نامەی دیاری کوردی بۆ سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا

دیاری کوردی ئەو کوردەی کە چەند ڕۆژ لەمەوبەر خۆی خستە بەردەم کاروانی ئۆتۆمبێڵەکانی بۆریس جۆنسۆن سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، نامەیەکی بۆ جۆنسۆن نارد.

دیاری کوردی لە نامەکەیدا باسی ئەوە دەکات کە مەبەستی نەبووە ببێتە مایەی دوودڵی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و لەگەڵ ئەوەی کە داوای لێبۆردنی کردووە، بەڵام مەبەستی ئەو کردەوەیەی ڕۆنکردووەتەوە کە هەوڵیداوە سەرنج بخاتە سەر هێرشە داگیرکەریەکانی تورکیا بۆ سەر کوردستان و کردەوەکانی ئەردۆغان و ئاکەپە.

ناوەڕۆکی نامەکەی دیاری کوردی بۆ سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بەم شێوەیەیە:

"بەرێز سەرۆک وەزیران

چەند رۆژێک لەمەوبەر بەخێرای ھاتمە بەردەم ئۆتۆمبیلەکەت و بێ ئەوەی مەبەستم بێت بوم بە ھۆی ئەوەی لە پشتەوە لێی بدرێت.

ئاستی مەترسیداری کردارەکەم ئەزانم و ھیوادارم ھیچ زیانێکی جەستەیت پێ نەگەیشتبێت و داوای لێبوردن ئەکەم. من خۆم شەوی پاشترم لە ژورێکی بەندیخانە بەسەر برد کە زۆر نارەحەتە بۆ کەسێکی تەمەن 59 ساڵە و ئازاری دوورماوەی پشتیشی ھەبێت.

پێم وایە پێویستە داوای لێبوردنت لێ بکەم و بۆت روون بکەمەوە چی وای لێم کرد کارێکی وا سەرەڕۆ بکەم و لە بەرمبەردا ھیوادارم ئیوەش ئەوەندە بەخشندە بن ھەندیک شت بۆ من روون بکەنەوە.

من دڵنیام کە تۆ ئەزانی گەلی کورد کە ژمارەیان نزیکەی ٤٥ ملیۆن کەسە قوربانی خیانەتێکی مێژووین و مافی بە دەوڵەت بونیان لێ زەوت کراوە.

بە درێژایی سەدەی رابردوو دڕندانە سەرکوتکراون و لە ئێستادا دووجاری چەوسانەوە و ئازار و ھێرشێکی ترسناک بوونەتەوە، لە سەر دەستی دەوڵەتی تورکیا.

پێمان وایە کە ئۆردوغانی سەرۆکی تورکیا لە ھەوڵی ئەوەدایە بە زەبری ھێز داواکاریە سیاسیەکانی کورد بۆ ئازادیە بنەڕەتیەکان بنبڕ بکات بەر لە کۆتایی١٠٠ ساڵەی ساڵوەگەری ریککەوتنی لۆزانی «١٩٢٣» لە ٢٠٢٣. ھەمان ئەو رێککەوتنەی کە لە کاتی ئامادەکردنیدا پابیرەگەورەت عەلی کەمال بەگ دڕاندانە کوژرا.

دەیەھا ھەزار کورد زیندانی کراون لە تورکیا کە ژمارەیەکیان شاردار و ئەندام پەرلەمانی ھەڵبژێراون.

وەک کۆمەڵکەی کورد لە شانشینی یەکگرتوو ھەموو رێگایەکمان گرتە بەر بۆ راکێشانی سەرنجی جیھان بۆ تاوانەکانی تورکیا دژی کورد، نامەمان نارد، واژومان کۆکردەوە و ناردمان و لۆبی ئەندام پەرلەمانەکانمان کرد و پەیوەندیمان کرد بە رۆژنامەنوسانەوە. پێدەجێ ھیچی کار نەکات و دەنگمان بە گوێی کەس ناگات و بێ نەواین و ھەندێک جاریش وەک کۆمیونتیەکی تاوانبار چاومان لێ ئەکرێت.

