هیچ زانیارییەک لەبارەی چارەنووسی زیندانیانى سیاسی زانیار و لوقمان مورادی لە بەردەستدا نییە

بە وتەى پارێزەری هەر دوو زیندانیى سیاسیى کورد زانیار و لوقمان مورادی، هیچ هەواڵێک لەبارەی چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە و چارەنووسیان نادیارە. بنەماڵەى ئەو زیندانیانە لە بەردەم زیندانى رەجایى شارى کەرجدا کۆبوونەتەوە.

زانیار مورادی زیندانیى سیاسیى کورد رایگەیاندبوو، رۆژی هەینى بەرپرسانى زیندانی رەجایى شار پێیان راگەیاندووە، رۆژی شەممە، واتە ئەمڕۆ لەگەڵ لوقمان مورادیدا لەسێدارەیان دەدەن، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ هەواڵێک لەبارەى چارەنووسى ئەو ٢ زیندانییە سیاسییەى کورد ل بەردەستدا نییە.

بنەماڵەى زانیار لەبارەى دوایین دۆخى زانیار و لوقمانەوە رایانگەیاندبوو "لە کاتژمێر ٠٣:٠٠ ى بەرەبەیانى ئەمڕۆەوە لە بەردەم زیندانى رەجایى شاری کەرەجدان، بەڵام بەرپرسان لەبارەى چارەنووسی زانیار و لوقمانەوە هیچ زانیارییەکمان پێنادەن".

راشیانگەیاندووە "بەرپرسانى زیندان یارى بە هەستمان دەکەن. جارێک دەڵێن لە سێدارەمان داون و جاریکیتریش دەڵێن لە سێدارەمان نەداون. ئەوەش گومان و نیگەرانییەکى زۆری خستووەتە دڵمانەوە".

هەروەها ساڵح نیکبەخت پارێزەری زانیار و لوقمان مورادی دوێنێ لەلایەن بەرپرسانى رژیمى ئێرانەوە رێگاى پێنەدرابوو بچێت سەردانى زانیار و لوقمان لە زیندانى رەجایى شاردا بکات و دەڵێت "من نازانم ئەوانیان بۆ کوێ بردووە".

نیکبەخت وتیشی "ئەو دوو زیندانییە لە چاوەڕوانى بڕیارى دادگاى تێهەڵچوونەوەدا بوون. من کە پارێزەری ئەوانم لەلایەن بەرپرسانەوە پێم نەوتراوە بۆ کوێیان بردوون. ئێستا من بە بێ بڕیارى دادگا ناتوانم زانیار و لوقمان ببینم".

ئەوەشى وت "'هێشتا دۆسیەى زانیار و لوقمان یەکلایى نەبووەتەوە. دەبێت کاروبارەکانى دۆسیەکەیان کۆتایى پێ بێت، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو کارە نەکراوە. دەبێت ئێمە بەرگری لەو ٢ گەنجە بکەین. من زۆر خەمبارەم و نازانم ئەوانیان بۆ کوێ بردووە و ناشزانم بۆ چییان بردوون و لەوبارەیەوە هیچیشم پێناڵێن".

ر.م