«نه‌ورۆز واته‌ گردبوونه‌وه‌ی جڤاكی»

«نەورۆز واتە گردبوونەوەی جڤاکی، خۆ تەیارکردن و ئامادەبوون. واتە کۆشان بۆ پێشەڕۆژێکی گەش بۆ خۆت و دەوروبەر. پەیامێکە لە دێر زەمانەوە لە تۆ دەگەڕێت... وێڵی مەکە.»

تۆژەرانی مێژووی هزر و ڕامانی مرۆڤ، دید و بۆچوونی جیاوازیان دەربارەی باوەڕ، نەرێت، ڕێوڕەسمی فەرهەنگیی گەلان هەیە. چ سەیریش لەو دیاردەیەدا نییە، زانست و هونەری تۆژینەوە، شرۆڤەکاری، هەڵسەنگاندن و پۆلێن و ... هتد بەدەم کاتەوە بەرهەمی نوێ دەنەخشێنن.

لەو بوارەدا چرۆکردنی مێترایی و هەرچی لە مێتراییەوە بە میرات بۆ دونیای ئەمڕۆ دەمێنێتەوە – لە بەستێنی خۆیدا و بۆ کەسانی خۆی – سەنگی تایبەتی هەیە. هەر بۆ نموونە - تۆیش وەک زۆر کەسی دیکە دەزانیت کە - ساڵنامەی کوردی / ئێرانی ... یان هەرچۆنێکی ناودێر دەکەیت، هەم بنەمایەکی زانستیی ئەستێرەناسیی پتەوی هەیە هەم پاشان بەدەم ڕەوتی زەمانەوە بووە سەرشار بۆ ساڵنامەی دیکەی کە ئەمڕۆ لە نێوماندا باون.

مەبەست لە ساڵنامەش رێکخستنی ڕۆژ، هەفتە و مانگە لە نێو ساڵەکەدا، نەک ژمارەی ساڵی هەزار و دوو هەزار و سێ هەزار... ئەمانە سیاسەتی ئەم زەمانەن، سیاسەتی ڕووت.

شەوی نەورۆز سەرەساڵە، شەوی یەڵدا – شەوی زانی مێترایە کە پاشان لە زەمانی ڕۆماندا - کاتێک دین لە مێتراییەوە دەگۆڕن بە مەسیحایەتی - بە کەمێک دەستکارییە دەکرێتە شەوی زانی مەسیح و دەبێتە کریسمیس. لە نێوان ئەو دوو شەوە سروشتییە پیرۆزەدا سەرەتای هاوین و سەرەتای پاییزیش جێژن و ئاهەنگی خۆیان هەیە. 

قەیسەر دینی فەرمیی دەوڵەت لە مێتراییەوە دەکاتە مەسیحایەتی و بەدەم ئەو کارەوە سازمانگەریی مێترایی دەگۆێزێتەوە بۆ کڵێسەی کاتۆلیک.
ئەم باسی نەورۆز و ساڵنامەیە بۆ خۆی دین نییە، وردبوونەوەیە لە گەڕی ئەستێران، ڕامان، بەراورد و زانستە. تۆ بڵێ ئافەرین بۆ ئەو سیستەم و جڤاکەی ئەو دەمە هێندەی لەبار بووە زەمینە بۆ زانستگەی وەها خۆش بکات مرۆڤ – دیسان لەو دەمەدا و لە هەلومەرجی ئەو ڕۆژگارەدا – وەها وردبین ڕۆژوشەو، مانگ و ساڵ خشتەبەند و ناودێر بکات. 

تۆ بڵێی ئەم هەموو هەوڵ و کۆشینەی بۆ سەرگەرمی و شەوچەرە بووبێت؟ من دەڵێم بۆ ڕێکخستنی جڤاک بووە. بۆ دیاریکردنی کات و جێوڕێی گونجاو بووە بۆ ئاژەڵداری و کشتوکاڵ. بۆ ناسینی زەوی و سەرچاوەی ئاو. بۆ تەیارکردنی ماڵبات و خێڵ، بۆ بەرەنگاربوونەی نەهامه‌تیی سروشت و نەیارانی هێرشبەر.
لێرەدا مێتراییەکان بۆ چەسپاندنی سیستەمی جڤاکیی پێویست، گەشە بە هونەری سازمانگەری دەدەن و هزر، هۆش تۆ بڵێ فەرهەنگ دەکەنە پەرژین و سەرخانی ئەو ژێرخانەی دایانڕشتبوو. دێن و و شەوی یەڵدا بۆ مێترا تەرخان دەکەن. نەورۆز دەکەن رۆژی بووژانەوەی سروشت و مرۆڤ، میهرەگانی لێ ده‌جێژنێنن.

ئا ئەمەیە نەورۆز دۆستی هێژا. فەرهەنگێکی زەنگینی هەزاران ساڵەیە نەکەی سازمانگەری و خۆتەیارکردنەکەی بە قسەی پووچی نەیاران هەرزانفرۆش بکەیت. فریوی کەسانی بەدنیاز مەخۆ.
نەیار و بەدنیاز فرەجۆرن، بۆ نموونە: سەلەفیستێکی دڕندە یان ئیخوانچییەکی ساختەچیی ئەردۆغانپەرست گەر دەڵێن گۆیا ئێمەی کافر و جنۆکەپەرست دژی ئەم یان ئەو دین و داستانگەلەین... 

نەورۆز واتە گردبوونەوەی جڤاکی، خۆ تەیارکردن و ئامادەبوون. واتە کۆشان بۆ پێشەڕۆژێکی گەش بۆ خۆت و دەوروبەر. پەیامێکە لە دێر زەمانەوە لە تۆ دەگەڕێت... وێڵی مەکە. ئاوڕێك لە خزمانی باکوور و ڕۆژاوا بدەوە دەزانیت ئەو فەرهەنگە خاوەنی هەیە. بە قسە نا، بە کردەوە. ژنی کورد لەو چێوەدا نەبێت لە کوێی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست مرۆڤە؟ جەوان لەو بازنەیەدا نەبێت لە کوێی ماڵی کوردەواریدا مرۆڤە؟ نەورۆز کۆکردنەوەی هزر و توانای مرۆڤی ئازادیخوازە... فەرموودەی «هەردی»یە: ئازادیخواین... نەورۆز هێمایه‌ بۆ ئازادی.

هەتا خۆر، ژین و ئاگر هەیە نەورۆزتان پیرۆز بێت

s.m