ئەو رۆژەی کە ھاتمە بەردەمی ئۆتۆمبیلەکەت تەنھا مەبەستم ئەوە بوو گوێم بۆ بگری.

بەر لە چەند رۆژێک جارێکی تر تورکیا ٨١ شوێنی لە باشوری کوردستان بۆمباران کردووە کە زێدی منە. کەمپی مەخموری بۆمباران کرد کە کەمپێکی بەنابەرانی کوردانی ھەڵھاتوی دەستی تورکیایە لە ساڵەکانی نەودەکانەوە و UNCHR چاودێری ئەکات.

شەنگالێ زێدی ئێزدیەکانی کرد بە ئامانج ئەو شوێنەی کە ئێزدیەکانی رزگاربوی ھێرشەکانی داعش لە ھەوڵی بنیاتنانەوەی ژیانی خۆیاندان.

لە سوریا کوردەکان ئازایانە جەنگان و قوربانی زۆریان دا بۆ تێکشکاندنی داعش، بەڵام کاتێک لە ئازاری ساڵی ٢٠١٨ تورکیا لەشکرکێشیکرد بۆ سەر باکوری سوریا بۆ ھێرشکردنە سەر کوردەکان تۆ بەرگریت لە کردارەکەی تورکیا کرد و گوتت:

«تورکیا مافی خۆیەتی ئاسایشی سنورەکانی بپارێزێت»

بەڵام خۆ کوردەکانی سوریا ھەرگیز ھەڕەشە نەبوون بۆ سەر سنوری تورکیا!.

کوردەکان بەردەوام خوازیای چارەسەرێکی ئاشتیانەن بۆ دۆزی کورد.

ئەو گوتارەی تۆ بەڕاستی چێگای داخێکی زۆر بوو و خەنجەرێک بوو لە پشتمان درا. ١١ ھەزار گەنجی کورد گیانیان بەخشی لە چەنگی دژی داعش تا شەقامەکانی تۆ ئاسایش بن و بەرگری لە بوونی خۆمان بکەین (ھەشت گەنجی بەریتانی لە گەڵ ھێزەکانی ئێمە گیانیان بەخشی کە مایەی شانازی زۆری ئێمەن).

ساڵی پار لە ١٤ی ئوکتۆبەر لە ھێرشێکی درۆن بۆ سەرکاروانێکی ئاشتی لە نزیک شاری سەرێ کانی ١٤ کەسی سفیل و ٣ ژۆرنالیست کوژران ھاوکات لەگەڵ لەشکرکێشی ناڕەوای تورکیا بۆ سەر رۆژئاڤا بە ھەمڕایی گروپە تیرۆریستیەکان.

ھێزی ئاسمانی رۆڵێکی بزۆر کاریگەریان ھەبوو لە ھێرشە کوشندەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاڤا کە دواتر تاوانی چەنگ و ئیعدامی ھۆفانەی لێکەوتەوە و بوو بەھۆی ئاوارەکردنی زیاتر لە ٣٠٠ ھەزار کەس کە زۆربەیان کوردن.

ھەمان ئەو رۆژەی ھاتمە بەردەم ئۆتۆمبیلەکەت، کەمپینی ھاوکاری کوردستانی (Kurdistan solidarity Campaign) وڵامی حکومەتەکەی تۆی بۆ پرسیارێکی پەرلەمانی پێگەیشت کە ئەندام پەرلەمان کەیت ئۆزمەر (Cate Osamor) ئاراستەی حکومەتی کردبوو، تیایدا جەختتان لە سەر ئەوە کردۆتەوە پارچەی درۆن ھەناردە ئەکەن بۆ بەکارھێنانی لەلایەن سوپای تورکیاوە کە بەرھەمی کۆمپانیای EDO MBM Technology Ltd ە لە شاری برایتن .

ئەزانین کە ئێوە بەردەوام چەکی جۆراو جۆر ئەفرۆشن بە تورکیا.

بۆیە گەیشتمە ئەو ئەنجامگیریەی کە تۆی سەرۆک وەزیران وەک دەستەڵاتی باڵا لە شانشینی یەکگرتو بەشداری لە ھەوڵی جینۆسایدی گەلەکەم، گەلی کورد.

