"هەدەپە جارێکی دیکە ئاکەپە بە دۆڕان دەدات"

کۆرای تورکای هاووتەبێژی هەرێمی یەکەمی کۆنگرەی دیموکراتیکی گەلان (هەدەکە - HDK) وتی، ستراتیژی هەدەپە راستە و لە ئەستەنبۆڵ جارێکی دیکە ئاکەپە بەدۆڕان دەدات.

پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە - HDP) لە هەڵبژاردنەکانی ٣١ ئادار/١١ی نەورۆز لە ئەستەنبۆڵ پاڵێوراوی دانەنا و بەوەش بووە هۆی تێکشکاندنى هاوپەیمانیى ئاکەپە – مەهەپە. هەدەپە لەم هەڵبژاردنەشدا هەمان ستراتیژ پەیڕەو دەکات و بۆ ئەو ئامانجەش لە هەموو ناوچەکانی ئەستەنبۆڵ دەستی بە کاروباری هەڵبژاردن کردووە. رێکخستنى کۆبوونەوە جەماوەرییەکان، کە هاوسەرۆکانی هەدەپە خۆیشیان بەشداری تیدا دەکەن تاوەکو دوا رۆژی کاتى بانگەشەى هەڵبژاردن بەردەوام دەبن. هاووتەبێژی کۆنگرەی دیموکراتیکی گەلان (هەدەکە - HDK) لە هەرێمی یەکەم، کۆرای تورکای لەبارەی کار و ستراتیژی هەدەپەەوە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات ( ANF) دوا.

کودەتا بەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردندا کرا

تورکای رایگەیاند، لەبەرئەوەی ئاکەپە بەرگەی رووخانی نەگرت، کۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانى تورکیا (یەسەکە - YSK) رۆژی ٦ی ئایار / ١٦ی بانەمەڕ بڕیاری دا ئەنجامى هەڵبژاردنى ئیستەنبول هەڵبوەشێنێتەوە و بەوەش کودەتایان بەسەر بەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردندا کرد. بەوەش هەوڵیاندا لە رێگەى کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکانەوە دەست بەسەر ئیرادەی گەل دا بگرن.

تورکای راشیگەیاند، لەدژی ئەوە بەرەیەکی دادپەروەری و دیموکراسی دروستبووە و وتی "بێگومان گرنگترین ئاکتۆری ئەو بلۆکە دیموکراسییە هەدەپەیە. ئەو تێکۆشانە، کە بۆ دیموکراسیی کردویەتی و  قوربانیی لە پێناویدا داوە، جێگەی مشتومڕ نییە".

سیاسەتی نمونەیی هەدەپە

تورکای لە بەردەوامیى وتەکانیدا باسی ئەوەیکرد، بابەتی زەوتکردنی ئیرادەی گەل بەسەر هەدەپەدا سەپێنراوە و وتی: "بینیمان ئەو شارەوانییانەی لە کوردستان بە ئیرادەی گەل هەڵبژێردران، لەلایەن ئاکەپەوە و لە ڕێگەی کودەتاوە لێیان زەوت کرا. بێگومان لە شارەکانی رۆژئاوای وڵاتیش لەبەر ئەوەى ئەزموونێکی وەها نەبوو هەست بەو کودەتایە بەسەر ئیرادەى گەل لە کوردستاندا نەدەکرا. ئەو پێشێلکارییە یاساییەی بەرانبەر هەدەپە دەکرا، لێرە بەسەر جەهەپە، ئی یى پارتی و پارتی سەعادەتدا هات. هەدەپە لەو بابەتەدا سیاسەتێکی نمونەیی پەیڕەو دەکات وئەوەى خستەڕوو، کە دەبێت لە دژی زەوتکردن و دەستبەسەرداگرتن چ جۆرە تێکۆشانێک بەڕێوەببرێت".

هەدەپە ئاکەپەی تێکشکاند

تورکای ستراتیژی ئێستای هەدەپە بە راست و دروست دەزانێت، کە پاڵێوراوی بۆ ئیستەنبول دانەناوە و وتی: "لە بابەتی تەنگەتاوکردنی ئاکەپە و مەهەپەدا ، هەدەپە گرنگترین ئاکتۆر و کارەکتەرە. لە بابەتی دانەنانی پاڵێوراودا رازیکردنی دەنگدەرانی بابەتێکى دژوار بوو، بەڵام دەنگدەرانی کورد بەبێ دوو دڵی لە ئەستەنبول، مێرسین، ئانتالیا، ئەدەنە و ئامەد، ئاکەپە - مەهەپەیان تێکشکاند. بۆیە دەتوانم بڵێم، بە ئەکتیڤبوونێکی گەورەوە و چالاکانە بەشداری هەڵبژاردنی ٢٣ حوزەیران / ٢ ی پوشپەڕ دەبن".

ر.م