هاوڕێیەکى گیڤارا: دەبێت ئۆجالان ئازاد بکرێت

جین زیگلەر هاوڕێ گیڤارا پشتیوانیى لە چالاکییەکانى مانگرتن کرد و سڵاوى بۆ مانگرتووەکان هەیە و رایگەیاند، دەبێت بە خێرایى ئۆجالا ئازاد بکرێت. راشیگەیاند "پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکان لە دژی فاشیزمى تورک دەست بەکار بێت".

جین زیگلەر جێگری سەرۆکى دەستەى راوێژکاریى مافەکانى مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ریپۆرتەری تایبەت بۆ دابینکردنی پێداویستیى خۆراک لە نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵناس و نووسەر، کە هاوڕێیەکى نزیکى ئەرنەستۆ چێ گیڤارا لیدەری شۆڕشگێڕی ئەمریکاى لاتین بوو، پشتیوانیى لە چالاکییەکانی مانگرتن بە پێشەنگایەتیى لەیلا گیوڤەن کرد و لەوبارەیەوە و لەسەر چەند بابەتێکى تر بۆ ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF) دوا.

'ئەو بەرخودانە زۆر مانادار و شکۆمەندە'

زیگلەر رایگەیاند، پشتیوانى لە لەیلا گیوڤەن و چالاکوانانى تری مانگرتوو دەکات و وتى "بەرخودانى گیوڤەن و هەڤاڵەکانى زۆر ماندار و شکۆمەندایە. پێویستە داواکانى گیوڤەن و هەڤاڵەکانى بە خێرایى جێبەجێ بکرێن. نەک تەنها پێویستە گۆشەگیری نەمێنێت، بەڵکو پێویستە ئۆجالان ئازاد بکرێت".

زیگلەر راشیگەیاند، دۆخی تەندروستیى گیوڤەن ئاستى مەترسیداریشی تێپەڕاندووە و بە تەواوی هەڕەشە لەسەر ژیانى دروستبووە و وتیشی، قبوڵ ناکرێت کە ئەوروپا و جیهانی رۆژئاوا بەرامبەر بە داواکانى گیوڤەن بێدەنگ بن. داواشی لە حکومەتەکان و رێکخراوەکانى ئەوروپا کرد دەستبەکار ببن.

ئەوەشی وت "گرینگە ئەو سیاسەتانەى، کە دەبنە هۆی پشتیوانیکردن لە فاشیزمی ئەردۆغان بە خێرایى دەستیان لێ هەڵبگیرێت و بچنە پاڵ کورد و پشتیوانى لە کورد بکەن".

'دەوڵەتى تورک تاوانی دژ بە مرۆڤایەتى ئەنجام دەدات'

زیگلەر دەوڵەت و بەڕێوەبەریى تورکی وەک رێکخستنێکى فاشیستى پێناسەکرد و وتى "دەوڵەتى تورک بە ئاشکرا تاوانى دژ بە مرۆڤایەتى ئەنجام دەدات. کردەوەکانى لە دژی گەلی کورد دەکەونە خانەى تاوانى شەڕ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتى. ئەو راستییانەى کە ئەمدواییە بە بەڵگەوە خرانەڕوو سەلمێنەری ئەو تاوانانەى دەوڵەتى تورکە. بێدەنگی بەرامبەر ئەو تاوانانە کارێکى دروست نییە".

'دەبێت نەتەوە یەکگرتووەکان بە خێرایى دانیشتنێکی تایبەت لەسەر تورکیا ئەنجام بدات'

زیگلەر رەخنەى لە هەڵوێستى نەتەوە یەکگرتووەکان بەرامبەر بە تورکیا گرت و داواى لە ئەنجوومەنى مافەکانى مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، بە پەلە دانیشتنێکى تایبەت لەسەر تورکیا ئەنجام بدات.

زیگلەرلە بەردەوامیى قسەکانیدا وتى "ئەردۆغان بە پێشێلکردنى یاسا نێونەتەوەییەکان لە دژی کوردان، ئۆپۆزسیۆن و مرۆڤایەتى تاوان ئەنجام دەدات. بەڵام نەتەوە یەکگرتووەکان لێى بێدەنگە، بەڵام بە بڕواى من دەبێت بە خێرایى دانیشتنێک لەسەر تورکیا ئەنجام بدات، چونکە پاساوى تەواو هەیە بۆ ئەنجامدانى ئەو دانیشتنە. دەوڵەتى تورک ماوەیەکى دوور و درێژە بەشێویەکى سیستماتیک و بەرنامە بۆ دانراو تاوانى دژ بە مرۆڤایەتى ئەنجام دەدات. ئەو گۆشەگیری و ئەشکەنجەیەى ئێستا بەسەر ئۆجالاندا سەپێنراوە تاوانى دژ بە مرۆڤایەتییە. بەشێوەیەکى بەرنامە بۆ دانراو بەرهەڵستکاران و ئۆپۆزسیۆن ئەشکەنجە دەکرێن. دەبێت نەتەوە یەکگرتووەکان لە دژی فاشیزمى دەوڵەتى تورک دەست بەکار بێت".

