ناڕەزایەتى و خۆپیشاندان لە دژی سەردانەکەى ئەردۆغان بۆ ئەڵمانیا بەردەوامە

ناڕەزایەتى و خۆپیشاندانى جەماوەری لە دژی سەردانەکەى ئەردۆغان بۆ ئەڵمانیا بەردەوامیى هەیە. خۆپیشاندەران داوا دەکەن ئەردۆغان وەک تاوانباری شەڕ دادگایى بکرێت و بانگهێشتکردنیشی بۆ وڵاتە ئەوروپییەکان ئیدانە کرا.

لە بەردەوامیى خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان لە دژی ئەردۆغان و سەردانەکەى بۆ ئەڵمانیا لە شارەکانى گیسن و ساربروکنی ئەڵمانیا و لە شاری جنێڤى سویسرا زنجیرە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەک بەڕێوەچوون.

گیسن

کوردستانیان و دۆستەکانیان لە شاری گیسنی ئەڵمانیا لە دژی گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەرى گەلی کورد و بۆ ئیدانەکردنى سەردانەکەى تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ ئەڵمانیا خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییان ئەنجامدا.

خۆپیشاندانەکە لەلایەن پلاتفۆرمی یەکگرتنى عەفرینەوە رێکخرابوو. خۆپیشاندەران بە بەرزکردنەوەى پۆستەری "دارستانی کوردەکان دەستوتێنرێن، کوردستان خاپوور دەکرێت" بە زمانى ئەڵمانی خۆپیشاندانەکەیان ئەنجامدا.

خۆپیشاندەران بە زمانەکانى کوردی و تورکی و ئەڵمانی بە بەردەوامى و بە دەنگى بەرز دروشمەکانى "بکوژ ئەردۆغان"، "بژی سەرۆک ئاپۆ"، "حیزبەکەمان پەکەکەپە" دەوتەوە و هاوکاتیش ئاڵاکانى یەپەگە، یەپەژە و تەڤدەمیان بەرزکردبوویەوە.

لە دواى خوێندنەوەى راگەیاندراوى چالاکییەکە کۆتایى بە چالاکییەکە هات.

ساربروکن

لە شاری ساربروکن-یش سەردانەکەى ئەردۆغان بۆ ئەڵمانیا ئیدانە کرا. چالاکیى ئیدانەکردنى سەردانى ئەردۆغان لە بەردەم بیناى ئەوروپا گەلەری لە کاتژمێر ١٦:٠٠ بۆ ١٨:٠٠ بەڕێوەچوو و سەدان راگەیاندراو لە دژی ئەردۆغان و تاوانەکەى خۆی و رژێمەکەى بڵاوکرایەوە.

هەروەها لە ئێوارەى ئەو رۆژەدا کۆبوونەوەیەکى تر رێکخرا. لە کۆبوونەوەکەدا دەخیل ئیبراهیم بە ناوی ناوەندی کۆمەڵگەى دیموکراتیکى کورد وتەیەکى پێشکەش کرد و رایگەیاند، تاکە ئامانجی ئەردۆغان ئەوەیە کە گەلی کورد بسڕێتەوە.

فیکرەت ئیگرەک هاوسەرۆکى ئەنجوومەنى شەنگال-یش بە ئەڵمانى وتەیەکى پێشکەش کرد و هاوکاریى دەوڵەتى ئەڵمانیاى بۆ دەوڵەتى تورکیا ئیدانە کرد.

هەروەها زولفو چامکران بە ناوی کۆنگرەى دیموکراتیکى گەلان لە ساربروکن لە وتەیەکەیدا هەڵوێستى حکومەتى ئەڵمانیاى ئیدانەکرد و وتى "ئێوە لەبەر جێبەجێکردنى داواکانى ئەردۆغانى دیکتاتۆر لە بەرامبەر مێژوودا شەرمەزار دەبن".

جنێڤ

لە شار جنێڤى سویسراش سەردانى ئەردۆغان ئیدانە کرا. کوردستانیان و دۆستەکانیان لە مۆنت بالانس کۆبوونەوە و چالاکییەکیان بۆ ئیدانەکردنى ئەردۆغان بەڕێوەبرد. لە چالاکییەکەدا هەم دەوڵەتى ئەڵمانیا و هەم ئەردۆغان ئیدانەکران و سەدان راگەیاندراو بە زمانی فەرەنسی لەسەر ئەردۆغان و تاوانەکانى و پشتیوانییەکانى دەوڵەتى ئەڵمانیا لە سیاسەتە دیکتاتۆرانەکەى ئەردۆغان بڵاوکرایەوە.

لە چالاکییەکەدا وێنەکانى عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و ئاڵاکانى یەپەگە و یەپەژە بەرزکرانەوە. چالاکوانان رایانگەیاند، پێویستە ئەردۆغان لەسەر تاوانى جەنگ دادگایى بکرێت. ئەوەش قبوڵ ناکرێت ئەردۆغان لەلایەن دەوڵەتێکى ئەوروپییەوە پێشوازی و پشتیوانیى لێبکرێت.

لە چالاکییەکەدا دروشمەکانى "بکوژ ئەردۆغان" و "ئەڵمانیا پشتیوانی دەکات و تورکیاش لە کورد دەدات" بە بەردەوامى و بە دەنگى بەرز دەوترانەوە.

ر.م

لە بەرلین خۆپیشاندانێکی جەماوەری لەدژی سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ ئەڵمانیا بەڕێوە چوو

https://anfsorani.com/%DA%95%DB%86%DA%98%D8%A7%D9%86%DB%95/%D9%84%DB%95-%D8%A8%DB%95%D8%B1%D9%84%DB%8C%D9%86-%D8%AE%DB%86%D9%BE%DB%8C%D8%B4%D8%A7%D9%86%D8%AF%D8%A7%D9%86%DB%8E%DA%A9%DB%8C-%D8%AC%DB%95%D9%85%D8%A7%D9%88%DB%95%D8%B1%DB%8C-%D9%84%DB%95%D8%AF%DA%98%DB%8C-%D8%B3%DB%95%D8%B1%D8%AF%D8%A7%D9%86%DB%95%DA%A9%DB%95%DB%8C-%D8%A6%DB%95%D8%B1%D8%AF%DB%86%D8%BA%D8%A7%D9%86-%D8%A8%DB%86-%D8%A6%DB%95%DA%B5-5681

................