نەژادپەرستان هێرشیان کردە سەر کەمپەینى بانگەشەى هەڵبژاردنی هەدەپە

نەژادپەرستان لە دوورگەی گەورە (بویوک ئادا)ی ئەستەنبول هێرشیان کردە سەر کەمپەینى بانگەشەى هەڵبژاردنى هەدەپە و کەسێکیان بەناوی سەدات شاهین بە چەقۆ بریندار کرد. شاهین بە برینداریی لەلایەن پۆلیسی تورکیاوە دەستبەسەر کرا.

لە دورگەی گەورە (بویوک ئادا)ی ئەستەنبول، گروپێک لە فاشیستەکان و نەژادپەرستەکان هێرشیان کردە سەر کەمپەینى هەڵبژاردنى  هەدەپە. فاشیستەکان لەو هێرشەیاندا هەدەپەییەکیان بەناوی سەدات شاهین بە چەقۆ بریندار کرد و لە چوار شوێنەوە چەقۆیان لێداوە.

 بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی کە بە دەستمان گەشتوون، لەدواى ئەوەى پۆلیس چووەتە شوێنی رووداوەکە، سەدات شاهین، کە لەلایەن فاشیستەکانەوە ٤ چەقۆی لێداربوو و لە ٤ شوێنى جەستەیەوە بریندارکرابوو، دەستگیر و کەلەپچەیان کردووە.

 لەلایەکی ترەوە، لە گەڕەکی گازی ١٠ هاوڵاتی دەستبەسەرکران کە کاروخەباتی هەڵبژاردنیان بۆ هەدەپە دەکرد. پۆلیس دەستیشی گرتووە بەسەر ئەو پۆستەر و برۆشوور و لافیتانەى هەدەپەدا، کە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بڵاودەکرانەوە.

ر.م