هاوكات له‌گه‌ڵ به‌جێهێنانی ئه‌ركه‌كانی كۆنسه‌ی سه‌رۆكایه‌تی و مه‌جلیسی په‌كه‌كه‌دا به‌رده‌وام خه‌بات و تێكۆشانی باشووریشی به‌ سه‌ره‌كیترین ئه‌ركه‌كانی خۆی زانیوه‌. له‌به‌رامبه‌ر هێڵی به‌كرێگیراوێتیی ده‌سه‌ڵاتخوازدا، هه‌میشه‌ پێشه‌نگایه‌تیی بۆ به‌رخۆدانێكی نه‌ته‌وه‌یی – دیموكراتی ده‌كرد. كه‌سێتیی هه‌ڤاڵ هه‌ڵمه‌ت خوێندنگه‌یه‌كی مه‌زنی شۆڕشگێڕییه‌ بۆ هه‌ڤاڵانی و گه‌له‌كه‌مان و پێویست ده‌كات هه‌ڤاڵانی و گه‌له‌كه‌مان له‌ باشوور و ته‌واوی كوردستاندا وانه‌ی شۆڕشگێڕی و هۆشمه‌ندیی لێوه‌ فێر ببین. له‌ماوه‌ی ٢٥ ساڵی شۆڕشگێڕێتی هه‌ڤاڵ هه‌ڵمه‌تدا هه‌میشه‌ به‌ باوه‌ڕیی و بڕیاردارییه‌كی مه‌زن، به‌هیوا و ئیراده‌یه‌كی پۆڵایینه‌وه‌، له‌نێو جۆشوخرۆشی تێكۆشاندا بووه، نموونه‌ی سه‌ركرده‌ی شۆڕشگێڕی گه‌ل بووه‌‌. تا لە‌ ڕۆژەی ٥ تەمووز ٢٠١٩ له ‌هێرشێكی ئاسمانیی فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی رژێمی فاشیستیی توركیا و به‌ چاوساخیی سیخوڕانی خائین و به‌كرێگیراو له‌گه‌ڵ دوو له‌ هه‌ڤاڵانی به‌ناوه‌كانی ده‌ڤران و شاهین شه‌هید بوون و ته‌ڤلی كاروانی رێگای ئازادی بوون.

ڕۆژنامەوانێکی بوێر و نووسەرێکی بیر تيژ

هاوكات له‌گه‌ڵ راپه‌ڕاندنی ئه‌ركه‌ رێكخستنی و سیاسییه‌كانیدا وه‌ك رۆژنامه‌وانێكی بوێر و زرنگ له‌ چه‌ندین گۆڤار و رۆژنامه‌ی بزووتنه‌وه‌ی ئازادیدا وتار و لێكۆڵینه‌وه‌ی نووسیوه‌. هه‌روه‌ها چه‌ندین كتێبی ناوازه‌ی سه‌باره‌ت به‌ مێژوو و ئایین و گه‌نجان و خۆبه‌ڕێوه‌به‌رێتیی دیموكراتی نووسیوه‌ و به‌چاپ گه‌یاندووه‌ و کاتێک لە ژیاندبوو شەش پەرتوکی بەناوەکانی

  • کورتە مێژوویەکی عێراق و باشوری کوردستان
  • مانفیستۆی گەنجانی باشووری کوردستان
  • خۆبەڕێوبەریی دیموکراتی
  • قەیرانی سیستم و پرسی پێشەنگایەتی لە باشووری کوردستان
  • ھەڵوێستەیەک دەربارەی ئایین و باوەڕمەندی
  • خوێندنەوەیەکی نوێ لە مێژووی کوردستان

لە دوای شەهیدبوونیشی کۆمەڵیك بەرهەمی بەپێزی بۆ خوێنەرانی کورد بەجیهێشتوە، کە نوسەر و ڕۆژنامەوان حەسەن جودی لە چوار چێوەی شەش بەرگ دا لە ژێر ناوی ( دیار غەریب مانیفیستۆی کە سێتی ئازاد و شۆڕشگێڕی کوردستان) کۆکردووەتەوە و ئامادەی کردووە لە ماوەیەکی نزیکدا دەکەوێتە بەر دیدی خوێنەران.

جێاواز لەوانە دیار غەریب بەسەدان سیمینار و لێکۆڵێنەوەی لە چیاکانی کوردستان تا هەموو شارەکانی کوردستان پێشکەش کردوە و  بە دەیان گرتەی ڤێدیۆیی و بەرهەمی ناوازەی پێشکەشی خوێنەر و ڕای گشتی کورد و گەلە وڵاتپارێزەکامان کردووە.

لە دوای شەهیدبوونی هەڤاڵ هەڵمەت گەڵیک لە بەڕێوبەران بەرپرسانی گەلی کورد لەسەر هەڤاڵ هەڵمەت بابەتیان نوسی و وتەیان پێشکەشکرد و ئێمە لێرە ئاماژە بە بەشێک لە وتەکانی جەمیل بایک هاوسەرۆکی کۆنسەی سەرۆکایەتی کەجەکە دەکەین، کە لەسەر شەهید هەڵەمت وتویەتی.

