لە ڕاپۆرتی دەستەی تایبەتى نەتەوە یەکگرتوەکان لەبارەی کەسانى بە زۆر بێسەروشوێنکراودا، چوار زیندانیی سیاسی کورد بە ناوەکانی فەرزاد کەمانگەر، شیرین عەلەم هولی، عەلی حەیدەریان و فەرهاد وەکیلی بە کەسانى بە زۆر بێسەروشوێنکراو ناسێنراون.
لەو چوارچێوەیەدا نەتەوە یەکگرتووەکان بەرپرسیارێتیى ئاشکراکردنی چارەنووسی ئەو ٤ کەسە و سەلماندنی بانگەشەی لەسێدارەدانیانی خستە ئەستۆی ئێران و راشیگەیاند، ئەگەر بانگەشەکەیان ڕاست بێت لەبارەى لەسێدارەدانیانەوە، پێویستە شوێنی بەخاکسپاردنەکەیان بە بنەماڵەکانیان ڕابگەیەنرێت.
ئەو دەستەیە لە دانیشتنی ژمارە ١١٨، بەپێی بەڵگەنامەی ژمارە (A/HRC/WGEID/118/1) ٤ زیندانیی سیاسی کوردی لە سێدارەدراوی وەکو بێسەروشوێنکراوی زۆرملێ بە رەسمی پەسەند کرد.
لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە، بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێیانە پێشێلکردنی بەردەوامی مافەکانی مرۆڤە و پەیوەندیی بە تێپەربوونی کاتەوە نییە، تا ئەو کاتەی کەسە بێسەروشوێنکراوەکە نەدۆزرێتەوە، یان چارەنووسی بەتەواوی روون نەبێتەوە لێکۆلینەوەکان لەبارەیانەوە بەردەوام دەبن.
فەرزاد کەمانگەر، مامۆستا و چالاکی مافەکانی مرۆڤ، شیرین عەلەم هولی، فەرهاد وەکیلی و عەلی حەیدەریان، لە ٩ی ئایاری ٢٠١٠ / ١٩ی بانەمەڕ (گوڵان) دوای پرۆسەیەکی دادگاییکردنی پڕ لە پێشێلکاری و سەرباری ناڕەزایی بەرفراوانی جەماوەری کورد و رۆژهەڵاتی کوردستان و ناڕەزایەتییە جیهانییەکان، بە نهێنی و بەبێ ئاگاداری پارێزەر و بنەماڵەکانیان لە دەورووبەری گەراجی زیندانی ئێوین لەسێدارە دران.
دوای تێپەڕبوونی ١٠ ساڵ بەسەر لەسێدارەدانیاندا، هێشتا شوێنی بەخاکسپاردنی ئەو ٤ تێکۆشەرە کوردە بە بنەماڵەکانیان ڕانەگەیاندراوە و تەنات رژێمی ئێران هیچ بەڵگەیەکی لەبارەى لەسێدارەدانیانەوە پێشکەشی دامەزراوە نێونەتەوەییەکان نەکردووە.
ژ.ت