هاوسەرۆکی کەنەکە: ئامانجمان ڕەخساندنی دەرفەتێکە بۆ ڕۆژهەڵات

(کەنەکە-KNK) لە سوید کۆنفڕانسی ڕاوێژی نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕێک دەخات و رێبوار ڕەشید هاوسەرۆکی کەنەکەش دەڵێت: "ئامانجمانە دەرفەتێک بۆ ڕۆژهەڵاتیانی وڵات بڕەخسێنین تا لەگەڵ لایەنەکان پێکەوە و دیموکراسییانە شەنوکەوی دۆخی ئێستای ئەوێ بکەین".

بڕیارە لە ڕۆژانی ۱٤-۱٥ی مانگی ۰۹ی ۲۰۱۹، کۆنفڕانسی ڕاوێژی نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە سەرپەرشتی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە-KNK) بەناونیشانی ” دۆخی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەڵوێست و چارەسەریی“ لە شاری ستۆکهۆڵم-ی پایتەختی شانشینی سوید ڕێک بخرێت. کەنەکە ڕایگەیاندووە: ئامادەکاریەکانی کۆنرانسەکەلە تەواوبوون دان و ژمارەیەکی زۆر پارت و لایەنی سیاسیی و مەدەنیی و کەسایەتی پێکهاتە جیاجیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەشداری دەبن.

 سەبارەت بە کۆنفڕانسی ڕاوێژی نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (ANF) پەیوەندی کرد بە ڕێبوار ڕەشید هاوسەرۆکی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە-KNK) و ئەم وتووێژەی لەگەڵ بەڕێزیان ئەنجام دا.

ئامانج لە کۆنفەڕانسەکە چییە؟

ئامانج لە کۆنفەرانسی ڕاوێژی ڕۆژهەڵات کە لە ١٤ و ١٥ی سێتامبەردا دەبەسترێت دەتوانێت گەلێک خاڵی جیاواز بێت. گرنگترین ئامانج بۆ کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ئەوەیە کە دەرفەتێک بۆ ڕۆژهەڵاتیانی وڵات بڕەخسێنین کە لە مەیدانێکی بەربڵاوی دیموکراسییدا شەنوکەوی ئەو باسانە بکەن کە لە ئێستای ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا گرینگن بۆ ئەوەی پێکەوە بتوانین وەڵام بەو پرسیارانە بدەینەوە کە لە خەباتێکی ئازادیخوازییدا عادەتەن هەن و دێنە پێش.
ئامانجەکانی ئیمە کۆکردنەوەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، نزیککردنەوەی دەنگە جیاوازەکانە، خستنەگەڕی دیالۆگێکی دیموکراسیی و کردنەوەی ئەو باسانەیە کە گرینگن و هەروەها هەوڵدان بۆ وەڵامدانەوە و چارەسەرکردنیان.
ئێوە دەزانن کە یەکێک لە کارە سەرەکیەکانی سیستەمی داگیرکەریی دوورخستنەوەی خەڵکە لە یەکتر و کردنی جیاوازیی بیروباوەڕە بە کێشە و بە ململانێ بۆ ئەوەی ڕێکخراوە و تاکەکەسەکان شیر و تیر لە یەک هەڵسوون و بکەونە شەڕێکەوە کە هی خۆیان نییە. بەو شێوەیە داگیرکەر هەوڵ دەدات ڕێکخراوە سیاسیەکان و خەڵک لە کێشە سەرەکیەکە کە داگیرکەرییە دوور بخەنەوە. بە داخەوە تا ئێستا لەو هەوڵەیاندا سەرکەوتوون. کاری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ئەوەیە کە لە ڕێگای ئەم کۆنفەرانسە ڕاوێژییەوە ئەم فێڵ و ساختەبازییەی داگیرکەر وەبیربهێنێتەوە و هەڵیبووەشێنێتەوە. ئێمە پێکەوە دەتوانین بەهێز بین و توانامان هەیە بە سەر داگیرکەرییدا سەربکەوین. هەموو تاکێکی کورد و هەموو ڕێکخراوەیەک کە دڵسۆز و وەفادار بە گەل و خاکی خۆی بێت دەبێت هەبن و پێویستە لەگەڵدا بن و بەشداری تێکۆشانەکە بن.
ئێمە وەکوو کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان دەزانین کە هەنگاوێکی پێویست و گرینگ ئەوەیە کە دەبێت خەڵکی خۆمان لە یەکتر نزک بکەینەوە. ئەم تێگەیشتنە دیموکراتیکە هەروەها هەوێنی کوردستانێکی سەربەخۆ و ئازاد و دیموکراتیکیشە. 

