نەوایا ژن: ئۆکتۆبەر بانگەوازی بەرخۆدانە

ژمارەی تازەی مانگنامەی 'نەوایا ژن' ی تایبەتی بە ژنان، بە مانشێتی "ئۆکتۆبەر بانگەوازی بەرخۆدانە" کەوتە بەر دیدی خوێنەران.

'نەوایا ژن'، بڵاوکراوەیەکی مانگانەی ژنانە لە ئەوروپا دەردەچێت، ژمارەی مانگی تشرینی یەکەمی دەرچوو، هێلین ئومید، ئەندامی ئەنجومەنی پارتی ژنانی ئازادی کوردستان (پاژک - PAJK) بیروبۆچوونەکانی لەبارەی تێکۆشانی ئازادی ژنانی کورد ئاشکرا کردووە، لەوبارەیەوە باسی لەوە کردوە کە تێکۆشانی ئازادی ژنانی کورد بەرەو چلەمین ساڵ دەچێت، هۆشیاری، هەست و ژیان دەداتە دینامیکەکانی پێشکەوتنی نەتەوەیی دیموکراتیک و ئازادی ژن. لەچوارچێوەی بابەتەکەدا نووسین بۆ باسکردنی ئاریان میرکان و میهریبان و ساران لە مانگنامەکەدا بڵاوکراوەتەوە.

لە ژمارەی ئەم مانگەدا، چاوپیکەوتنێک لەگەڵ ئەندامی کۆردیناسیۆنی تەڤ-دەم فۆزا یوسف لەبارەی دۆخی ناوچەکە بڵاو کراوەتەوە. یوسف 'ناوچەی ئارام'، 'سیاسەتی دەوڵەتی تورک لەدژی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا'، 'کارەکان بۆ ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە' و 'بەشداری ژن لەو قۆناغە'ی نرخاند. فۆزا یوسف ڕاشیگەیاند، هەرێمەکانی ڕۆژئاوا هەموویان ئارامن، بۆیە هەڵەیە هێڵی پاراستنی سنوور بە "ناوچەی ئارام" ناوزەد بکرێت و ئاماژەی بەوەش کرد، هەتا داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک کۆتایی نەیەت، ئاڵۆزییەکانی هەرێمەکەش کۆتایی نایەت.

لە گرتووخانەی گەبزەوە سەما مەزلوم لەبارەی پیلانگێڕیی ١٥ی شوباتی نێونەتەوەیی بابەتێکی بۆ نەوای ژن ئامادە کردووە.

رۆژنامەنووس گولستان چیا، هەمان بابەتی لە لاپەڕە کوردییەکان شرۆڤە کردووە و لەدژی پیلانگێڕییەکە سەرنجی ڕاکێشایە سەر پێویستیی کەمپین و پلاتفۆرمی نێونەتەوەییەکانی وەکو 'ئازادی بۆ ئۆجالان'.

رۆژنامەوان ڕۆنی ئەیلەم-یش بە دۆسییەیەکی بەرفراوان لێکۆڵینەوەیەکی لەبارەی هۆزە تازەکان و کاریگەرییان لەسەر ژیانی ڕۆژانەی تاکەکان هەڵسەنگاندووە.

بابەتی قەیومەکان و دەستبەسەرداگرتنی شارەوانییەکانی هەدەپە لەلایەن چالاکوانی ژن سارا ئاکتاش-ەوە هەڵسەنگێندرا. ئاکتاش ڕایگەیاند، تاکە شتێک لەدژی هێرشەکان بکرێت یەکخستنی گۆڕەپانەکانی تێکۆشان و بەرخۆدان و پێکەوەبوونە بۆ داواکاریی هاوبەش.

فەلەکناس ئۆجای پەرلەمانتاری هەدەپەش هەمان بابەتی لە لاپەڕە کوردییەکان هەڵسەنگاند و ڕایگەیاند، بەرخۆدان لەدژی فاشیزم مافێکی ڕەوایە.

لەگەڵ پۆرترە و نووسین و هەڵسەنگاندنەکان، چەندین هەواڵ و دۆسیەیەک لەبارەی تەندروستی، زانستی و قسەی خۆش هەن. بۆیە مانگنامەی 'نەوایا ژن'ی ئەم مانگە خاوەن ناوەڕۆکێکی بەپێزە.

ف.ق