ناوی ئۆپەراسیۆنە نوێکەى دەوڵەتى تورک بۆ داگیرکەرى؛ "رێڕەوی ئاشتی"

رژێمى تورک بۆ داگیرکردنى رۆژئاوواى کوردستان کەوتووەتە دواى ئەو ناوانە کە گوایە دەیەوێت ئاشتى لە هەرێمەکەدا بچەسپێنێت. ئەمجارە ناوی ئۆپەراسیۆنە داگیرکەرییەکەى بۆ سەر رۆژئاوا و پلانی نوێى شەڕەکەیان ناو ناوە "رێڕەوی ئاشتی".

کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى ئاسایشی نەتەوەیی تورک (مەگەکە - MGK) بە سەرۆکایەتیى سەرۆک کۆماری تورک رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ ماوەى ٦ کاتژمێر بەردەوامیى هەبوو.

کورد کراوەتە ئامانج

دواى کۆبوونەوەکە راگەیاندراوێکى ٤ خاڵی بڵاوکرایەوە و ٣ خاڵیان کوردی کردووەتە ئامانج.

بەپێى راگەیاندراوەکە لە کۆبوونەوەکەی مەگەکەدا بڕیاردراوە هەم لە ناوخۆ و هەم لە دەرەوە بەردەوام بن لە هێرشەکانیان لە دژی کورد لە ژێر ناوی "پەکەکە/پەیەدە و یەپەگە"دا.

ئەوەشیان راگەیاندووە، بەردەوام دەبن لە داگیرکەرییەکەیان لە باشووری کوردستان. هەروەها ئەو چالاکییەی هەولێر، کە ئەندامە میتەکەى کۆنسوڵخانەى تورکی تیادا کوژرا، بووەتە رۆژەڤیان.

لە راگەیاندراوەکەدا توڕەیى و بێزاریى خۆیان لە دژی دەرهێنانى ناوی سیاسەتمەدارانى کورد لە لیستى ئینتەرپۆل (پۆلیسی نێودەوڵەتى) دا خستووەتەڕوو. رژێمى تورک رایگەیاندووە، دەرهێنانى ناوی چەندین کەس لە لیستى سووری ئینتەرپۆل دا زیان بە ئامانجی دامەزراندنى ئینتەرپۆل (ÎNTERPOL) دەگەیەنێت.

لە کۆبوونەوەکەى ئەنجوومەنى ئاسایشی نەتەوەیى تورک دا نیازی داگیرکەرییان لە دژی فیدراسیۆنى رۆژئاوا /  باکور و رۆژهەڵاتى سوریا خستووەتەڕوو. بە گوێرەى راگەیاندراوەکەیان لە ژێر ناوی "ئاسایشی سنوور" دا "رێڕەوی ئاشتی" دروست دەکەن.

رژێمى تورک پێشتریش لە هێرشە داگیرکەرییەکانیدا چەمکی ئاشتیى بۆ شەڕە چەپەڵەکانى خۆی بەکارهێنابوو. یەکێک لە تاڵانکاری و تاوانکارییەکانى جەنگی خۆیان ناو نابوو "چڵە زەیتون".

ر.م