میر تەحسین بەگ رابەری رۆحانیی ئیزدییەکان کۆچی دوایى کرد

میر تەحسین بەگ رابەری رۆحانیی ئیزدییەکان ماوەى هەفتەیەک بوو بەهۆی خراپیى باری تەندروستییەوە لە شاری هانۆڤەری ئەڵمانیا لە ژێر چاودێریى پزیشکدا و ئەمڕۆ بەهۆی نەخۆشییەوە لە تەمەنی ٨٦ ساڵیدا کۆچی دوایى کرد.

میر تەحسین بەگ سەرۆکى ئەنجوومەنى باڵاى ئێزدییەکان سەرلەبەیانیى ئەمڕۆ لە نەخۆشخانەیەک لە هانۆڤەری ئەڵمانیا کۆچی دوایى کرد. بنەماڵەکەى و رێکخراوە ئێزدییەکان بۆ ماوەى ٣ رۆژ لە هانۆڤەر پرسەی بۆ دادەنێن.

حازم میر تەحسین بەگ کوڕی میر تەحسین بەگ رایگەیاند، تەرمی باوکی لە باشووری کوردستان بە خاک دەسپێرن.

وەزارەتى دەرەوەى عێراق لەبارەى کۆچی دوایى میر تەحسین بەگەوە رایگەیاندووە "بە غەمبارییەوە هەواڵی کۆچی دوایى میر تەحسین بەگمان بیست".

میر تەحسین بەگ دواى ئەوەى سەید بگ لە ساڵی ١٩٤٤دا کۆچی دوایى کرد، بوو بەمیری ئێزدییەکان.

میر تەحسین بەگ سەرۆکى ئەنجوومەنى باڵای رۆحانی ئێزدییەکان ماوەیەک بوو لە ژێر چاودێریى پزیشکدا بوو لە رۆژی هەینى رابردووشەوە لە کۆمادا بوو.

میر تەحسین بەگ ماوەیەکى دوور و درێژ لە زێد و وڵاتى خۆی دوورخرابووە و لە دوورخراوەیەدا ژیانى بەسەر دەبرد. ٢ جار هەوڵی تیرۆرکردنى دراوە، جارێکیان لە ساڵی ١٩٩٢ و جارێکیتریشیان لە ساڵی ٢٠٠٤ دا، بەڵام هەر دوو جارەکە لەو هەوڵە تیرۆرکارییانە زرگاری بووە.

ر.م