هەنگەوانیی شێوازێکی ژیانە

ئەو هەنگوینەی لە کوێستان، دەشت و چیاکانی کوردستان وەدەست دەهێنرێت، چارەسەری چەندین نەخۆشییە.

هەنگ بە شیلەی گوڵان هەنگوین بەرهەم دەهێنێت، هاوکات بۆ پشکوتن و بڵاوبوونەوەی تۆوی گوڵەکان هۆکاری هەرەگەورەی هاوسەنگیی سرووشتە. بەهۆی ئەوەی لە کوردستان چوار وەرز هەن، خەڵک دەتوانێت کاری هەنگەوانیی بکات. لە ئامەدیش لە قەراغ ڕووباری دیجلە و ناو باخچەکانی هەوسەل هەنگەوانیی دەکرێت. یەکێک لەوانەی ئەو کارە دەکات مستەفا باتمازە. لەناو بەهەشتی چۆلەکەکانی باخچەی هەوسەلێدا ١٠٠ (کەندوو) پورە هەنگی داناوە.

شێوازی ژیان

ئەو کەسانەی هەنگەوانن، ماوەی ٨ مانگی ساڵ بۆ بەخێوکردنی هەنگەکانیان سەختییەکی زۆر دەکێشن، بۆ ئەو مەبەستەش لە چیا و کوێستانەکان دەژین. ئەو هەنگوینەی لە دەشت و چیاکانی کوردستان وەدەست دەهێنرێت بێگومان زۆر تەندروستە و چارەسەری چەندین نەخۆشییە. هەنگەوان مستەفا باتماز، لەناوی باخچەی هەوسەلدا شانەی مێشەکانی داناوە و هەنگوین بەرهەمدەهێنێت، لەو هەلومەرجە قورسەدا بە خۆیشەویستییەوە مێشەکانی بەخێو دەکات. ئەو هاوڵاتییانەی کە هەنگەوانی دەکەن، بەخێوکردنی مێش و بەرهەمهێنانی هەنگوینیان بۆ خۆیان کردووە بە کەلتوور و شێوازی ژیان. هەنگەوانی کە کارەکەیان بەرهەمهێنانی هەنگوینە، ڕەخنەیان لەو هەنگوینانەی بازاڕ گرت کە بەبێ ڕەنج و بە مەبەستی بازرگانی بەرهەم دەهێنرێن و ڕایانگەیاند کە ئەو هەنگوینە هەرزانە بۆ تەندروستی خەڵکیش خراپە.

'هەنگوینی سرووشتی ڕەنج و حەزی پێویستە'

مستەفا باتمازی هەنگەوان و بەرهەمهێنەری هەنگوین، لەگەڵ ئەوەی بژێوی ژیانی لەسەر هەنگەوانییە، هاوکات هەنگەوانی بۆ ئەو بووەتە کەلتوور و شێوازێکی ژیان. باتماز لەبارەی کەلتور و ژیانی بەرهەمهێنانی هەنگوینەوە ڕایگەیاند کە بەرهەمهێنانی هەنگوینی سروشتی ڕەنج و حەزی پێویستە، باتماز ئەوەشی وت وەکو هەموو بوارەکانی دیکە، بواری بەرهەمهێنانی هەنگوینیش بەرهەمهێنانی سەرمایەداریی پێشکەوتووە و هەنگوین بە شێوەی سرووشتی بەرهەم ناهێنرێت. باتماز وتیشی، لە سێکتەری هەنگوینیشدا هەلومەرجی ئاسان لە بەرهەمهێناندا دەڕەخسێنرێن و وتی: "ئەو هەنگوینەی کە بە شێوەی بازرگانی بەرهەمدەهێنرێت، زیان بە تەندروستی دەگەیەنێت. چونکە بە مادەی کیمیاوی و ناسرووشتی بەرهەم دەهێنرێت و ئەوەش زیانی بۆ تەندروست خەڵک هەیە. من ١٢ ساڵە لە چەندین ناوچەی کوردستان هەنگەوانی دەکەم و هەنگوینی سروشتی بەرهەم دەهێنم. ئەو سێکتەرانەی کە هەنگوینی ساختە بەرهەم دەهێنن بە هەرزانی دەیفرۆشن. شەکر و مادەی دیکە تێکەلی هەنگوین دەکەن. پێویستە ئەو هەنگەوانانەی کە هەنگوینی سرووشتی بەرهەمدەهێنن لەدژی ئەو دۆخە بێدەنگ نەبن. من ئەو کارە بە حەز و دڵخۆشییەوە دەکەم. لەبەر ئەوەی من ڕەنج دەدەم، هەنگەکانم وەکو منداڵەکانم دەپارێزم و بەخێویان دەکەم".

'هەوسەل و کەناراوەکانی دیجلە بۆ هەنگ زۆر باشە'

باتماز ئەوەشی وت کە ئەو شەو و ڕۆژەکانی بە هەنگەوانی تێدەپەڕێنێت و حەز و زانابوون بۆ هەنگەوان پێویستە. باتماز ئەوەشی هێنایە زمان کە دروستبوونی هەنگوین پەیوەندی بە دۆخی کەشوهەواوە هەیە، ئەگەر کەشوهەوا گەرم بێت هەنگەکان باش کار دەکەن. باتماز وتیشی، کەناراوەکانی ڕووباری دیجلە و باخچەی هەوسەل بۆ دەستکەوتنی هەنگوین زۆر باشە و وتی: "هەنگوین لە ماوەی ٣ هەزار ساڵ خراپ نابێت، تەنیا دەیبەستێت. بە زمانی جیهانیش پێی دەڵێن هەنگوینی بە کریستال بوو. ئەوە لە وڵاتانی ئەوروپا زیاتر دەخورێت، چونکە گەدە باشتر هەرسی دەکات".

ک-ش