بۆ لەم کاتەدا کۆنفڕانسەکە دەبەسترێت؟

هۆیەکی تایبەتیی نییە کە بۆچی لەم کاتەدا دەبەسترێت. من لە جڤاتی گشتیی کۆنگرەی نەتەوەیی پاردا، واتە ٢٠١٨ دا ڕامگەیاند کە لە هەوڵی سازکردنی کۆنفەرانسێکی ڕاوێژکارییدا دەبین بۆ ڕۆژهەڵات. بەشداربووانی ڕۆژهەڵات ئەم زانیارییەیان بە ڕێز و خۆشییەوە وەرگرت. پاشان بۆ لاندانان و جێبەجێکردن لە کۆبوونەوەی کۆنسەی دوو قسەمان لە سەر کرد و لە کۆبوونەوەی کۆنسەی سێهەمدا بڕیارمان لە سەر دا. پێمان وابوو باشترین کات ناوەڕاستی سێپتامبەرە بە دەلیلی ئەوەی کە بە گشتیی پاش پشووی هاوینەی ئوروپایە.
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لە بەهار و سەرەتای هاویندا بەتایبەتیی مانگەکانی سێ و چوار و پێنج هەمیشە بەرنامە و چالاکیی زۆرە کە عادەتەن لە ڕۆژەڤدا هەن.
هەروەها ئەوەیش گرینگ بوو کە ئەم کۆنفەرانسە پێش جڤاتی گشتیی کۆنگرەی نەتەوەی کوردستان کە لە ڕۆژانی ١٨ و ١٩ و ٢٠ ی ئوکتوبەردا دەبەسترێت، بە ئەنجام بگەیەنین. ئەم ساڵ جڤاتی گشتیی هەر لە کاتی خۆیدا بەو شێوەیەی لە مێژە پلانمان داناوە دەبەسترێت. جڤاتی گشتیی ١٨ و ١٩ و ٢٠ی ئوکتوبەر لە زۆر بارەوە گرینگە، بەتایبەتیی لە نوێبوونەوەی ئەندامان لە سەرەوە تا خوار، هەوەها لە کاتێکدا کە هەموو کوردستان لە دۆخێکی ناسکی چارەنووسسازدایە، هەر لە بەرئەوە سەرئەنجام و بڕێارنامەی کۆنفەرانسی ڕاوێژی ڕۆژهەلآت دەتوانێت کاریگەریی ئەرێنیی و کاریگەریی لە سەر جڤاتی گشتیی هەبێت.

کێ و کام لایەن بەشداری دەبنو بانگێشتی کێ کراوە؟

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان هەمیشە بۆ هەموو کۆنفەرانسێک بالانسێکی دروستی کوردستانیی لە بەشداربووان ڕابگرێت. سەبارەت بەم کۆنفەرانسە کە بۆ ڕۆژهەڵاتە هەوڵمان داوە هەر لە شاری خوێەوە لە باکووری ڕۆژهەڵات ەتا خوار ئیلام بە هەرێم و ئایین و مەزهەبی جیاوازەوە لەبەرچاو بگرین. هەرچەندە دەزانین کە ئێمە ناتوانین تەواوی دڵسۆزانی ڕۆژهەڵاتیی لە کۆنفەرانسێکی وادا جێ بکەینەوە. بەڵام هەوڵ دەدەین کە ئەوی کۆ دەبێتەوە مشتێک لە خەرواری گەورەوگرانی ڕۆژهەڵاتی خۆشەویست بێت. هەر لێرەوە داوای لێبوردن لە هەموو ئەو دڵسۆزانە دەکەم کە خۆیان بە شایستەی داوەتکردن و بەشداربوو لەو کۆنفەرانسەدا دەبینن بەڵام کە داوەت نەکراون.
هۆیەکەی وەکوو عەرزم کردن تەنیا ئەوەیە کە ئەو هۆڵەی ئێمە دەستوورمان داوە توانای تەنیا بۆ بەشداربوونی ١٤٠ کەسی دانیشتوو و ٤٠ کەسێکی دیکەیە کە لە کاروبار و هەڵسووڕانە گشتییەکەدا بن.
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان چالاکیی زۆرە و دەرفەت بۆ هەموو ئەو دڵسۆزانە هەیە کە دەیانەوێت لە ڕیزی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستاندا دەست بە کار بن. بەو هیوایەی بتوانین خزمەتی گەورە بە ڕۆژهەڵاتی نیشطیمانمان بکەین.
بە هەر حاڵ، دڵسۆزانی کوردستانیی دەزانن کە ڕۆژهەڵات پارچەیەکی گرینگی مێژوویی و کولتوریی کوردستانە و خاوەن تێکۆشان و دڵسۆزییەکی بێ مانەندە. لەبەرئەوە دەبێت دەرفەتی گەورەتر و باشتر بۆ چالاکیی سیاسیی دیموکراتیک فەراهەم بکەین.

