هەدەپە خەباتى هەڵبژاردنى شارەوانییەکانى لە ئیستەنبول دەستپێکرد

هەدەپە لە ئیستەنبول خەباتى هەڵبژاردنى شارەوانییەکانى دەستپێکرد. لە کۆبوونەوەى دەستپێکردنى خەباتى هەڵبژاردنى هەدەپەدا بەڵێنى "ئێمە خۆمان لە داسەپێنراوەکان رزگار دەکەین" دووبارە کرایەوە.

رێکخستنى هەدەپە لە ئیستەنبول لە بینای هەدەپە لەو شارەدا خەباتى خۆی بۆ هەڵبژاردنى ٣١ی ئاداری ٢٠١٩ی شارەوانییەکان دەستپێکرد. ئەسەنگیول دەمیر و جەنگیز چیچەک هاوسەرۆکانى رێکخستنەکانى هەدەپە لە ئیستەنبول و ئەندامانى ئەنجوومەنى هەدەپە و بەڕێوەبەرانى هەدەپە بەشداری کۆبوونەوەکە بوون.

ئەسەنگیول دەمیر لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاند، عەقڵییەت و هۆشمەندیى خەبات بۆ شارەوانییەکان تەنها بۆ مەبەستى بە دەستهێنانى چەند کورسییەک نییە.

"ئەزموونی ١٠٢ شارەوانیمان هەیە"

ئەسەنگیول دەمیر هاوسەرۆکى هەدەپە لە ئیستەنبول وتى "ئێمە دەمانەوێت ئەوە دەستنیشان بکەین، کە هاوکاریى گەل و پێکەوەیى و عەقڵییەت و هۆشمەندیى ئەوەى، کە دەبێت هەموو بەشەکانى کۆمەلگە بەشدار بن پێشبخەین. بە بەشداربوون لە ئەنجوومەنەکانى گەل، ئەنجوومەنە هەرێمییەکان، ژنان، گەنجان، مندالان، هاووڵاتییانى بێبەشکراو، سەندیکاوانەکان عەقڵییەتى شارەوانییە دیموکراتیکەکان بونیات بنێین. ئێمە ئەزموونی ١٠٢ شارەوانیمان هەیە، کە دەبەپە لە کوردستاندا تیایاندا سەرکەوتنى بەدەستهێنابوو، بەڵام لەم دواییانەدا قەیومیان بەسەر شارەوانییەکاندا داسەپاند".

"دەبێت ئێمە خۆمان لە داسەپێنراوەکان رزگار بکەین"

ئەسەنگیول دەمیر باسی ئەوەشیکرد، کە دەزانن کێشە گەورەکانى ئیستانبول چین، بۆیە "دەبێت ئیستەنبول لە عەقڵییەتى گەندەڵی، رانت، بەرتیلخۆری و داسەپێنراوەکان رزگار بکرێت".

ئەسەنگیول لە کۆتایى قسەکانیدا وتى، تۆمارکردنى ناوى پاڵێوراوەکان بۆ هەڵبژاردنى شارەوانییەکان دەستیپێکردووە و داواى لەگەل کرد پاڵێوراوەکانى خۆیان بنێرین بۆ ناو تۆمارکردن.

ر.م