هاوسەرۆک شارەوانیى ئامەد لە نەتەوە یەکگرتووەکان وتەیەکى پێشکەشکرد

عەدنان سەلجوق مزراکلی هاوسەرۆک شارەوانیى گەورە شاری ئامەد، کە بە کودەتاى قەیوم لە ئەرکەکەى دووخرایەوە لە ٤٢هەمین دانیشتنی کۆمیسیونی مافەکانى مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکاندا رایگەیاند "کاتی ئەوە هاتوە گوێ لە ویژدانمان بگرین لە دژی ئەو دۆخە بوەستینەوە".

سەلجوق مزراکلی هاوسەرۆک شارەوانیى گەورە شاری ئامەد، کە لە کودەتای قەیومەکانى ئاکەپە - مەهەپە لەسەر ئەرکەکەی لابرا لە رێگەى ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە بەشداریى لە پانێلی بزووتنەوەى دژ بە نەژادپەرستی و پشتیوانیکردنی نێوان گەلان (MRAP) لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان کرد.

مزراکلی سڵاوی خۆی پێشکەشی دەستەى بەڕێوەبەری کۆنفرانسەکە کرد و رایگەیاند، بەهۆی ئەوەى گەشتکردن بۆ دەرەوەى لێ قەدەغە کراوە نەیتوانیوە بچێتە ناویان و لەوێ بەشداری لە پانێلەکەدا بکات.

"ئێمە بە شێوازى دیکتاتۆرانە لە ئەرکەکانمان دوورخراینەوە"

مزراکلی وتی "لە هەڵبژاردندا ئێمە بە ڕێژەى ٦٣ لەسەدی دەنگی دەنگدەران هەڵبژێردراین و ئێمە دەمانخواست درێژە بە کارەکانمان بدەین و لەگەڵ ئێوەدا بین، بەڵام لەبەر ئەوەى سیستمی دەسەڵات دەیەوێت رژێمی کەسێک بەسەر وڵاتەکەماندا بسەپێنێت، گەشتکردن بۆ دەرەوە لە ئێمە قەدەغە کراو و ئێمە لە ئەرکەکانمان دوورخراینەوە، بۆیە ناچارین لە دوورەوە بە دیمەن بەشداری کۆنفرانسەکە ببین. ئێمە ئەو کەسانەین، کە لە رێگەى دیموکراتیکەوە هەڵبژێردراوین، بەڵام لە رێگەى دیکتاتۆرییەوە لە ئەرکەکانمان دوورخراینەوە. ئێمە ناتوانین ئەو ئەرکەى گەلی پێى داوین بەکاری بهێنین".

مزراکلی بانگی لە بەشداربوانی کۆنفرانسەکە کرد و وتی "ئێوە، ئەو مرۆڤانەن کە جاڕنامەى گەردوونی مافەکانی مرۆڤتان پەسەند کردووە و یاسا و مافەکان دەخوازن، کە دەبێت لە دژی ئەو کردەوانەوە بوەستنەوە. لێرەوە دەمەوێت بانگ لە ئێوە بکەم و بڵێم، وەرن کۆمسیۆنێک دروست بکەن و بێن بۆ ئامەد، وان و مێردین و پرسیار لە گەل بکەن، کە مرۆڤە هەڵبژێردراوەکان لەسەر چی لە ئەرکەکانیان دوورخرانەوە؟ یان ئایا بەو بڕیارە دڵخۆشن یان نا؟. وەرن لە تورکیا بگەڕێن و سەیر بکەن کە لە تورکیا ماف، حقوق و دادپەروەری هەیە یان نا؟ بەڵێ ئەرکی ئێوە و ئێمەیە، کە بەرگری لە حقوق و مافەکان و دادپەروەری بکەین. لەبەر ئەوەش دەبێت ئێوە، رێکخراوە نێونەتەوەییەکان بۆ دیموکراسی، دادپەروەری و مافەکان بەرپرسیارانە بجوڵێنەوە. گوێ لە ویژدانى خۆتان بگرن. بە داخەوە لە تورکیا مافە بنەڕەتییەکانى مرۆڤ پێشێل دەکرێن".  

"کاتی ئەوە هاتووە لە دژی بوەستنەوە"

مزراکلی لە بەردەوامیى وتەکانیدا رایگەیاند "کاتی ئەوە هاتووە هەموو کەسێک گوێ لە ویژدانى خۆی بگرێت و لە دژی ئەو کردەوانە بوەستێتەوە. بەڕێوەبەریی خۆجێى نیشانەى دیمکراسیبوونی وڵاتێکە. ئێمە هیوادارین ئێوە لە بەرامبە ئەو زۆرداری و ملهوڕیی دژ بە ئێمە بێدەنگ نەبن".

مزراکلی ئومێدی خۆی بۆ ژیان لە دونیایەکى بەدوور لە شەڕ لە دنیایەکى ئاشتییانەدا خستەڕوو.

ژ.ت