هەدەپە: بە سووکایەتی کردن دەیانەوێت ڕەوایەتی بە دەستبەسەرداگرتنەکاندا بدەن

سالم کاپڵان، یاریدەدەری هاوسەرۆکی هەدەپە و بەرپرسی خۆجێییەکان وتی، ئاکەپە بە کەمپینی ڕەشکردن و لێپرسینەوە ساختەکانی، هەوڵ دەدات کودەتای قەیوم بە ڕەوا نیشان بدات.

یاریدەدەری هاوسەرۆکی هەدەپە و بەرپرسی خۆجێییەکان، سالم کاپڵان لەژێر ناونیشانی "ئێوە ناتوانن بە کەمپینی ڕەشکردن و لێپرسینەوەی ساختە، کودەتاکە ڕەوا بکەن" بابەتێکی بڵاو کردەوە.

کاپڵان نووسراوە فەرمییەکانی سەبارەت بە لەسەرکار لادانی هاوسەرۆکی شارەوانی گەورەی وان بەدیعە ئۆزگۆکچە- وەبیر هێنایەوە و وتی: "نووسراوە فەرمییەکان نیشان دەدەن قەیوم کودەتایەکی پیلان بۆ داڕێژراوە".

لە بابەتەکەدا هاتووە، ئەرتان بۆ ئەوەی بەڵێنەکانی کاتی کەمپینەکانی هەڵبژاردن دەستبەجێ جێبەجێ بکات، لە چوارچێوەیە بابەتی گرێدراو و لەسەر بنەمای شایستەیی هەندێک کەسی دامەزراند و لە بەردەوامیدا دیاری کرا کە گەندەڵی و بەرتیل بونە بابەتی لێپرسینەوەی وەزارەت، لەسەر کار لادانی ئەو کەسانەی لە کاتی قەیومەکان هاتنە سەر کار وەکو کارێکی دەرەوەی یاسا نیشان دراوە، ئەوەش ئەو عەقلیەتە چەپەڵەی پشت لێپرسینەوەکانە.

لە بەردەوامیدا ئەوەش هاتووە: "ئەو دەسەڵاتەی لە بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆن و بە ڕێگەی چەواشە و درۆ بوەتە وەستا، ناتوانێت بیسەلمێنێت هاوسەرۆکی شارەوانییەکەمان بەدیعە ئۆزگۆکچە ئەرتان، ئەحمەد تورک و عەدنان سەلجوق مرزاکلی یەک قڕۆشی گەلیان بەفیڕۆ داوە، ناتوانێت بیسەلمێنێت گەندەڵیان کردووە. تەنیا بەهۆی ڕای گشتی جیهانەوە دەتوانن خۆیان شپرزە بکەن، لەوە زیاتر هەنگاوێکی تر ناتوانن بنێن".

لە کۆتاییدا هاتووە: "بە لێپرسینەوەی وا ساختە ناتوانن ڕەوایەتی ببەخشن بە کودەتای قەیومەکان. تەنیا دەسەڵات و دەوروبەرەکەی و لێپرسراوە کارتۆنییەکانی باوەڕ دەکەن. ئەگەر بەڕاستیش ئێوە بەدوای ناماقووڵی، گەندەڵی، تاڵانیدا دەگەڕێن، دوور نین، سەیری ئاوێنە بکەن".

ک-ش