مەشەدە پۆستى سەرۆک کۆماریى لە بەرهەم ساڵح پیرۆز کرد

مەشەدە لە پەیامێکدا هەڵبژاردنی دکتۆر بەرهەم ساڵحی بۆ پۆست سەرۆک کۆماریى عێراق پیرۆز کرد.

ئەنجوومەنى شەنگال لە دەرەوەى وڵات (مەشەدە - MŞD) لە پەیامێکدا هەڵبژاردنى بەرهەم ساڵحی بۆ سەرۆک کۆماری نوێى عێراق پیرۆز کرد و رایگەیاند، هیوادارن ئەو هەڵبژاردنە ببێتە هۆی دروستبوونى عێراقێکى دیموکراتیک و ئارام. مەشەدە ئەوەشی بە بیرخستەوە، کە بۆ خۆبەڕێوەبەریى شەنگال و دروستکردنى هەرێم دەست بە هەوڵ بکات.

لە پەیامەکەى مەشەدەدا هاتووە: "ئێمە وەک ئەنجوومەنی شەنگال لە دەرەوەى وڵات (مەشەدە - MŞD) هەڵبژاردنی جەنابتان بۆ سەرۆک کۆماری عێراق بە دڵخۆشی و بە دڵێکى گەرمەوە پیرۆز دەکەین.

ئێمە هیوادارین کە ئەو هەڵبژاردنە ببێتە هۆی دروستبوونى عێراقێکى دیموکراتیک و ئارام. هیوای کۆمەڵگەى ئێزدی ئەوەیە کە لە خولی جەنابتاندا ماددەى ١٤٠ی دەستوور و هەموو کێشەکانى تر لە نێوان هەرێمى کوردستان و بەغداد لەسەر بنەمای دەستووری عێراق چارەسەر بکرێن.

بەپێ دەستووری عێراق و لە مادەکانى ١١٦-١١٩-١٢٥ دا هاتووە، ئەگەر کۆمەڵگەیەک یان گەلێک کە لە چوارچێوەى سنووری ماددەى ١٤٠دا دەژین، مافە بنەڕەتییەکانیان پێشێلکرا و قڕکران، مافی ئەوەیان هەیە خۆبەڕێوەبەری رابگەیەنن و مافی ئەوەیان هەیە، کە بڕیار لە مافی چارەنووسی خۆیان بدەن.

پەرلەمانى یەکێتیى ئەوروپا لە ٤ی ٧ی ٢٠١٨دا بۆ خۆبەڕێوەبەریى ئێزدییەکان و سوریانەکانى دەشتى نەینەوا بڕیارێکى باشی دەرکردووە. لەبەر ئەوەى، کە لەو کاتەدا هێشتا حکومەتى نوێى عێراق دانەمەزرابوو تاوەکو ئێستا حکومەتی بەغدا لەوبارەیەوە هیچ هەنگاوێکى هەڵنەگرتووە.

ئێمە داوا دەکەین کە حکومەتى نوێی عێراق لەسەر ئەو بابەتە راوەستێت و بە خێرایى بڕیارەکەى پەرلەمانى ئەوروپا بۆ خۆبەڕێوەبەریى شەنگال بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە و هەرێمەکە سەرلەنوێ ئاوەدان بکرێتەوە تاوەکو گەلەکەمان بگەڕێتەوە سەر خاک و ماڵ و حاڵی خۆی".

ر.م