هەدەپە: لە بەرامبەر هەڕەشەکانی ئەردۆغاندا هەنگاو بۆ دواوەوە نانێین

پەروین بولدان و سەزای تەمەلی هاوسەرۆکانى گشتیى هەدەپە ناڕەزایەتیى توندیان بەرامبەر بە هەڕەشەکانى ئەردۆغان بۆ سەر هەدەپە دەربڕی.

هاوسەرۆکانى گشتیى هەدەپە لەبارەى هەڕەشەکانى ئەردۆغان بۆ سەر هەدەپە راگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە. ئەردۆغان رایگەیاندبوو 'ئەوانەى پشتیوانییان لە هەدەپە کردووە و بوونەتە هۆى ئەوە هەدەپە بچێتە پەرلەمان دەبێت باجەکەى بدەن'. ئەردۆغان بەو شێوەیە هەڕەشەى لە دەنگدەرانى هەدەپە کرد.

لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە "ئەو قسە و هەڕەشەیەى ئەردۆغان قبوڵ ناکرێت. هەدەپە ٦ ملیۆن دەنگى بە دەستهێناوە و ئەو دەنگدەرانە لەگەڵ بنەماڵەکانیان دەبنە ٢٠ملیۆن کەس. ئەو قسانە هیچ پەیوەندییەکیان بە رۆشنبیریى سیاسی و دیموکراتیکەوە نییە.

ئەو کەسانەى دەیانەوێت لە رێگەى دەسەڵاتى ترسێنەر و تۆقێنەرەوە حکومڕانى بکەن، دەبێت ئەوە بزانن بە رێگایەکى هەڵەدا دەڕۆن.

هەدەپە بە ٦٧ پەرلەمانتارەوە چووەتە پەرلەمان و رێگاى نەدا هاوپەیمانیى ئاکەپە – مەهەپە دەستوورى بنەڕەتیى بەپێى ویستى خۆیان بگۆڕن. ئەنجامى هەڵبژاردن ئەوەى روون کردووەتەوە، کە هەدەپە لە زۆر شار و ناوچەدا دەتوانێت (لە هەڵبژاردنى شارەوانییەکاندا) شارەوانییەکان بەدەست بهێنێت و دەتوانێت دەسەڵات تێکبشکێنێت.

بۆ ئەوەى داڕمانى ئابووری و هەروەها درۆ و دەلەسەکانیان لە سیاسەتى دەرەوەدا بشارنەوە پەلامارى هەدەپە دەدەن، بەڵام گەلەکەمان ئەو کارانە پوچەڵ دەکاتەوە.

هەدەپە و دەنگدەرەکانى لە دژى هەڕەشە و کارەتێکدەرانەکان درێژە بە تێکۆشانى دیموکراسیانە و ئاشتاییانە دەدەن".

ر.م