هاتیم ئۆگیولاری: پێویستە ئیتر چارەسەرییەکی ڕاستەقینە بدۆزرێتەوە

تولای هاتیم ئۆگیولاری پەرلەمانتاری هەدەپەی ئەدەنە رایگەیاند، پێش ئەوەی خەڵک لە گرتووخانەکان گیان لەدەست بدەن دەبێت چارەسەرییەکی راستەقینە بدۆزرێتەوە و وتی: "چاوەڕوانین بەبێ ئەنجامێکی خراپ روو بدات هەنگاو بۆ چارەسەری بنرێن".

بۆ کۆتایهێنانی گۆشەگیریی سەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە تورکیا و کوردستان و ئەوروپا چالاکیی مانگرتن و رۆژووی مردن بەردەوامن. پەرلەمانتاری هەدەپەی شاری ئەدەنە تولای هاتیم ئۆگیولاری لەبارەی چالاکیی مانگرتن و 'رۆژوی مردن'ەوە هەڵسەنگاندنی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد.

هاتیم ئۆگیولاری رایگەیاند، داواکارییەکانی بەرخۆدێران لە رۆژی دەستپێکردنەوە داواکاریی رەوان و دەوڵەت هەتا ئێستا بۆ کۆتایهێنانی گۆشەگیری هەنگاوێکی راستەقینەی نەناوە.

هاتیم ئۆگیولاری راشیگەیاند، چالاکییەکانی مانگرتن بە پێشەنگایەتی لەیلا گیوڤەن دەستی پێکردووە و ١٩٤ رۆژی تێپەڕاندووە لە زیندانەکانیشدا ماوەی ١٤٦ رۆژە چالاکیى مانگرتن بەڕێوەدەچێت و هەزاران کەس بەردەوامن لە چالاکی مانگرتن و پێدەچێت ئیتر لەمەو دوا مانگرتوان زیانی گەورەیان پێ بگات.

هاتیم ئۆگیولاری سەرنجی خستەسەر ٣٠ زیندانی، کە مانگرتنیان گۆڕی بۆ رۆژووی مردن و وتی: "وەکو رۆژووی مردن چالاکی مانگرتنیش دەستە دەستە دەستیپێکرد و دواتر بۆ هەموو گرتووخانەکان تەشەنەی کرد و هەزاران کەس بەشدار بوون. لەوە نیگەرانم ئەگەر حکومەت یان وەزارەتی ناوخۆ هەنگاوێک نەهاوێت ئەوا رۆژوی مردن بڵاو دەبێتەوە. ئەو دۆخەى ئێستا ئەوەیە و ئێمە و کەسوکاری مانگرتوانی تووشی ترس و نیگەرانى کردووە. نەک تەنها ئێمە، بەڵکو هەمو کەسێکی خاوەن ویژدانی تووشی نیگەرانی کردووە. پێویستە بەرپرسان کۆتایی بەو دڵەڕاوکێیانە بهێنن و گۆشەگیری نەک بە قسە، بەڵکو بە کردەوە کۆتایی پێبهێنن".

"دەسەڵات وڵاتی بەم حاڵە گەیاندووە"

هاتیم ئۆگیولاری ئاماژەی بە بێدەنگی و خەمساردیی حکومەت لەبەرانبەر بەرخۆدان لە دژی گۆشەگیریی کرد و وتی، هەڵوێستێکی لەم شێوەیە فاشیزم بەهێز دەکات.

هاتیم ئۆگیولاری لەبارەی توندوتیژیی پۆلیس لەدژی دایکانی زیندانیانی مانگرتوو وتی: "دایکانی زیندانییەکان ئێستا لە هەموو شوێنێکی وڵات بۆ مافی ژیان لە چالاکی دان، بەڵام دەبینین، کە پۆلیس توندوتیژی بەرامبەر بە دایکان ئەنجام دەدات و ئازاری دایکان دەدەن. لە گەبزە و ئامەد و چەندین شوێنی دیکەی تورکیا توندوتیژی بەرانبەر دایکانمان دەکرێت. دەسەڵات وڵاتی خستووەتە ئەم دۆخ و حاڵەوە. لە کات و سەردەمێکیداین کینە و تووڕەیی و دژایەتی گەیشتووەتە بەرزترین ترۆپکی خۆی".

هاتیم ئۆگیولاری نیگەرانیى لەبارەی بەرخۆدێرانی چالاکیی مانگرتن و رۆژووی مردن جارێکی دیکە هێنایە زمان و ئاماژەی بەوەکرد، پێش ئەوەی هەستەوەرەکان و هەستیاربوون لە یەکتر داببڕێن پێویستە دەسەڵات کۆتایی بە گۆشەگیری بهێنێت و وتی: "ئەگەر خەڵک لە گرتووخانەکان گیان لەدەست بدەن ئەوە دەبێتە مایەی هەستیاریی کۆمەڵگە. ئەوەش دژایەتییەکە گەورەتر دەکات. بانگ لە دەسەڵات دەکەین بەپێی دەستوور هەڵسوکەوت بکات. لەچکە سپییەکەی دایکان چەندین مانگ لەسەریانە پاکە و سپییە، دەسەڵات بە ڕاکێشان و توندوتیژی هەوڵ دەدات لەچکەکانیان بخاتە ژێر پێی و پیسییان بکات. سەرباری ئەو کردەوە فاشیستییانە و گوشار و توندوتیژیی دەسەڵات، بەڵام دایکان ئاشتی دەپارێزن و مافی ژیان دەپارێزن. هێزی دەسەڵاتی ئێستا هیچ کاتێک بەشی ئەوە ناکات کە لەچکە سپییەکەی دایکان پیس بکات.

ئێمە بانگەوازەکەمان دووبارە دەکەینەوە و پێش ئەوەی لە گرتووخانەکان و لە دەرەوە خەڵک گیان لەدەست بدەن دەبێت ئیتر چارەسەرییەکی راستەقینە بدۆزرێتەوە. دەبێت داواکارییەکان جێبجەجێ بکرێن و هەنگاوی راستەقینە بهاوێژرێن."

ر.م