هۆشداریی تەندروستکاران لەبارەی چالاکوانانی مانگرتووە

د. خالس یەرلی کایا ئەندامی دەستەی ناوەندیی یەکێتیی پزیشکانی تورک (تەتەبە - TTB) هەم هۆشداریی دایە چالاکوانای مانگرتن و رۆژووی مردن و هەم بەرپرسانی تەندروستی لەمەڕ بابەتی خواردن و پێداویستییە پزیشکییەکان.

ئەندامی دەستەی ناوەندیی یەکێتی پزیشکانی تورک د. خالس یەرلی کایا وتی: "پێویستە دوای چالاکیی مانگرتنی درێژخایەن خواردن و خواردنەوە هێدی هێدی بە مانگرتوان بدرێت و یەکێک لە بنەما سەرەکییەکان ئەوەیە کە چالاکوانەکان یەکسەر خواردنی وشک نەخۆن".

ئەندامی دەستەی ناوەندیی یەکێتیی پزیشکانی تورک، د. خالس یەرلی کایا سەبارەت بە دۆخی تەندروستیی زیندانییەکان و ئەو کارانەی کە پێویستە بکرێن زانیاریی بڵاوکردەوە. یەرلیکایا وتی، چالاکیی مانگرتنی درێژخایەن مەترسیی گەورە لەسەر تەندروستی دروست دەکات، چونکە بە لەدەستدانی کێش هەندێک مەترسی بۆ سەر ژیان دروست دەبەن.

یەرلی کایا وتیشی، قۆناغی دوای کۆتاییهاتنی چالاکی دەبێت باش چاودێریی بکرێت و پێویستە ئەو قۆناغە بە دانایی و زانستی بەڕێوەببرێن بۆ ئەوەی دۆخی تەندروستیی زیندانییەکان باش بێت و ئەوەش تاکە رێگایە، کە دەبێت لە پێناو باشبوونی تەندروستیى مانگرتواندا پەیڕەو بکرێت. ئەگەر بە هۆشیاری و زانستی هەڵسوکەوت نەکەن خواردن و خواردنەوە دەتوانێت مەترسی دروست بکات و بۆ ئەوەى مەترسی دروست نەبێت دەبێت گویڕایەڵی رێنماییەکان بکرێت.

سکاڵایەکى زۆر تۆمارکراون

یەرلی کایا باسی ئەوەیکرد، دوای کۆتاییهاتنی چالاکییەکە هەم لە یەکێتیى پزیشکانى تورک و هەم لە دکتۆرەکانی دیکە و پارێزەران دەستەیەکی چاودێری دروستکراوە، بەڵام سکاڵایەکى زۆر دەکرێت، کە بەپێى ئامار و ژمارەکان زۆریى سکاڵاکان ئەو کێشەیە دەردەخەن.

یەرلی کایا لەبارەی ئامەدەوە وتی: "سەرەتا ئەوانەی لە چالاکیى رۆژووی مردندا بوون و ٣٦ زیندانییان رەوانەى نەخۆشخانە کرد و ئەمرۆ ئەوانیشیان لە نەخۆشخانە هێنایە دەرەوە، بەڵام کاتێک ئەو زیندانییە مانگرتوانەیان بردبوو بۆ نەخۆشخانە لێیاندابوون لە سەر تەختی نەخۆشخانەکانیان کەلەپچەیان کردبوون. بە ناوبژیوانیی ئێمە و پەرلەمانتاران ئەو دۆخە راست کرایەوە".

گوشار خراوتە سەر پزیشکەکان

یەرلی کایا باسی ئەوەشیکرد، بە تیمێک لە نەخۆشخانەی فێرکاریی لێکۆڵینەوەی پشکنین بۆ زیندانییەکان لە گرتووخانەی پیتەکانی  Dو T کراوە و وتی: "لەناویاندا ١٠ کەس پێویستییان بە نەخۆشخانە هەبوو بۆ چارەسەرکردن و برانە نەخۆشخانە و دۆخی تەندروستیى هەمووشیان کۆنترۆڵ کرا. لێرە قۆناغەکە بەو شێوەیە بوو، بەڵام ئێمە دەزانین کە لە تەواوی تورکیا گرفت هەبوون. لەڕێگەی ژووری قەیرانەوە هەستمان بەوە کرد، کە لە هەندێک ناوچەدا کاتێک لە گرتووخانەوەو زیندانییە مانگرتوەکانیان بردووە بۆ نەخۆشخانە لە هەندێک ناوچە هەندێک زیندانى لە ناو ئۆتۆمبێلە زرێپۆشەکانى جۆری رینگ دا مردون، چونکە چەندین کاتژمێر بە کەلەپچە کراوی لە ئۆتۆمبێلە رینگەکاندا راگیرابوون. ئێمە ئەوەش دەزانین، کە بۆ ئەوەی لە نەخۆشخانە چارەسەر نەکرێن گوشار خراوەتە سەر پزیشکەکان. ئێمە پێشبینى ئەوەمان کردبوو، بۆیە رێنمایمان دابوو بە بەڕێوەبەرایەتیی گرتووخانەکان، بەڵام بەپێی ئەو بەرنامانەی پێشنیازمان کردبوو هەڵسوکەوتیان نەکردووە، بۆیە ئێمە لە دژی ئەو بەڕێوەبەرانى پێبەندی ئەو رێنمایانە نەبوون سکاڵاى یاسایى تۆمار دەکەین. ئێمە بە پزیشکەکانیشمان وت، بنەما و رێبازی گەردوونی و ئیتیک چۆن بێت و پێویستیى بە چی هەبێت دەبێن بەپێی ئەوە هەڵسوکەوت بکەن".

