هەدەپە: دەیانەوێت ئێزدییەکان لە شەنگال پاکتاو بکەن

ئازاد بارش، بەرپرسی کۆمیتەی ڕاگەیاندن و جێگری هاوسەرۆکی گشتی هەدەپە، لەبارەی پێنجەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە و وتی: "جینۆسایدی ئێزدییەکان و زنجیرەی فەرمانەکان شەرمەزار دەکەین".

بەرپرسی لێژنەی ڕاگەیاندن و جێگری هاوسەرۆکی گشتی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە - HDP)، ئازاد بارش بە ناوی هەدەپە لەبارەی کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان لە ٣ی ئابی ٢٠١٤/١٢ گەلاوێژ ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە وتی: "لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ لاپەڕەیەکی ڕەش و تاریک لە مێژووی ئەو خاکە دێرینە زێدە کرا. چەتەکانی داعش کە لەلایەن دەوڵەتانی ناوچەکە و هێزە ئیمپریالیستەکانەوە هاوکاریان دەکرا، هێرشیان کردە سەر شەنگال، ژن و منداڵ و ژن و پیاوی بەساڵاچوو، کە تێیدا زیاتر لە ٥ هەزار کوردی ئێزدی کۆمەڵکوژ کران. هەزاران کەس بەدیل گیران، سەدان کەس کۆچیان کرد و کۆمەڵکوژییەکی گەورە ئەنجام درا. دوای کۆمەڵکوژییەکە هەزاران ژن لە بازاڕەکان وەکو کۆیلە فرۆشران".

'بەو هێرشە لاپەڕەیەکی ڕەش لە مێژوودا زیاد کرا'

بارش لە ڕاگەیاندراوەکەدا باسی لەوەش کرد کە ئەو هێرشە دڕندانەیە لە لایەن داعشەوە کرا، بە زیانێکی مرۆیی گەورە، گێرەشێوێنییەکی ویژدانی و کۆچبەری و پەنابەری لێکەوتەوە و ڕووخاندنێکی گەورەی لەگەڵ خۆیدا هێنا و لێی زیاد کرد: "بەو هێرشە لاپەڕەیەکی ڕەش لە مێژوو زیاد کرا و ئەو هێرشە وەکو فەرمانی ٧٣یەمین لە یاد و بیری گەلە ئێزدییەکەمان جێگیر بوو. گەلی ئێزدی هەزاران ساڵە لە میزۆپۆتامیای کۆن دەژین، بە درێژایی مێژوو بەردەوام ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی و کۆچپێکردن و پەنابەریی بوونەتەوە. بەڵام لەدژی ئەو زنجیرە فەرمان و کۆمەڵکوژییانە، گەلی ئێزدی بەردەوام خاوەنداریان لە باوەڕ، کەلتور و هەبوونی خۆیان کردووە، لەمڕۆ بەدواوەش خاوەنداری دەکەن.. ئەو هێرشەی ٣ی ئابی ٢٠١٤ بەڕێوەچوو، لە لایەن پەرلەمانی ئەوروپاوە وەکو 'جینۆسایدی ئێزدیان' ناسێنرا. دامەزراوە و دەزگا نێونەتەوەییەکان لە ڕاپۆرتەکانیاندا ئەو هێرشەیان وەکو 'تاوان لەدژی مرۆڤایەتی' پێناسە کرد، بەڵام دەسەڵاتی سیاسی لە تورکیا  ئەو کۆمەڵکوژییەی بە شێوەیەکی فەرمی شەرمەزار نەکرد و هەڵوێستێکی لەدژی ئەوە نیشان نەدا. لێژنەی سەربەخۆی لێکۆڵینەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، داوای لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد بۆ ئەوەی ئەو کۆمەڵکوژییە وەکو 'جینۆساید' بناسێنێت. دوای ئەو جینۆسایدە، ئەو ئێزدیانەی کە بە ناچاری لە تورکیا نیشتەجێ ببوون، ڕووبەڕووی گوشاری جیاکاریی بوونەوە. ئەوکامپانەی کە بە پشتیوانی شارەوانییەکان کرابوونەوە، لەلایەن قەیومەکانەوە داخرا، ئێزدییەکان جارێکی دیکە ڕووبەڕووی کۆچکردن بوونەوە.

'دەیانەوێت شەنگال بکەنە شوێنێکی بێ ئێزدی و بێ کورد'

بارش سەرنجی ڕاکێشایە سەر ئەو سیاسەتەی کە هەیە لەدژی ئێزدیان و بەو شێوەیە بەردەوام بوو: "پێنج ساڵ بەسەر هێرشەکەی ٣ی ئابی ٢٠١٤دا تێپەڕی، بەڵام برینی ئێزدییەکانی شەنگال هێشتا سارێژ نەکراوە. ئەمڕۆ هەڕەشەی کۆچبەریی و هێرشکردن لە شەنگال دەکرێت و دەیانەوێت شەنگال بکەنە شوێنێکی بێ ئێزدی و بێ کورد، بەداخەوە ئەمڕۆ ئێزدی لەژێر مەترسیی کۆمەڵکوژییەکی دیکە دان. هەندێک دەوڵەتی هەرێمیی دەیانەوێت فەرمانی ٧٣یەمین کە لەلایەن داعشەوە دەستپێکرابوو، بگەیننە ئامانج و تەواوی بکەن. دەبێت هەموو هێزە نێونەتەوەییەکان لەدژی ئەو مەترسییە بێدەنگ نەبن و بە بەرپرسیارییەتییەوە مامەڵە بکەن. ئێمە ناهێڵین شەنگال لە کوردە ئێزدییەکان پاکتاو بکرێت. دەبێت هەلومەرجە مرۆییەکانی شەنگال باش بکرێن و ئێزدییە کۆچبەرەکانیش بگەڕێنەوە سەر خاکی دێرینیان و نیگەرانی ئاسایشیان نەهێڵرێت".

بانگەوازی بۆ مرۆڤایەتی کرا تێبکۆشن

بارش لە کۆتاییدا باسی لەوەش کرد، لە 'پێنجەمین ساڵوەگەڕی کۆمەڵکوژی شەنگال'دا، وەکو فەرمانی ٧٣یەمین لە هزر و یادی ئێزدییەکانی جێگیر بووە، بەڕێز و دڵێکی غەمبارەوە یادی هەموو قوربانییەکان دەکەینەوە و وتی: "بانگەواز بۆ هەموو مرۆڤایەتی دەکەین کە بە تێکۆشان لەدژی کۆمەڵکوژیی و جینۆساید بوەستنەوە، پەرە بە تێکۆشانیان بدەن". 

ک-ش