مزراکلی: ئەوانمان ترساند!

عەدنان سەلجوق میزراکلی، هاوسەرۆکی گەورە شارەوانی ئامەد، لە ئێشکگری دیموکراسی قسەیکرد و تی: "ئەوانمان ترساند، لەدژی نەتەوەپەرستی، گەل هۆشیار بوەتەوە".

چالاکییەکانی ئێشکگری دیموکراسی لە وان، مێردین و ئامەد بەردەوامە.

لە ئامەدیش بە پێشەنگی ڕێکخستنەکانی پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە - HDP) لە کۆڵانی لیسەدا چالاکیی لە ڕۆژی ٣٢ەم دا بەردەوامە.

پەرلەمانتارانی هەدەپە، سینان چفتیوەرەک سەرۆکی گشتی پارتی کۆمۆنیستی کوردستان (کەکەپە - KKP)، ئایەتوڵا ئاشتی سەرۆکی پارتی ئازادی، نوێنەرانی تەڤگەری ژنانی ئازاد (تەژا - TJA)، ئەنجومەنی دایکانی ئاشتی، نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکان، هاوسەرۆکی شارەوانی، نوێنەرانی ڕێکخراوە دیموکراتییەکان و چەندین ناسنامەی جیاواز بەشداری چالاکییەکە بوون.

دیسان پۆلیس چالاکوانانی گەمارۆ دا. پۆلیس ئۆتۆمبیلی زرێپۆش و تۆما-ی لە دەروازەی کۆڵانەکان جێگیر کرد و لە دەروازەی کۆڵانەکان وەستان.

چالاکوانانی تەڤگەری ژنانی ئازاد (تەژا - TJA)، تیشێرتیان پۆشیبوو لەسەری نووسرابوو "دەست لە ئیرادە و هەبوونی من مەدە" و دروشمەکانی "بێدەنگ نابین و ناترسین"یان بەرز کردەوە و هاتنە گۆڕەپانەکە. ئەو ژنانەی پانکارتی "دەست لە ئیرادەی من مەدە" کردەوە، لە گۆڕپانەکە بە جۆشێکی گەورەوە پێشوازیان لێ کرا. ژنان بە هەلهەلە و چەپڵە و درووشم هاتنە ناو گۆڕەپانەکە. لە شوێنی چالاکییەکە گۆرانی کوردی وتران و نزیکەی دوو کاتژمێر چالاکی بەردەوام بوو.

دوای چالاکی دانیشتن لەوێ لێدوانیان دا

بەسرە نارین، چالاکوانی تەڤگەری ژنانی ئازاد (تەژا - TJA) ڕایگەیاند، تێکۆشانەکەیان تەنیا لەمڕۆدا سنووردار نییە و وتی: "ئێمە نەک تەنیا ئەمڕۆ، هەموو ڕۆژێک لێرەین. دەستەکانتان لەسەر ژن لابەرن. ئێمە خاوەنداری لە ئیرادەی خۆمان دەکەین. ئەرکی هاوسەرۆکایەتیمان بدەنەوە. ئێمە بانگەواز بۆ ڕای گشتی و نێونەتەوەییش دەکەین کە بێدەنگ نەبن و کۆتایی بەو نایاساییە بێنن".

سەمرا گوزەل، پەرلەمانتاری هەدەپەی ئامەد-یش باسی لەوە کرد، لە ١٩ی ئاب/ ٢٨ی گەلاوێژەوە لە سێ شاردا قەیوم سەپێندران و کودەتای سیاسیان جێبەجێ کرد و وتی: "بەبێ بەڵگە ئیرادەی گەل لە سێ شار زەوت کرا. کاتێک قەیومیان بەسەر شارەوانی دەبەپە-دا سەپاند، لەماوەی دوو ساڵ و نیودا بینیمان چۆن شارەوانیان تاڵان کرد. ئیرادەی گەلیان بە نەبوو هەژمار کرد. قەیوم ناوی ناحەقی و نایاساییە. ئێمە سیستمی هاوسەرۆکایەتی دەپارێزین. ئێمە پارێزەرانی دەستکەوتی ژنانین. هاوار دەکەین، سیستمی هاوسەرۆکایەتی هێلی مۆرمانە".

دواتر عەدنان سەلجوق میزراکلی، هاوسەرۆکی گەورە شارەوانی ئامەد-یش قسەی کرد و ڕایگەیاند، کاتێک خەبات بۆ گەل بکەن دیموکراسی جەماوەریی پێشدەکەوێت و وتی: "ئەوانمان ترساند، لەدژی نەتەوەپەرستی، گەل هۆشیار بوەتەوە".

لە کۆتاییدا مزراکلی ڕایگەیاند، سەبارەت بە قۆناغی چۆنیەتی بونیان بە سەرۆکی شارەوانی، ڕۆژی شەممە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی بەرفراوان ئەنجام دەدەن.

ئێشکگرییەکە بە دانیشتنی ١٠ خولەک کۆتایی پێهات.

ک-ش