'پێویستە ئۆجالان ئازاد ببێت، چونکە...'

زیگلەر لە بەشێکى تر لە قسەکانیدا وتیشی "من دەڵێم، دەبێت ئۆجالان ئازاد بکرێت، چونکە ئۆجالان ئێستا رێبەری یەکێک لە کۆنترین شارستانییەتەکانى مرۆڤایەتى و دونیایە و رێبەرایەتى بۆ کوردان دەکات. کورد یەکێک لە گەلە دێرین و مێژووییەکانە، بەڵام مافە رۆشنبیری، سیاسی و ئازادییەکانیان پێشێل و ئاستەنگ دەکرێن. من ئەوە بە تاوان لە دژی مرۆڤایەتى دەزانم. بەپێى یاسا نێونەتەوەییەکان ئەوەى لە دژی کوردان ئەنجام دەدرێت تاوانە. ئەرکی هەموو کەسێکە لە دژی ئەوە بوەستێتەوە و داکۆکی بکات. گرینگە کورد خاوەنى کوردستانێک لە هەر چوارپاچەکەى بێت و هەموو هێزە نێونەتەوەییەکانیش ئەوە قبوڵ بکەن و پشتیوانیى لێ بکەن. عەفرین کە خاکی کوردانە لەلایەن دەوڵەتى توورکەوە داگیرکراوە. نەتەوە یەکگرتووەکان و هێزە نێونەتەوەییەکان بۆ لەوە بێدەنگن؟ پێویستە عەفرین ئازاد بکرێت و رادەستى خاوەنەکەى خۆی، واتە رادەستى کوردان بکرێتەوە".

"پەکەکە بزووتنەوەیەکى ئازادییە"

زیگەر ئەوەشی وت "زۆرێک لە حکومەتە رۆژئاواییەکان پەکەکە بە 'تیرۆر' دەزانن، ئەوە نزیکایەتى و رەفتارێکى بەرباد و بێسەروبەرە. پێویستە کۆتایى بەو نزیکایەتییە بهێنن. ئەگەر ئێستا داعش تێکشکاوە، ئەوە لە سایەى کوردان، بە تایبەتى لە سایەى سەری ژنانى کوردەوە روویداوە. با کەس خۆی نەکات بە خاوەنى ئەو سەرکەوتنە. بەرخودان و فیداکاری و بڕوای کوردان بۆ تێکۆشانی ئازادی بووە هۆی تێکشکاندنى داعش و کۆتایهاتن بە داعش. جگە لەوەش پەکەکە بزووتنەوەیەکى ئازادیى نەتەوەییە. لە دژی نکۆڵیکردن و سڕینەوەى گەلێک، کە خاوەنى دەوڵەمەندترین شارستانیەتى جیهانە بۆ ئازادی تێدەکۆشێت. من پێشتریش وتبووم، پەکەکە بزووتنەوەیەکى رەوایە. رێبەری ئەو بزووتنەوە رەوایە بەڕێز ئۆجالانە. بۆیەە دەبێت ئۆجالان ئازاد بکرێت و رێگری و کۆسپەکانى بەردەمی لاببرێن تاوەکو بتوانێت سیاسەت بکات. دەبێت جیهانی رۆژئاوا دەست لەو سیاسەتانە هەڵبگرێت کە دەبنە هۆی پشتیوانیکردن لە ئەردۆغان. ئەوانە (حکومەتە رۆژئاواییەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان) دەتوانن بۆ ئەنجامدانى چاوپێکەوتنى ئاشتییانە لە نێوان پەکەکە و دەوڵەتى تورکدا بە ئەرک و بەرپرسیاریى خۆیان هەستن".

جین زیگلەر کێیە؟

جین زیگلەر ١٩ی نیسانی ١٩٣٤ / ٣٠ی بانەمەڕ لە شاری بێرنی سویسرا لە دایکبووە. کۆمەڵناس و سیاسەتمەدارو نووسەرە. خاوەنى  بڕوانامەى دکتۆرایە لە ماف و کۆمەڵناسیدا.

 ژیانى خۆی پێشکەشی تێکۆشانی کۆمۆنیزم و شۆڕش کردووە. هاوڕێیەکى نزیکى ئەرنەستۆ چێ گیڤارا بوو.

هەموو کات لەلایەن رژێمە کاپیتالیست و داگیرکەرەکانەوە کراوەتە ئامانج و دژایەتیى کراوە.

جین زیگلەر لە بەشی ماف و کۆمەڵناسیدا خاوەنى بڕوانامەى دکتۆرایە، بۆ ماوەیەکى دوور و درێژ لە زانکۆکانی جنیڤ و ساربۆن پرۆفیسۆری کۆمەڵناس بووە.

ماوەیەکیش لەسەر لیستى پارتی سۆسیالیست بووە پەرلەمانتار لە پەرلەمانى فیدراڵی سویسرا دا.

ر.م