لەگەل نزیکبوونەوەی لە هەڵبژاردنەکانی ٢٤ی حوزەیران/ ٣ی پووشپەڕ، ڕژێمی ئاکەپە - مەهەپە هێرشەکانی بۆ سەر هەدەپە زیاتر و چڕتر کردووەتەوە. لە مانگێک و ١٥ رۆژى رابردوودا، بەلانیکەمەوە ٢٠٨ ئەندامی هەدەپە دەستگیرکراون و ١٦ کەس لەو دەستگیرکراوانەش سزاى زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێنراوە. هەروەها لانیکەمیش ٥٧ هێرش کراوەتە سەر هەدەپە.
بە گوێرەی هەواڵێکى ئاژانسی هەواڵی میزۆپۆتامیا (MA)، هەدەپى رایگەیاندووە، دەربارەی ئەو هێرش و فشارانەی دەکرێتە سەر حزبەکەیان ڕاپۆرتێکیان بڵاوکردووەتەە. لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، لایەنگرە فاشیستەکانی ئاکەپە - مەهەپە هێرشیان کردووەتە سەر حیزبی سۆسیالیست (SP) و جەهەپەش.
راپۆرتەکەى هەدەپە
لە ڕاپۆرتەکەدا، زانیاری لەسەر هێرش و ئاستەنگییەکان بڵاوکراونەتەوە. بە گوێرەی زانیارییەکانی نێو ڕاپۆرتەکە، لە ڕۆژی ٢٨ ی نیسان / ٨ى بانەمەڕەوە هێرشەکان بۆ سەرمان دەستیپێکردووە. لە هێرشەکاندا هاوسەرۆکانی شارەکان و ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی پارتەکەمان، کە کاروخەبات بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن دەکەن، دەستگیر و زیندانیکراون.
لە راپۆرتەکەدا ئەوەش هاتووە، کەژاوەی ئۆتۆمبێل و کردنەوەی ناوەندی بانگەشەی هەڵبژاردن و میتینگی هەدەپە ئاستەنگ کراون. ئەوەش تۆمارکراوە، کە هاوسەرۆکی گشتیی هەدەپە سەزای تەمەلی بەمەبەستی بانگەشەی هەڵبژاردن دەیویست سەردانی تاراوگە بکات، بەڵام ڕێگەیان پێ نەدا و دەستیان بەسەر پاسپۆرتەکەیدا گرت.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، والییەکان (پارێزگارەکان)ی حکومەت پەیوەستی کەمپەیەنی هەڵبژاردنەکانی ئاکەپە بوون. ئەوەش پێشێلکردنی یاساکانی هەڵبژاردنە. هەروەها لەبەرامبەردا هێزەکانی پۆلیس هەڕەشەیان لە ئەندامانی هەدەپە کردووە و ڕێگەیان نەداون کە ئاڵای پارتەکەیان بە بارەگای خۆیاندا و لە بنکەکانى بانگەشەى هەڵبژاردن هەڵبواسن.
لە ڕاپۆرتەکەی هەدەپەدا ئاماژە بەوشەکراوە، لە نازیلییە، فاشیستەکان هێرشیان کردووەتە سەر کەژاوەی ئۆتۆمبێلەکانی هەدەپە و لە ئەنقەرەش پاش دیداریان لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵکدا، هێرشیان کراوەتە سەر.
هەروەها لە ئەنقەرە، هێرش کراوەتە سەر کرێکارانی کوردی بیناسازی، کە ئەندامی هەدەپە بوون. لە قەیسەریەش بە ئۆتۆمبیلی بارهەڵگر هێرشیان کردووەتە سەر ئۆتۆمبێلی ئەندامانی هەدەپە، کە سەرقاڵی بانگەشەی هەڵبژاردن بوون.
لە ڕاپۆرتەکەدا تیشکیش خراوەتە سەر ئەوەی، کە هێرش دژ بە پارتەکانی جەهەپە و پارتی سۆسیالیست (SP)یش ئەنجام دراون.
ر.م