مۆگەرینی: هێرشەکانی تورکیا بە سوودی داعش دەبن

پەرلەمانی ئەوروپا بۆ تاوتوێکردنی هێرشە داگیرکەرییەکەی تورکیا، کۆبوونەوەی نائاسایی گرێ دا. یاریدەدەری ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپا فێدریکا مۆگەرینی لە کۆبوونەوەکەدا وتی، هێرشەکە بە سوودی داعش دەبێت.

یاریدەدەری سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا و نوێنەری باڵای پەیوەندییەکانی دەرەوە و ئاسایش، فێدریکا مۆگەرینی لە پەرەلمانی ئەوروپا لە کۆبوونەوەی نائاسایی لەبارەی هێرشە داگیرکارییەکەی دەوڵەتی تورک قسەی کرد.

مۆگەرینی ئاماژەی بەوە کرد، هێرشەکانی تورکیا هەرێمەکە نائارام دەکەن و ڕایگەیاند، کورد لە ناوچەکە ئارامی ڕادەگرن.

مۆگەرینی باسی لەوەش کرد، دەیانەوێت لەژێر چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکان دۆخێکی دیموکراتی دروست ببێت و بۆ ئەوەش هەم ٢٨ ئەندامی یەکێتی ئەوروپا و هەم ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش-ی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەوڵدان بۆ دەستوەردان لە دۆخەکە.

مۆگەرینی ڕایگەیاند، هێرشی تورک لەوانەیە دۆخی دراماتیک لە سوریا دراماتیکتر بکات و وتی: "دەستێوەردانێکی وەهایە کاریگەرییە نەرێنییەکانی نەک تەنیا مرۆیی دەبن، بەڵکو کاریگەری نەرێنی سیاسی و ستراتیژیشی لێ دەکەوێتەوە".

مۆگەرینی ڕایگەیاند، داوا لە تورکیا دەکەن دەستبەجێ کۆتایی بەو هێرشە سەربازییە یەکلایەنە بێنن و وتی، ئەو هێرشە هەڕەشە لە سەرکەوتن دژی داعش دەکات.

مۆگەرینی ڕاشیگەیاند، هێرشەکە دەتوانێت پەیوەندی هاوپەیمانی نێونەتەوەیی لەگەڵ هێزە هەرێمییەکان بە تایبەتی لەگەڵ کورد بخاتە دۆخێکی کێشەدار و ئاماژەی بەوە کرد ئەو هێرشە لە سوودی داعش بێت.

مۆگەرینی وتیشی، "ئێستا داعش لە هەرێمەکە تەنیا نییە، هەڕەشە لە یەکێتی ئەوروپا و دونیا دەکات" و ڕایگەیاند، ئەوان ئاگاداری ئەوەن تورکیا لە ئاستی ناوەڕاستدا دەیەوێت چی بکات.

'نابێت مافی گەلە خۆجێیەکان پێشێل بکرێت'

مۆگەرینی وەبیری هێنایەوە یەکێتی ئەوروپا بۆ پەنابەرانی سوریا لە تورکیا، بە ٣ ملیار یۆرۆ هاوکاری تورکیای کردووە و وتی، "پێشێلکردنی مافەکانی کۆمەڵگە خۆجێیەکان لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا مایەی قەبوڵکردن نییە".

مۆگەرینی ئاماژەی بەوەش کرد، کۆتاییهێنان بە هێرشە سەربازییەکان لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئامانجی یەکەمیانە و ئاماژەی بەوەش کرد، دەبێت قورسایی بدەنە سەر دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەک لەژێر کۆنترۆلی یەکێتی ئەوروپادا.

مۆگەرینی ڕاشیگەیاند، بۆ کۆبوونەوەی وەزیرانی کاروباری دەرەوە یەکێتی ئەوروپا کە دووشەممە لە لۆکسامبۆرگ بەڕێوەدەچێت، داوا لە نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سوریا کراوە بەشداری بکات.

مۆگەرینی هەروەها ئەوەشی وەبیر هێنایەوە کە یەکێتی ئەوروپا ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆ بوونەتەوە. مۆگەرینی ئاماژەی بەوەش کرد گۆرینی دیمۆگرافی لە هەرێمەکە قبوڵ ناکەن.

ف.ق