ماوەى ٤ رۆژە گولیزار تاشدەمیر هیچ هەواڵێکی نییە

هیچ هەواڵێک لەسەر گولیزار تاشدەمیر چالاکوانى کورد لە بەردەستدا نییە. سەربارى پێداگریى بنەماڵەکەی و پارێزەرانی، بەرپرسانى ئەمنی ئامادە نین هەواڵێکی گولیزاریان پێ بدەن. ئەوەش بنەماڵەکەى نیگەران کردووە.

گولیزار تاشدەمیر چالاکوانى کورد رۆژی ٤ى تەمووزی ٢٠١٨ لەلایەن دەوڵەتى نەرویجەوە رادەستى دەوڵەتى تورکیا کرا و ئێستا ماوەى ٤ رۆژە بەرپرسانى ئەمنی و دەوڵەتى تورکیا رێگا نادەن بنەماڵەکەى و پارێزەرەکانى چاویان پێ بکەوێت و ئامادەش نین هیچ هەواڵێک لەبارەى گولیزارەوە بە بنەماڵەکەى و پارێزەرەکانى بدەن.

تاشدەمیر ساڵی ٢٠١٥ لە نەرویج داواى مافى پەنابەریى کردبوو، بەڵام بەرپرسانى نەرویج بە قسەکانى "تۆ سیاسی نیت، تۆ بگەڕێیتەوە بۆ تورکیا هیچ مەترسییەک رووبەڕووت نابێتەوە" داواى پەنابەرییەکەیان رەتکردبووە. تاشدەمیر بەهۆى رەتکردنەوەى داواى پەنابەرییەکەى لە نەرویج سەردانى ئەڵمانیاى کردبوو بۆ داواى مافى پەنابەری، بەڵام دەوڵەتى ئەڵمانیا بە خێرایى لە رۆژی ٢ى تەمووزی ٢٠١٨دا گولیزارى رادەستى نەرویج کردەوە. نەرویجیش زۆر بە خێرایى و لە رۆژی ٤ى تەمووزدا و بە کەلەپچەکراوى، گولیزار تاشدەمیرى رادەستى تورکیا کرد.

لە ٤ى تەمووزەوە تا ئێستا هیچ هەواڵێک لەبارەى گولیزارەوە لە بەردەستدا نییە. بەپێى سەرچاوە میدیاییەکانى تورکیا ئەگەری ئەوە هەیە گولیزار تاشدەمیر لە ئیستەنبول و لە دەزگاى دژە تیرۆر زیندانیکرابێت.

تاشدەمیر نەخۆشیى قورسی هەیە و سەربارى ئەوەش نازانرێت بەبێ پارێزەر و بەبێ بینینی بنەماڵەکەى لە چ دۆخێکدایە. بنەماڵە و پارێزەرەکانى تاشدەمیر، بۆ ئەوەى هەواڵێکیان دەست بکەوێت لە هەوڵدان، بەڵام تاوەکو ئێستا رێگایان پێنەدراوە گولیزار تاشدەمیر ببین و هەروەها بەرپرسانى ئەمنیی تورکیا ئامادە نین هیچ هەواڵێکیان لەبارەى گولیزارەوە پێ بدەن.  

دوایین هەوڵ بۆ چاوپێکەوتنى گولیزار تاشدەمیر ئەوەبوو، کە مستەفا تاشدەمیر باوکی گولیزار تاشدەمیر لەگەڵ پارێزەرەکان سەردانى دەزگاى ئاسایشیان کرد، بەڵام هەڕەشەیان لێکرابوو.

بەپێى زانیارییەکان، بەرپرسانى ئاسایش و دژە تیرۆرى ئیستەنبول هاوکات لەگەل هەڕەشەکانیان لە دژى بنەماڵەى تاشدەمیر، پێشیان وتون "ئێوە ناتوانن کچەکەت لێرە ببینن. کەى نێردرا بۆ زیندان، ئەو کاتە دەتوانن لەوێ بیبینن". بنەماڵەى تاشدەمیر لە ئێستادا زۆر نیگەرانی ژیان و چارەنووسى کچکە نەخۆشەکەیانن.

ر.م