هیچ کەس لە دەستگیرکراوانى دۆزى نسێبین ئازاد نەکران

لە دانیشتنى دادگایکردنى دەستگیرکراوانى دۆزی نسێبیندا بڕیارى ئازادکردن بۆ هیچ یەک لە دەستگیرکراوانى ئەو دۆزە دەرنەکرا.

سێیەمین دانیشتنى دادگایکردنى ٥٣ کەس لە دەستگیرکراوانى نسێبین، کە لە کاتى هێرشە پاکتاوکاری و کۆمەڵکوژکارییەکانى دەوڵەتى تورکیا بۆ سەر ناوچەی نسێبینی مێردین دەستگیرکران، بەڕێوەچوو.

سێیەمین دانیشتنەکە ماوەى ٢ رۆژى خایاند و دانیشتنەکەش لە لقی چوارى دادگاى سزا قورسەکانى مێردین بەڕێوەچوو و لە دواى نیوەڕۆی دانیشتنەکەدا پارێزەران دەستیان کرد بە بەرگریکردن لە دەستگیرکراون.

دەستگیرکراوەکان رەتیان کردەوە لەو دۆخەدا بەرگری لەخۆیان بکەن

دەستەى دادوەریى دادگاکە بڕیاریدا ئەو دەستگیرکراوانەى ئامادە نەبوون بەرگری لە خۆیان بکەن، دەبێت لە دانیشتنى داهاتوودا بەرگری لە خۆیان بکەن یان دەبێت "مافى بێدەنگبوون" قبوڵی بکەن.

دەستگیرکراوەکان ئامادە نەبوون لە رێگەى پەخشی راستەوخۆی تەلەفزیۆنى داخراوی ئینتەرنێتی (SEGBÎS) بەشدارى دانیشتنەکەى دادگا بن. دەستەى دادگاکە داواى دەستگیرکراوەکانى بۆ ئامادەبوون لە هۆڵى دادگادا قبوڵکرد، بەڵام داواى دەستگیرکراوەکانى بۆ ئەوەى بە کوردى بەرگری لە خۆیان بکەن و وەرگێڕیان بۆ دابنرێت، رەوانەى وەزارەتى داد کرد.

زۆربەى داواى پارێزەران رەتکرانەوە

دادگا داواى پارێزەرەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە دەستگیرکردن و ئەشکەنجەکردنی دەستگیرکراوەکان بەپێى ئەو وێنە و ڤیدیۆییانەى لە دەستگیرکردن و ئەشکەنجەکردنیان بڵاوکراەتەوە قبوڵکرد، بەڵام هەموو داواکانى ترى پارێزەرانى رەتکردەوە.

دەستەى دادگاکە بڕیاری درێژکردنەوەى ماوەى دەستگیرکردنى دەستگیرکراوکانى دا و دانیشتنى داهاتووی ئەو دەستگیرکراوانەی  دواخست بۆ ١٥ی تشرینى یەکەمی ٢٠١٨.

ر.م