ئایا کۆنفڕانس بە چ شێوەیەک کراوە یان داخراو بەڕێوەدەجێت؟ واتە هەموو کەس و لایەک و دەزگاکانی میدیا بۆیان هەیە بەشداری بن یان؟

کۆنفەرانسەکانی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بە هۆی ئاسایشیی، پراکتیکیی، بەرنامەی سیاسیی و ڕێکخستنێکی دیسپلیندار هەمیشە لە ڕێگای داوەتکردنی ڕەسمییەوە بەڕێوە دەچن. لەو مانایەدا داخراوە، واتا بۆ هەر کەس نییە کە لە خۆوە بێت و بڵێت منیش بەشدار دەبم. بەڵام لەو ڕووەوە ئاوەڵە و کراوەیە کە هەموو باسەکان ڕوو بە خەڵکی کوردستان و یار و نەیاران بە ئاشکرا دەکرێت و پەخشی ڕاستوخۆ و زیندوومان دەبێت، چون لە لایەکەوە ئێمە لە داگیرکەران ناترسین و نهێنیەکمان نییە و لەلایەکی دیکەوە باوەڕێکی پتەومان بە گەلی خۆمان و بە دڵسۆزانی ئەو خەباتە هەیە و دەزانین کە دەتوانن لە مەیدانی دیموکراسیی ئازاددا بە زیادەوە بەرگریی لە تێکۆشانەکەیان بکەن.
هەموو مێدیاکانیش، بەتایبەتیی کوردستانییەکان، بۆیان هەیە بەشدار بن و چاودێریی باسەکان بکەن. دیارە گرینگە کە پێشوەخت پێوەندییمان پێوە بکەن تا بتوانین جێگاوڕێگایان بۆ ئامادە بکەین. سەبارەت بە حیزب و ڕێکخراوە سیاسیی ومەدەنیەکانیش ئێمە هەمیشە پێوەندیی بە هەموویانەوە دەگرین و بە بەشداربوونیان خۆشحال دەبین چون دەزانین خۆدوورلەیەکگرتن و بەشدارنەبوون زەرەر نەبێت هیچ سوودێکی بۆ گەلەکەمان نییە.

پەیوەست بە کۆنفرانسەکە، بانگەوازی و پەیامی کەنەکە بۆ خەڵک ولایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چییە؟

پەیامی ئێمە ئەوەیە کە هەمیشە دووپاتی دەکەینەوە. ئەوەیش ئەوەیە کە دەبێت یەکتر قبوڵ بکەین و لە مەیدانێکی ئازادی دیموکراسییدا ڕێگا بە یەکتر بدەین کە هەر لایەک لە سەر حیسابی ڕەنجی خۆی گەورە ببێت، نەک لە سەر خوێنی ئەوانی دیکە، کە دەست لە بەخیلی سیاسیی و لە خۆدوورگرتن و لە خۆگێلکردن هەڵ بگرین، کە خەڵکی کوردستان خاوەنی قوربانیی و خۆبەخشیەکی گەورەیە و دەبێت لەو ئاستەدا بە جیددیی خزمەتی بکەین، کە گەلەکەمان شایستەی خزمەتکردن و هۆشیارکردنەوە و دەستگرتنە، کە ئێمە پێکەوە دەتوانین زۆر بەهێزتر لە دوژمنان بین و پێکەوە دەتوانین سیستەمی داگیرکەریی تێک بشکێنین.
دووبارە داوای لێبوردن لەوانە دەکەم کە ئەم جارە نەمانتووانیوە بەشداریان بکەین و کە بەشداربووانی ئەم کۆنفەرانسە لە کەژ و سفارێکی هاوڕێیانە و دیموکراسیانەدا بە باشترین شێوە ئامانجی کۆنفەرانسەکە سەر بخەن و دڵی ڕۆژهەڵات خۆش بکەن.
 

هـ.هـ