هاتیمۆگولار: سیستمی دادوەریی بوەتە بوکەڵە بەدەست دەسەڵاتەوە

پەرلەمانتاری هەدەپەی ئەدەنە، تولای هاتیمۆگولار ڕایگەیاند، سیستمی دادوەریی لە تورکیا بوەتە بوکەڵە بەدەست دەسەڵاتەوە.

پەرلەمانتاری هەدەپەی ئەدەنە تولای هاتیمۆگولار لەبارەی بڕیاری لەنوێ دەستگیرکردنی هاوسەرۆکانی پێشووی هەدەپە سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ قسەی کرد.

هاتیمۆگولار ڕایگەیاند، لە تورکیا سیستمی دادوەریی سەربەخۆ نییە و دادوەریی بەپێی قسەکانی کەسێک و نوێنەرەکەی دەجولێتەوە. هاتیمۆگولار باسی لەوەش کرد، دادگا لە دۆسیەیەکدا دەمیرتاشی بێگوناح کرد، دادگای باڵاش بێگوناحییەکەی قەبوڵ کرد، ژمارەی دۆسییە گۆڕا و لەنوێیوە دادگا دەستی پێکردەوە. لەبارەی ڕۆژی دۆسییەکەشدا هاتیمۆگولار وتی: "زانیاریمان پێگەیشت و ئێمەش لەگەڵ هاوکارانی پەرلەمانتارمان بە پەلە چووینە دادگا. لە دادگا وتیان یەکسەر بیخەنە ناو کۆنفرانسی ڤیدیۆیی، بەڵام چەندین کاتژمێر ئێمە لە ڕێڕەوەکە وەستاین.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی گەیشتونەتە من و قسە دەکەم: لەوێ ٤ کاتژمێر هەوڵیان دا دادوەر ڕازی بکەن. بەهۆی ئەوەی دادوەر ئەو بڕیارەی دا، لەبەر ئەوەی دەزانێت سبەی یان کاتیکی دیکە بە چ شێوەیەک دادگایی دەکرێت. لەبەر ئەوە ئێمە ٣-٤ کاتژمێر لە ڕێڕەوەکانی دادگا وەستاین. دواتر دادوەر هات و دۆخێکی سەیری یاسایی ڕووی دا".

هاتیمۆگولار ڕایگەیاند، بە هەموو شێوەیەک گوشار دەخرێتە سەر حزبەکەیان و بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپای وەبیر هێنایەوە. هاتیمۆگولار ئاماژەی بەوەش کرد، لە تورکیا دەسەڵات یاری بە سیستمی دادوەری دەکات، دادگا بوەتە بوکەڵە بەدەستی دەسەڵاتەوە. هاتیمۆگولار وتی: "هەوڵ دەدەن دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا و دادگاکانی ئەوروپا بخەڵەتێنن. بەڵام ئەوان خۆشیان دەزانن کەس بەوان ناخەڵەتێ." هاتیمۆگولار باسی لەوەش کرد کە باوەڕی بە سیستمی دادوەری تورکیا نییە و ئیتر هەموو کەسێک ئاگاداری ئەوەیە.