مەشەدە داوا لە کوردستانیان دەکات بەشداری لە چالاکییەکانی دژ بە پیلانگێڕیدا بکەن

ئەنجوومەنى شەنگال لە دەرەوەى وڵات (مەشەدە) پیلانگێڕیى ٩ی تشرینی یەکەمی ئیدانە کرد و داواى لە کوردستانیان کرد بەشداریى چالاکییەکانی ئیدانەکردنى ئەو پیلانگێڕییە ببن.

ئەنجوومەنى شەنگال لە دەرەوەى وڵات (مەشەدە - MŞD) بە بۆنەى ساڵیادی پیلانگێڕیى ٩ی تشرینى یەکەمەوە راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە و لە راگەیاندراوەکەیدا پیلانگێڕییەکەى ئیدانەکردووە و داواى لە هەموان و کوردستانیان کردووە بەشداریى چالاکییەکانى ئیدانەکردنى ئەو پیلانگێڕییە ببن.

لە راگەیاندراوەکەى مەشەدەدا هاتووە:

"سەرەتا پیلانگێڕیى دژ بە رێبەر ئاپۆ بە توندی ئیدانە دەکەین. پیلانگێڕیى نێودەوڵەتى لە کەسایەتیى رێبەر ئاپۆدا لە دژی بزووتنەوەى ئازادی، گەلی کورد و گەلانى رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجامدراوە. هێزە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئەوەى مانەوەى خۆیان لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا هەمیشەیى بکەن بەو پیلانگێڕییە نێودەوڵەتییە رێبەر ئاپۆیان دیلکرد.

کۆمەڵگەى ئێزدی دوای ٧٣ فەرمان بە فەلسەفە و پارادیگمای رێبەر ئاپۆ مێژووی ئێزیدی بوونیان سەرلەنوێ نووسییەوە. بە بەرچاوی جیهانەوە خواستیان بە دەستى داعش کۆمەڵگەى ئێزدی بسڕنەوە، بەڵام لەبەر ئەوەى ئێزدی بوون لەسەر بنەمای پارادیگمای رێبەر ئاپۆ خۆی بە رێکخستن کرد پلانی هێزە پیلانگێڕەکانیان پووچەڵ کردەوە. پارادیگمای رێبەر ئاپۆ هیوای هەموو گەلانى بندەستە لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا.

لە دوورگەى ئیمراڵی گۆشەگیرییەکى دژ بە مرۆڤایەتى لە دژی رێبەر ئاپۆ بەڕێوەدەچێت. بۆ تێکشکاندنی ئەو گۆشەگیرییە داوا لە هەموو کوردستانیان، گەلی ئێزدی و دۆستانیان دەکەین کە بەشداری چالاکییەکان ببن و لە ساڵیادی پیلانگێڕییەکەدا بڕژێنە سەر شەقامەکان.

داواش لە رێکخراوی جیهانیى دژ بە ئەشکەنجە (CPT) و ئەنجوومەنى ئەوروپا دەکەین بە ئەرکەکانى خۆیان هەستن و لە دژی ئەو گۆشەگیرییەوە دەستبەکار بن".

ر.م