خەڵی بێتاوان ئەبنە قوربان و شانشینی یەکگرتو بەشدارە لە تاوانەکان.

لە کاتێکدا تۆ و ھاوڵاتیانت شەوانە منداڵەکانتان لە سەر دەنگی باڵندەکان ئەخەوێنن منداڵانی ئێمە گوێیان لە دەنگی بۆمبایە و دڵەڕاوکێی ئەوەیانە کامیان ئەکەوێ بەسەر ئەواندا.

لەکاتێکدا تۆ و ھاوڵاتیانت بە دڵنیای لە ماڵەکانتان ژیان بەسەر ئەبەن ، گەلەکەی من لە کەمپەکانی پەنابەران ئەژین لە قوڕاوێکی سیاسی خنکێنەردا، نازانن کەی منداڵێکی تریان و خوشک و براکانیان و دایک و باوکیان ئەبن بە قوربانی کردارە ھۆفانە و نامرۆڤانەکانی حکومەتی تورکیا.

ئێمە داوای زۆر ناکەین، تەنھا ژینگەیەکی ئاسایی بۆ منداكەکانمان و گەلەکەمان.

کورد بەرامبەر مەترسیدارترین تیرۆریستانی جیھان جەنگا و بەزاندی بۆ ئێوە, خزمەتێکی گەورەی جیھانمان کرد. بەڵام ئێستا ماندوین, وەک ئەو جەستە ماندوەی ئەو رۆژە فڕێمدایە بەردەمی کاروانەکەت.

کورد ماندو بوین لەوەی بەکارمان بێنن کاتێک کە پێویستتان پێمان بێت و دەستبەرداری گیانمان بن کاتێک کە دەستکەوتێکی مادی زیاترتان دەست بکەوێت لە تۆرکیاوە .

ئەمە بێشەرەفیە، چۆن ئەتوانی ھەست بە برزەیەک کەرامەت بکەیت کە ئەم کارە لەگەڵ ئێمە ئەکەی.

باپیرەگەورەی تۆ، عەلی کەمال بەگ، تورکە نەتەوەپەرستەکان بە درەخەتێکدا ھەڵیانواسی لە کاتی گفتوگۆی رێکەوتنامەی لۆزان ی ١٩٢٣.

پیاوێکی بە شەرەف بوو، شێلگێڕانە دژی جینۆسایدی ئەرمەنەکان وەستایەوە کە نرخەکەی ژیانی بوو. ئەو دژی کەمال ئەتاتورک و عیسمەت ئێنۆنۆ وەستایەوە کە دواتر ھەمان سیاسەتی جینۆسایدیان دژی کورد پیادەکرد.

لە بڕوایەدام ئەگەر باپیرت ئێستا لە ژیاندا بوایە شێلگێڕانە بەرگری لە کورد ئەکرد.

ئێستا تۆ سەرۆک وەزیرانی وڵاتێکی مەزنی کە ماڵی زیاتر لە ٥٠ ھەزار ھاوڵاتی کوردیشە، ھەمویان وەک من رۆژێک ناچار بوون ماڵ و زێدی خۆیان جێبھێڵن لە ئەنجامی چەنکی تورکیا و عیراق و سوریا بۆ سەرمان.

من تەنھا کابرایەک نیم خۆێ فڕێدابێتە بەردەمی ئۆتۆمبیلەکەت. من کوردێکم ، ھاوسەرم ھەیە و باوکم وەک تۆ و داوات لێ ئەکەم چیتر پشت لە کورد نەکەی.

قینێکی قوڵی کۆمەڵایەتی ھەیە لە تورکیا دژی کورد چونکە بەردەوام بەرگریان لە شۆناسی خۆیان کردووە دەستیان پێوە گرتووە و دەستەمۆی سیاسەتی تواندنەوەی شۆناسی ئەتاتورک نەبوون.

دەوڵەتی تورک ئێمە بە تیرۆریست و تاوانکار ئەژمار ئەکات تەنھا لەبەر ئەوەی دەستمان بە شۆناس و زمان و کولتوری خۆمانەوە گرتووە.