جەمیل بایک هاوسەرۆکی کۆنسەی سەرۆکایەتی کەجەکە دەربارەی شەهید هەڵمەت دەڵێت: هەڤاڵ هەڵمەت له‌ كه‌سێتیی خۆیدا پێشه‌نگایه‌تیی تێكۆشانی ئازادیی گه‌ل و یه‌كێتیی نه‌ته‌وه‌یی كرد. له‌ خه‌باتی یه‌كێتیی نه‌ته‌وه‌یی و هوشیاریی نه‌ته‌وه‌ییدا هه‌ڤاڵ هه‌ڵمه‌ت ره‌نجێكی زۆری دا. یه‌كێك له‌و هه‌ڤاڵانه‌ بوو، كه‌ چووبووه‌ گۆڕه‌پانی سه‌رۆكایه‌تی و له‌لای رێبه‌رێتی په‌روه‌رده‌ی بینیبوو. رێبه‌ر ئاپۆش گه‌لێك گرنگی به‌ هه‌ڤاڵ هه‌ڵمه‌ت و هه‌ڤاڵانی تری باشوور ده‌دا، ده‌یخواست كه‌سێتیی پێشه‌نگ و شۆڕشگێڕ بونیاد بنێت. بۆ ئه‌مه‌ش ره‌نجێكی زۆری بۆ په‌روه‌رده‌كردنی ئه‌و هه‌ڤاڵانه‌ دا. هه‌ڤاڵ هه‌ڵمه‌تیش یه‌كێك له‌و هه‌ڤاڵانه‌ بوو كه ئه‌و په‌روه‌رده‌یه‌ی گۆڕه‌پانی سه‌رۆكایه‌تیی بۆخۆی به‌بنه‌ما وه‌رگرت و زۆر پێی‌ كاریگه‌ر بوو. زۆر له‌سه‌ر پێوانه‌ و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی كه‌سێتیی په‌كه‌كه‌یی بوون و راستینه‌ی رێبه‌رایه‌تی هه‌ڵوه‌سته‌ی ده‌كرد. له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ خۆی په‌روه‌رده‌ ده‌كرد.

هه‌ڤاڵ هه‌ڵمه‌ت هه‌م له‌ خه‌باتی باشوور و هه‌میش له‌ خه‌باتی گشتیی ته‌ڤگه‌ره‌كه‌ماندا رۆڵێکی گرنگی له‌ پێشخستنی رۆحی به‌رخۆدان و به‌ دامه‌زراوه‌بوونی خه‌باتی گه‌ل له‌ چوارچێوه‌ی سیستمی خۆبه‌ڕێوه‌به‌رێتیی گه‌ل، به‌تایبه‌تی بۆ خه‌ڵكی شه‌نگال و ته‌واوی باشووری كوردستاندا ره‌نجێكی زۆری له‌م رووه‌وه‌ پێشكه‌ش به‌ ته‌ڤگه‌ره‌كه‌مان و گه‌ل كردووه‌. له‌ په‌روه‌رده‌كردن و هوشیاركردنه‌وه‌ی گه‌ل و رێكخستنكردنی گه‌ل و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی چالاكییه‌كانی گه‌لدا رۆڵی مه‌زنی خۆی بینیوه‌.

هه‌روه‌ها بۆ خه‌باتی یه‌كێتیی نه‌ته‌وه‌ییش به‌ رۆحێكی وڵاتپارێزی و نه‌ته‌وه‌یی كاری ده‌كرد تا یه‌كڕیزییه‌ك له‌نێو لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان پیشبكه‌وێت و له‌نێو گه‌لیشدا یه‌كێتیی نه‌ته‌وه‌یی له‌ ئاستی فیكر و رۆح و به‌دامه‌زراوه‌بوون و كرداردا بونیاد بنرێت.

هه‌ڤاڵ هه‌ڵمه‌ت وه‌ك چۆن ژیان و تێكۆشانه‌كه‌ی بۆ ته‌ڤگه‌ره‌كه‌مان و گه‌له‌كه‌مان هێز و وزه‌یه‌كی مه‌زن بوو و رۆڵێكی مه‌زنی له‌ به‌ره‌وپێشه‌وه‌بردنی خه‌بات و به‌رخۆداندا بینی، ئه‌وا شه‌هیدبوونیشی به‌ هه‌مان شێوه‌ رۆڵێكی مه‌زن له‌ به‌ره‌وپێشه‌وه‌بردنی خه‌بات و به‌رخۆداندا هه‌یه‌. هه‌ر شه‌هیدبوونێك توانستی قه‌ڵه‌مبازێكی مێژوویی ده‌ئافرێنێت. بۆ یاد و بیره‌وه‌ریی هه‌ڤاڵ هه‌ڵمه‌ت رۆڵه‌ی شۆڕشگێڕی باشووری كوردستان و ئه‌ندامی كۆنسه‌ی سه‌رۆكایه‌تی گشتیمان، پێشه‌نگی تێكۆشانی ئازادیمان، په‌یوه‌ستداریی خۆمان به‌ رێباز و ئامانجه‌كانی هه‌ڤاڵ هه‌ڵمه‌ت و سه‌رجه‌م شه‌هیدانی تێكۆشانی ئازادیمان دووپات ده‌كه‌ینه‌وه‌ و به‌ رێزداری به‌بیریان دێنینه‌وه‌ و به‌ تۆڵه‌ی مه‌زن و سه‌ركه‌وتنی مه‌زن رۆحیان شاد ده‌كه‌ین.

ژ.ت