هەدەپە: ئەوەى ئەردۆغان ئەنجامى دەدات تاوانە

بەڕێوەبەرایەتیى هەدەپە باسى لە فەرمانەکەى ئەردۆغان دژ بە دەمیرتاش کرد، کە ئاراستەى دادگا و کۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانی کردووە. هەدەپە راشیگەیاند، ئەو کارەى ئەردۆغان تاوانە.

 دەستەى بەڕێوەبەریى ناوەندیى پارتى دیموکراتیکى گەلان (هەدەپە) راگەیاندراوێکى بەناوی "سەرۆک کۆمار تاوان ئەنجام دەدات، دادگاى باڵاى دەستووریش دەستوور و یاسا پێشێل دەکات" بڵاوکردەوە.

"دادگاى باڵای دەستووری لەسەر داوایەک بڕیارى دەرکرد، کە ئەو داوایەى لێ نەکراوە!"

لە راگەیاندراوەکەى هەدەپەدا هاتووە، پێشێلکردنى مافەکان، تاوان و بێ پەرەنسیپی لە کاتى هەڵبژاردندا بەردەوامیى هەیە. ئەوەشى تیادا هاتووە "بۆ پاڵێوراوبوونى سەڵاحەدین دەمیرتاش بۆ سەرۆکایەتیى کۆمار رۆژی ٢٩ى ئایاری ٢٠١٨ / ٨ى جۆزەردان سەردانى دادگاى باڵاى دەستووریمان کرد. هەر ئەو رۆژە، کە سەردانى دادگاکەمان کرد، دادگاکە بڕیارى دەرکرد، کە بەپێى خاڵى ٧٣ی پەیڕەوی ناوخۆ، سەردان و داواکارییەکە قبوڵ ناکرێت".

هەدەپە راشیگەیاندووە "بەڵام ئەوەى سەیربوو، کە ئێمە بەپێى خاڵى ٧٣ى پەیڕەوى ناوخۆیى هیچ داوایەکمان بۆ بەڕێز سەڵاحەدین دەمیرتاش پێشکەش نەکردبوو، بەڵکو داواکەى ئێمە بۆ ئەوە بوو، کە بەپێى خاڵى ٦٨ی پەیڕەوى ناوخۆ، داواکەمان بۆ پاڵێوراوبوونى دەمیرتاش بە زوویى وەڵام بدرێتەوە. دادگاى باڵاى دەستوورى بە بێ ئەوەى لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە و داواکەمان بکات، لەسەر داوایەک کە پێشکەشى نەکراوە، بڕیارى دەرکردووە. ئەوەش دەریدەخات دادگا بەپێى فەرمانێک کە پێى دراوە بڕیارەکەى دەرکردووە. دادگاى باڵاى دەستوورى هیچ لەخەمى ئەوەدا نییە کە پێشێلکارییەکەى بشارێتەوە، بە ئاشکرا ئەوەمان پێ دەڵێت، کە بەپێى فەرمان پێکردن دەجوڵێتەوە. بەداخەوە دادگاى باڵاى دەستووری بووە بە دیوانى باڵاى پێشێلکارى و زەوتکردنى مافەکان".

"ئەردۆغان بە ئاشکرا فەرمانیان پێدەکات"

لە راگەیاندراوەکەى هەدەپەدا ئەوەش هاتووە، ئەردۆغان سەرۆکى گشتیى ئاکەپە بە ناوى سەرۆک کۆمارەوە دەست لە هەندێک بابەت وەردەدات، کە هیچ پەیوەندیى بەوەوە نییە.

لە بەردەوامیى راگەیاندراوەکەى هەدەپەدا نووسراوە "ئەردۆغان بۆ ئەوەى رێگا لە پاڵێوراومان سەڵاحەدین دمیرتاش بگرێت و رێگاى پێ نەدرێت لە چوارچێوەى مافەکانیدا بۆ هەڵبژاردن بەشێوەیەکى سەربەست و ئازادانە کار بکات، بە ئاشکرا فەرمانی بە چەندین دامودەزگا کردووە بۆ ئەوەى رێگرى لە دەمیرتاش بکەن".

هەدەپە باسى ئەوەشیکردووە "ئەردۆغان سەرۆکى گشتیى ئاکەپە لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا دانى بەوەدا ناوە، کە فەرمانى بە کۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکان کردووە. ئەردۆغان لەو بەرنامەیەدا ئەوەشى وت، کە خۆى زانیاریى داوە بە کۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردن و پێی وتون، چاوپێکەوتنى دەمیرتاش بۆ بانگەشەى هەڵبژاردن لە کەناڵى تى ئاڕ تی، لە دواى ئەوەى لەلایەن ئێوەوە کۆنتڕۆڵکرا، ئەو کات رێگاى پێ دەدرێت بڵاوبکرێتەوە".

هەدەپە ئەوەشى خستووەتەڕوو "پاڵێوراوێک لەبارەى وتەکانى پاڵێوراوێکى ترەوە بڕیار دەدات! ئەوە دۆخێکى سەیر و نامۆ و پێشێلکردنى مافەکان و یاسایە، کە لە هیچ شوێنێکى دونیادا نەبینراوە و بوونى نییە. دەستوەردان لە هەڵبژاردندا تاوانە".

هەدەپە ئەوەشى وتوە "سەرۆکى گشتیى ئاکەپە لەوە تێگەیشتوە، کە سەربارى هەموو هەوڵەکانى، ناتوانێت ئەو ئەنجامەى کە پێویستى پێیەتى بە دەستى بهێنێت، بۆیە فەرمان بۆ هەموو دامودەزگاکانی دەوڵەت دەردەکات تاوەکو بەو شێوەیەى، کە پێویستییەتى لە هەڵبژاردندا سەربکەوێت. بۆ ئەوەش یەک لە دواى یەک تاوان ئەنجام دەدات".

"ئێمە یەک بە یەک لەو تاوانانە دەپرسینەوە"

هەدەپە لە کۆتایى راگەیاندراوەکەیدا ئەوەشى نووسیوە "کارى کۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردن ئەوە نییە، کە مەرجەکانى هەڵبژاردن لەبەر ئەوەى سوود بە پاڵێوراوێک بگەیەنێت بگۆڕێت. ئەرکى کۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردن ئەوەیە، کە ئامادەکارى بکات بۆ هەڵبژاردن تاوەکو ئیرادەى گەل بە بەهێزییەوە کاریگەرى خۆى لەسەرسندوقەکانى دەنگدادا بخاتەڕوو. ئێمە سکاڵا لە دژى هەر یەک لەو تاوانانە تۆمار دەکەین. لە چوارچێوەى ماف و دیموکراسیدا یەک بە یەک لە هەموو ئەو تاوانانەش دەپرسینەوە و دەبێت باجى تاوانەکانیان بدەن".

ر.م