هاووڵاتیانی مەخموور: با داگیرکەر و هاوکارەکانی بزانن ملکەچ نابین!

هاووڵاتییە پەنابەرەکانی کامپی شەهید ڕۆستەم جوودی لە مەخموور، لەدژی هێرشی داگیرکەری و بۆردومانکردنی دوێنێ شەو بۆسەر شوێنە مەدەنییەکان، ڕژانە سەر شەقامەکان و ڕێپێوانیان بەڕێوەبرد.

فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر، شەوی پێشوو کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جوودی لە مەخموور بۆردومان کرد و لە ئەنجامدا دوو کەسی مەدەنی بریندار بوون.

هاووڵاتییانی کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جوودی (مەخموور) لەدژی ئەو بۆردومانەی دەوڵەتی تورک کرایە سەریان. ڕێپێوانێکیان لەبەردەم شارەوانیی کامپەکە دەستپێکرد و هەتا بەردەم بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان (UN) بەردەوام بوو. لە ڕێپێوانەکەدا دروشمەکانی 'بژی سەرۆک ئاپۆ'، 'شەهید نامرن' و 'بمرێ خیانەت' بەرز کرانەوە.

لەبەردەم (UN)، خولەکێک وەستان بۆ ڕێزگرتن لە هەموو شەهیدانی ئازادی کوردستان. دوای ڕێزگرتنەکە، ڕاگەیاندراوێک لەلایەن مامۆستا 'حەسەن دەمر'ەوە خوێندرایەوە.

'هێرشی داگیرکەریی دەکرێتە سەر خاکی کوردستان'

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: "ئێمەی گەلی کورد و کوردستان لە قۆناغێکی گرنگدان، کە بەرەو سەرکەوتن تێدەپەڕین. لە هەموو پارچەکانی کوردستان هێرشی داگیرکەری دەکرێتە سەر خاکی کوردستان. هەموو جیهان چاویان داخستووە بەرانبەر ئەو داگیرکارییە. لە ساڵی ٢٠١٢دا چەتەکانی دەوڵەتی تورک هێرشێکی داگیرکارییان کردە سەر خاکی باشوور و هەموو ڕۆژئاوای کوردستان و دواتریش بەناوی داعشەوە درێژەیان بە هێرشەکانیان دا. بۆ گەلانی ژێردەستە شۆڕش واتای هەبوونە. بۆ گەلی کورد، جێبەجێکردنی شۆڕش هیوای ئازادبوونە. بێگۆمان ئەو هیوای ئازادییە لە ڕۆژئاوای کوردستان سەوز بووە و بووەتە هێمایەک بۆ گەلی ئازادیخواز".

'شۆڕشی ڕۆژئاوا بووەتە ئەڵتەرناتیڤی دژی سیستمی بەکۆیلەکردن'

هەروەها لە ڕاگەیاندراوەکەدا سەرنج ڕاکێشراوەتە سەر شۆڕشی ڕۆژئاوا و تیایدا هاتووە: "کاتێک سەیری بنەمای دەوڵەت دەکەین، دەبینین ئامانجی دەوڵەت بەکۆیلەکردنی گەلانە. شۆڕشی ڕۆژئاوا بووەتە ئەڵتەرناتیڤێک بەرامبەر بە سیستمی کۆیلە کردن. بۆیە بەردەوام دەبێتە ئامانجی هێرشەکانی هەموو جیهان. نمونەی هەرە بەرچاویش داگیرکردنی عەفرینە. ئێمە لە پێش هەمووانیشەوە ئەو شۆڕشە لە ڕێبەرایەتی، کەمئەندامانى شۆڕش و هەموو گەلی کورد پیرۆز دەکەین. یادی ئەو شەهیدانە بەرز ڕادەگرین، کە لەو شۆڕشەدا شەهید بوون و سەری ڕێز و نەوازش بۆهەموو شەهیدانی کوردستان دادەنەوێنین".

'داگیرکەر و هاوکارەکانی و هێزە بێدەنگەکانیش با بزانن، ملکەچ نابین'

لە کۆتایى ڕاگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتووە: "ئەو هێرشەی کراوەتە سەر کامپی شەهید ڕۆستەم جوودی، کە هاوکاتە لەگەڵ حەوتەمین ساڵیادی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان، ئاسایی نییە. ئامانجی دەوڵەتی داگیرکەر و فاشیستی تورکیا لەناوبردنی کوردە لە هەر کوێیەک بێت. وەکو کامپی مەخمووریش، ڕۆژانە ڕووبەڕووی هێرشی جۆراوجۆری سیاسی و سەربازیی دەبێتەوە. با دەوڵەتی داگیرکەر و هاوکارەکانی وەکو پەدەکە باش بزانن خەڵکی کامپەکە هیچکات لەبەرانبەر ئەو هێرشانەدا ملکەچ نابێت و سەر دانانەوێنێت. لەسەر هێڵی تێکۆشان و بەرخۆدان پاشەکشە ناکات. چونکە ئەوانەی بەرخۆدان دەکەن سەردەکەون. جارێکی دیکە ئەو هێرشە شەرمەزار دەکەین".

چالاکییەکە بە دروشمەکانی 'بژی سەرۆک ئاپۆ'، 'بژی بەرخۆدانی گەلانی ژێردەست'، 'بمرێت داگیرکەریی و هەموو جۆرە کۆیلایەتییەک' کۆتایی هات.

ر.م