وەک نیشتمانپەروەرێکی بریتانی ھەستت چۆن ئەبێت ئەگەر شۆناسی نەتەوەیت سەرکوتکرا بێ ئەوەی ھەڵەیەکت کردبێت.

کورد گەلێکن شانازی بەخۆیانەوە ئەکەن، سادەلەوحیە داوا لە ھەر گەلێک بکرێت «دەوڵەتی ھەبێت یا نا » دەستبەرداری زمان و کولتورەکەی بێت.

تورکیا لافی ئەوەلێئەدا کە ھەندێ مافی سنورداری داوە بە کورد لە ناو تورکیا، لە راستیدا پکک شێلگێڕانە خەباتی کردووە بۆ مافە سنوردارانە.

دادگای باڵای بەلجیکا دوای گوێگرتن لە تەواوی بەڵگەکانی دەوڵەتی تورک لە سەر تیرۆریست بوونی پکک، داواکەی رەتکردەوە و ئەرگومێنتەکەیانی بە پڕوپاگەندەیەکی ھەرزان وەسفکرد.

دادگار بڕیاری دا بە دەرکردنی پکک لە لیستی رێکخراوە قەدەغەکراوەکان ، داوات لیئەکەم ئێورش ھەمان شت بکەن.

سەرۆک وەزیرانی بەرێز، ھۆی پشتی کردارەکانی خۆمم بۆت روونکردەوە. ھیوادارم ئەوەندە بەخشندە بیت تۆش روونکردنەوە بدەیت لە سەر سیاسەتی حکومەتەکەت لەمەڕ ئەو بابەتانەی ئاماژەم پێدان.

کورتەی پرسیار و داواکاریەکانم:

. بۆ بەردەوامی لە فرۆشتنی چەک بە تورکیا سەرباری ئەوەی ئەزانیت کە دژی کورد بەکاری ئەھێنێت؟

. بۆحکومەتەکەت خەڵکی کورد بە تاوانکار ئەژمار ئەکات تەنھا لەبەر ئەوەی داوای مافەکانی خۆیان ئەکەن؟

. تکایە چاو دامەخە لە ئاست تاوانە بەردەوامەکانی تورکیا بەرامبەر کورد.

. تکایە پۆست و ئۆفیسەکەت بەکار بھێنە بۆ بەرەوپێشبردن و ھاندانی چارەسەرێکی ئاشتیانە بۆ دۆزی کورد.

.تكايە شوێنپێی سەرۆک وەزیرانی پێشو جۆن مەیجەر ھەڵگرە کە ناوچەی ئارامی بۆمان چێکرد لە باشوری کوردستان «باکوری عیراق» و ھەمان کار بکە بۆ باکوری سوریا.

. لە یادت نەچێت کە کورد یارمەتیان دای کە بەزاندنی داعش و لەبەرامبەردا تکایە رێگا مەدە بە بەردەوامبوونی ئەم دۆخە.

.تکایە رێز لە یادەوەری باپیرەگەوەری خۆت بنێ کە چەورە و چەقۆکێشە تورکە رەگەزپەرستەکان بە دڕندانەترین شێواز کوشتیان لەسەر بەرگریکردن لە ئەرمەنەکان.

پێم وایە ئەرکێکی مێژوویت لەسەر شانە، تورکیا مەترسیەکی گەشەکردووە نەک تەنھا بۆ کورد بەڵکو بۆ یەکیەتی ئەروپا و ناتۆ و جیھان بەگشتی. کورد زۆر سوپاسگوزار و بەئەمەک ئەبن ئەگەر کارە دروستەکە بکەیت.

بوارم بدە بە جارێکی تر داوای لێبوردن کۆتای بەنامەکەم بھێنم بۆ روداوە نەخازراوەکەی ئەو رۆژە و ھیوادارم ھیچ زیانێکت بەر نەکەوتبێت. بەڵام پێم وایە ھاوڕای لەگەڵم کە بابەتی گەورەتر ھەن پێویستە مامەڵەی لەگەڵ بکەین."

وەرگێڕان: نەوزاد شوانی