هاتیم ئۆگیولاری: ئاکەپە دەسەڵاتێکى دژە ژنە

تولای هاتیم ئۆگیولاری پەرلەمانتاری هەدەپە رایگەیاند، ئاکەپە دەسەڵاتێکى دژە ژنە و دوژمنایەتیى ژنان دەکات. راشیگەیاند "ئێمە ئەو دژایەتییەیى ئاکەپە بەرامبەر بە ژنان لە هۆڵ، رێڕەوەکانی پەرلەمان و کۆبوونەوەی کۆمسیۆنەکانى پەرلەماندا بە روونی دەبینین".

چەند رۆژ لەوە پێش لە کۆبوونەوەى کۆمسیۆنى بودجەی وەزارەتى ناوخۆی تورکیادا، سولەیمان سۆیلو وەزیرى ناوخۆی تورکیا هەڕەشەى لە ئەبرو گیونای پەرلەمانتاری هەدەپە کردبوو و پێى وتبوو "تۆ تێکدەری، جا بزانە چیت بەسەر دێت"، ناڕەزایەتییەکان لە دژی ئەو هەڕەشەیەى وەزیری ناوخۆی رژێمەکەى ئاکەپە بەردەوامیى هەیە.

تولای هاتیم ئۆگیولاری پەرلەمانتاری ئەدەنەی هەدەپە لەوبارەیەوە وتى "کاتێک مرۆڤ لە سۆنگەى ژنەوە لێکدانەوەى بۆ بکات، ئەوەى بۆ دەردەکەوێت کە ئاکەپە دەسەڵاتێکى دژە ژنە و دوژمنایەتیى ژنان دەکات. ئێمە ئەو راستییە لە هۆڵ، رێڕەوەکانی پەرلەمان و لە کۆبوونەوەى لیژنە و کۆمسیۆنەکاندا بەشێوەیەکى روون و ئاشکرا دەبینین".

هاتیم ئۆگیولاری وتیشی "ئێمە لە مێژە ئەوەمان بۆ یەلاکیى بووەتەوە، کە سولەیمان سۆیلو وەزیرى ناوخۆی ئاکەپە وەزیرێکە گوێ بە یاسا نادات و بەوە ناوبانگی دەرکردووە کە دەڵێت 'گوێ بە یاسا مەدەن'. ئەو هێڵە کە سۆیلو نوێنەرایەتیى دەکات هێڵی توندوتیژییە لە تورکیا و توندوتیژی لە تورکیا قورستر دەکات".

هاتیم ئۆگیولاری ئەوەشی خستەڕوو "سەرباری ئەوەش، ئێمە ئەو سوکایەتییەى ئەو، بە تایبەتی سوکایەتیکردنى بە هەڤاڵێکى ژنی پەرلەمانتارمان و ئەو هەڵوێست و هەڕەشە و گوڕەشەیەى بە توندی ئیدانە دەکەین و بەهیچ شێوەیەک قبوڵی ناکەین".

پەرلەمانتار هاتیم ئۆگیولاری ئاماژەى بەوەشکرد، لەگەڵ بەهێزبوونی فاشیزم لە تورکیادا توندوتیژیش لە دژی ژن زیاتر بووە. رژێمى ئاکەپە بە گوشار، هەڕەشە و ئەنجامدانی توندوتیژی و تەنانەت کوشتنى ژنان، هەڕەشە لە ژنان دەکات.

هاتیم ئۆگیولاری راشیگەیاند، ئەوان پەرلەمانتاری گەلن و بە بەردەوامی لە دژی توندوتیژیى ئاکەپە تێدەکۆشن و وتیشی "ئێمە هەموو کات دەڵێین، ئاشتی و بەڵێ بۆ نەهێشتنى گۆشەگیری. ئێمە بە توندی لەگەڵ توندوتیژی و توڕەیى ئەواندا یەک ناگرینەوە و لەسەر توڕەیى و توندوتیژی لەگەڵیاندا رێک ناکەوین".

ر.م