"پێویستە بەپێی بەرنامە پێشنیازکراوەکە کار بکەن"

یەرلی کایا لە بەردەوامیى وتەکانیدا ئاژەى بەوەکرد، پێویستە هەر کەسێک بەپێی دۆخی تایبەت پشکنین و هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت، واتە بەپێی کێشی پێشووی کەسە مانگرتووەکە، نەخۆشییەکانی ئێستای، لەکاتی چالاکیی مانگرتندا ڤیتامینیان وەرگرتووە یان نا و هەلومەرجی گرتووخانەکە چۆن بووە. دەبێت بەپێی ئەوانە پشکنینیان بۆ بکرێت. ئەوان دەزانن لەناو مانگرتووەکاندا هەندێکیان دۆخی تەندروستییان باش نییە و زوو تووشی هەوکردن دەبن.

 یەرلی کایا ئاماژەی بەوەشکرد، زیندانییە مانگرتووەکان بۆ ئەوەی دیسان بگەڕێنەوە سەر کێشی جارانیان، پێویستە ماوەیەکی درێژ چاودێری بکرێن. لە پشکنینەکاندا ئەوە دەرکەوتووە، کە ئاستی ڤیتامین لە هەموویاندا کەمە.

 یەرلی کایا باسی لەوەشکرد، دەبێت ژمارەى پێویستى پەرستار بۆ پێدانى وزەبەخش بە زیندانییە مانگرتووەکان لە کاردا بن و دەبێت لە گرتووخانەکان دا بەپێی لیستی ئەو خۆراکانەى دیاریمانکردوون هەڵسوکەوت بکرێت و بۆ زیندانییەکان دابین بکرێت.

یەرلی کایا ئەوەشی وت: "دەبێت دوای چالاکیی مانگرتنی درێژخایەن خواردن و خواردنەوە هێدی هێدی بە مانگرتووەکان بدرێت و یەکێک لە بنەما و رێبازە سەرەکییەکان ئەوەیە، کە چالاکوان یەکسەر خواردنی وشک نەخوات".

دەبێت هێدی هێدی خواردن بخۆن

یەرلی کایا لە بەشێکى تر لە وتەکانیدا ئەوەى خستەڕوو، دەبێت ئەو دانەوێڵانە بخۆن، کە ئەوان بۆیان داناون، چونکە دانەوێڵەی سەرەکین و دەبێت زۆر جار بیخۆن، بەڵام کەم بخۆن و خۆیان لە شەکر بەدوور بگرن، واتە لە شەکری چا، لوقم، مرەبا و دۆشاو دوور بکەونەوە.

 یەرلی کایا ئەوەشی خستەڕوو، دەبێت زیاتر چای روون، میوەی فرێشی لە قوتو نراو، ئاوی میوە و دۆ و محەلەبی و شۆربا بخۆن. لە خواردنی برژاو و سورکراوە زیاتر، خواردنی کوڵاو بخۆن.

یەرلی کایا باسی ئەوەشیکرد، پێویستە خۆیان لەو خواردنانە دوور بخەنەوە کە غازات دروست دەکەن، خواردنی سوێر و بەهاراتی زۆر نەخۆن و ڤیتامینەکانیان وەربگرن و دەبێت تاوەکو ٣ مانگ لەژێر چاودێری پزیشکیدا بن.

دەبێت لە هەر دۆخێکى خراپ و نەرێنی ئاگادار بکرێینەوە

د. یەرلی کایا لە کۆتاییدا وتی، پێویستە چالاکوانان لە قۆناغی چارەسەریدا گرفتە تەندروستییەکانیان لە رێگەی پارێزەرەکانیانەوە بگەیەننە بنکەی تەندروستیی ناو زیندان و سەندیکاکان و وتیشی: "بە بڕوای من لە سەرەتای ئەو قۆناغەوە ئاگاداری پێویستمان داوەتە کارمەندانی تەندروستی و لەبارەى ئەو دۆخەوە ئاگادارمان کردوونەتەوە و هۆشداریشمان پێداون. بۆیە ئەگەر پزیشک یان کارمەندانی تەندروستی کەمتەرخەمییەکیان کردبێت پێویستە باس بکرێت تاوەکو کەمتەرخەمیى لەوجۆرە دووبارە نەبێتەوە و ئەوە گرنگە. لە کۆتاییدا دیسان دەڵێینەوە، ئەو قۆناغەی خواردن و خواردنەوە دەبێت بە باشی بەڕێوە ببرێت. ئەگەر گرفتێکیش دەرکەوت پێویستە سەردانی دامەزراوە تەندروستییەکان بکەن".

ر.م