نەمسا: هێرشەکەی سەر چالاکییەکەى کوردان لە ڤییەنا لەلایەن میت و ئاکەپە و مەهەپەوە ئەنجامدراوە

بەرپرسانی حکومەتى نەمسا لەبارەى هێرشە ٤ رۆژیەکە بۆ سەر کوردان و گروپە چەپەکانی تورک لە ڤییەنای پایتەختی نەمسا رایانگەیاند، هێرشەکان لەلایەن میت و رێکخراوەکانى ئاکەپە – مەهەپەوە ئەنجامدراون.

رۆژی ٢٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٠ هێرشەکان دەستیان پێکرد و بۆ ماوەى ٤ رۆژ بەردەوامییان هەبوو، گروپە فاشیستەکانى تورک هێرشیان کردە سەر کوردەکان و لایەنە چەپەکانى تورکیا و لایەنە چەپەکانی نەمسا و لەوبارەیەوە بەرپرسانی حکومەتى نەمسا لێدوانیان دا. کارڵ نیهامێر وەزیری ناوخۆ و سوزان راب وەزیری پێکەوە ژیان و ئاوێتەکردن (ئینتیگرە)  و فرانز ئیگنەر سەرۆکی پۆلیسی ڤییەنا کۆنفرانسێکى رۆژنامەنووسیی هاوبەشیان رێکخست و لەبارەى رووداوەکەوە لێدوانیان دا.

لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەدا لەبارەى هێڕشی فاشیستەکانى تورک بۆ سەر چالاکیی پلاتفۆرمی ژنانی ئەوروپا رایانگەیاند، بەڵگەیان لە دەستدایە، کە هێرشەکە لەلایەن دەزگای سیخوڕیی دەوڵەتى تورک (میت - MÎT)ەوە ئەنجامدراوە. کارڵ نیهامێر وەزیری ناوخۆی نەمسا وتی، لە پشت ئەو ھێرشانەوە پاشخانێکى سیاسی هەیە و سەرنجی خستە سەر دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپە.

وەزیری ناوخۆی نەمسا وتی، یەکێک لەو چوار کەسە کە پلانی هێرشەکانیان داناوە تورکە و ئەوانی تریش بە رەچەڵەک تورکن و هاووڵاتیی نەمسان. ئەو کەسانەى بەشداریی هێرشەکەیان کردووە هەموویان تەمەنیان لە نێوان ٢٥ بۆ ٣٠ ساڵدایە و ئەوە روون بوەتەوە، کە کەسانی پەیوەندیدار بە رێکخراوەکانى ئاکەپە و مەهەپەیان لە ئەڵمانیادا لە ناودایە.

کارڵ نیهامێر وەزیری ناوخۆی نەمسا ئەوەشی وت " بە بەکارهێنانی هێمای 'گورگە بۆرەکان'  و 'رابیعە'، کە ئەو هێمایانە قەدەغەن، ٢٢٠ کەس، کە بەپێی یاسای قەدەغەکردنی هێماکان نەدەبوو ئەو هێمایانە بەکار بهێنن، ئەو هێمایانەیان بەرزکردووەتەوە و بەشداریی هێرشەکان بوون، ئێستاش لە دژی ئەو کەسە هێرشبەرانە پرۆسەى لێکۆڵینەوەی یاسایی دەستیپێکردووە.

وەزیری ناوخۆ ئەوەشی راگەیاند، پەیامنێری کورد نورەدین جەوان داغ بەهۆی هێرشی نەژادپەرەستەکان بۆ سەری رەوانەى نەخۆشخانە کراوە.

ئەوەشی خستەڕوو، یەکێک لەو کەسانەى کە هێرشی کردوەتە سەر جەوان داغ لە ئەڵمانیادا ئەندامی رێکخراوێکى مەهەپەیە و ئەو ٣ کەسە کە هێرشیانە کردبووە سەر ئەو پەیامنێرە کوردە ئازاد کراون.

وەزیر باسی ئەوەشیکرد، کەسە نابراوەکان وێنە و ڤیدیۆی کورد، چەپەکان و سوسیالیستەکان و نوێنەرانی رێکخراوە عەلەوییەکانیان گرتووە و ناردویانە بۆ دەزگای سیخوڕیی دەوڵەتى تورک (میت) و وتی "هێرشەکە بە پشتیوانی و یارمەتیی رێکخراوەکانى ئاکەپە – مەهەپە لە ئەڵمانیا و تورکیا رێکخراوە".

وەزیری پێکەوە ژیان و ئاوێتەکردن (ئینتیگرە) سوزان راب وتی، لە ئێستا بە دواوە ئەوان ئەو رێکخراوە تورکانە تەحمول ناکەن، کە بە هەماهەنگی لەگەڵ دەوڵەتى تورک دا دەجوڵێنەوە.

ژ.ت