هەدەپە ٢٠ی ئەم مانگە دەست دەکات بە ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنى شارەوانییەکان

هەدەپە لە ٢٠ی ئەم مانگەدا کۆبوونەوەیەک لەگەڵ "دەستەى کاری خۆبەڕێوەبەریى هەرێمى" ئەنجام دەدات و بەوەش دەستبەکار دەبێت بۆ ئامادەکارییەکانى هەڵبژاردنى شارەوانییەکان. ئەو دەستەیە سیاسەتى دانانى قەیومە داگیرکەرەکان و هەڕەشەکانى ئەردۆغان دەخەنە رۆژەڤ.

پارتى دیموکراتیکى گەلان (هەدەپە) رۆژی ٢٠ی تشرینى یەکەمی ٢٠١٨ بە ئەنجامدانى کۆبوونەوەیەک لەگەڵ "دەستەى کاری خۆبەڕێوەبەریى هەرێمى" دەست دەکات بە هەڵمەتەکانى بۆ ئامادەکاریى هەڵبژاردنى شارەوانییەکان. بەوەش یەکەم هەنگاو بۆ هەڵبژاردنى خۆبەڕێوەبەرانی هەرێمى هەڵدەگرێت.

هەدەپە کۆبوونەوەکە بە ناونیشانی "ئەزموونى خۆبەڕێوەبەریى هەرێمە دیموکراتیکەکان لە تورکیا" بۆ دەستەى کار خۆبەڕێوەبەریى هەرێمى ئەنجام دەدات.

کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونى پەروین بوڵدان و سەزای تەمەلی هاوسەرۆکانى گشتیى هەدەپە، ئەحمەد تورک سیاسەتمەداری کورد، هاوسەرۆکانى کۆنگرەى دیموکراتیکى گەلان (هەدەکە)، بەردان ئۆزتورک هاوسەرۆکى کۆنگرەى کۆمەڵگەى دیموکراتیک (کەجەدە)، چالاکوانانى تەڤگەری ژنانى ئازاد (تەژەئا)، پەلەرمانتارانى هەدەپە و رێکخستنە هاوبەشە دیموکراتیکەکانیان بەڕێوەدەچێت.

کۆبوونەوەکە ٦ دانیشتن لە خۆی دەگرێت. دەستەى کاری خۆبەڕێوەبەریى هەرێمى لە ژێر ناونیشانی "سیستمى ژن لە خۆبەڕێوەبەریى هەرێمیدا"، "رەشنووسی سیاسەتەکان و مۆدێلی خۆبەڕێوەبەریى هەرێمە دیموکراتیکەکان" لەبارەى پلان و کارەکان گفتوگۆ بۆ هەڵبژاردنى شارەوانییەکان دەکەن.

هەروەها باسیش لە هەڕەشەکانى ئەردۆغان و سیاسەتى دانانى قەیومە داگیرکەرەکانیش، بەشێکى تر دەبێت لە گفتوگۆکانى دانیشتنەکەى هەدەپە بۆ هەڵبژاردنى شارەوانییەکان.

ر.م