هاووڵاتییانی  کەرکووک هێرشەکەى سەر مەخمور و شەنگال ئیدانە دەکەن

هاووڵاتییانی کەرکووک هێرشەکەی تورکیا بۆ سەر شەنگاڵ و کامپی مەخمور شەرمەزار دەکەن.

هاووڵاتییانی کەرکووک رایدەگەیەنن: پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان بێنە سەرخەت و هەڵوێستیان هەبێت بەرامبەر ئەم کارە نا مرۆڤانەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک .

 

هاوکار  قادر هاووڵاتییەکی شاری کەرکوکە و بە ئاژانسی هه‌واڵی فورات (ANF)ی راگەیاند: "من وەکو هاووڵاتیەکیی شاری کەرکووک بە تووندی ئیدانەی ئەو هێرشانەی تورکیا دەکەین بۆ سەر شەنگاڵ و کامپی ئاوارەکان لە قەزای مەخمور. زۆر بەداخەوە بۆ بێ هەڵوێستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەرامبەر ئەم هێرشانە "

وتیشی: "راستە حکومەتی عێراق هێرشەکانی ئیدانەی کرد، بەڵام ئیدانەکردنی بەس نییە و پێویستە هەڵوێستی جدییان هەبێت. تا کەی وڵاتی ئێمە بە دەستی وڵاتانی دیکە بۆردومان بکرێت".

دیار عەبدولحەمید هاوڵاتییەکی دیکەی شاری کەرکوکە و بە ئاژانسی هه‌واڵی فورات (ANF)ی راگەیاند: "ئەو هێرشەی تورکیا بۆ سەر شەنگاڵ و کامپی ئاوارەکان لە قەزای مەخمور شەرمەزار دەکەم و هیوادار بووم حکومەتی هەرێم هەڵوێستی هەبووایە، بەڵام بێ هەڵوێستیی حکومەتی هەرێم بەرامبەر بابەتێکی ئاوەها کەمتەرخەمییەکی گەورەیە بەرامبەر نەتەوەکەیان".

ئەوەشی وت: "پێویست بوو کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هەڵوێستی جدیی هەبووایە، چونکە ئەم هێرشە پێشێلکاریی سەروەریی دەوڵەتێکی دیکەیە، کە نابێت هیچ دەوڵەتێک لە دەرەوەی خاکی خۆی ئۆپراسێۆن ئەنجام بدات بە تایبەتی کاتێک خەڵکی سڤیل دەکاتە ئامانج".

ژیرۆ محەمەد هاوڵاتییەکی دیکەی شاری کەرکوکە و بە ئاژانسی هه‌واڵی فورات (ANF)ی راگەیاند: "ئەم هێرشە ئیدانە ئەکەین و پێویست بوو حکومەتی کوردستان ئیدانەی بکردایە، کە ئەمە دەیان جارە هێرشی وا دەکات بۆ سەر ناوچەکە".

لە کۆتایدا وتیشی: "پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکان وەڵامی ئەم هێرشانە بدەنەوە و رێگریی لێ بکەن، چونکە بەزاندنی سنوورەکان و هێرشکردنە سەر وڵاتانی دیکە کارێکی نایاساییە ".

ر.م