هەڕەشەکەی ئەردۆغان ترس و نیگەرانی لە لای وڵاتانی ئەوروپا زیاد کردووە

دوای ئەوەی رژێمەکەی ئەردۆغان هەڕەشەی ئەوەی کرد کە داعشییە ئەورۆپییەکان دەنێرێتەوە وڵاتانی خۆیان، ئەم هەڕەشەیە بوو بە جێگای ترس و نیگەرانیی لە لای وڵاتانی ڕۆژئاوا، بە تایبەتیش وڵاتی ئەڵمانیا ترسی هێرشی مەترسیداری تیرۆری لێ نیشتووە.

دوای ئەوەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورک رایگەیاندبوو، داعشە ئەوروپییەکانی لای خۆی دەنێرێتەوە وڵاتەکانیان، ئەوروپا و بە تایبەتیش ئەڵمانیا کەوتوونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوەو نیگەرانی ئەوەیان لێ نیشتووە کە دەوڵەتی تورک دۆسیەی داعشەکان ڕادەستی وڵاتە ئەوروپییەکان نەکات. بەرپرسان دەڵێن ئەگەر ئەوە جێبەجێ بکرێت داعشەکان دوای ماوەیەک ئازاد دەکرێن و ئەوەش بۆ ئاسایشی ئەوان ڕیسکێکی گەورەیە.

دەوڵەتی تورک رۆژی دووشەمەی ڕابردوو، چەتەیەکی داعشی تەسلیمی دانیمارک و یەکێکیشی تەسلیمی ئەڵمانیا کردەوە. پێدەچێت ئەم قۆناغەی ڕادەستکردنەوەیە، لە میانەی چەند ڕۆژی داهاتوودا بەرفراوان ببێت. ئەوەش ڕاگەیاندراوە کە پێنجەشممەی داهاتوو ٧ داعش کە منداڵیشیان تێدایە و رۆژی هەینیش ٢ داعشی دیکە ڕادەستی ئەڵمانیا دەکرێنەوە. پێدەچـێت ڕۆژانی داهاتووش ١١ چەتەی دیکەی داعش رادەستی فەڕەنسا و ٢ داعشی دیکەش رادەستی ئیرلەندا بکرێنەوە.

ئەڵمانیا بەهۆی مەترسیی لەسەر ئاسایشی وڵات لە ئامادەباشی دایە

کریستینا لامبرەخت وەزیری دادی ئەڵمانیا ڕایگەیاند، بۆ ئەوەی ئاسایش نەکەوێتە مەترسییەوە، هێزەکانی پۆلیس و دادگەریی کەوتونەتە ئامادەباشییەوە.

 لامبرەخت ئەوەشی ئاشکرا کرد، ئەوانەی ڕادەست دەکرێن ئەگەر بڕیاری گرتنیان هەبێت دەگیرێن، ئەوانەشی بڕیاری دادگایان نییە بۆ گرتن، قۆناغی دادگاییکردنیان دەستپێدەکات و وتی:"هەتا ئەو کاتەی بریاری گرتنیان بۆ دەردەچێت، ئەو کەسانە لە نزیکەوە چاودێری دەکرێن و ناچار دەبن کەلەپچەی ئەلەکترۆنیان بۆ بەکار بهێنن."

لامبریخت ئەوەشی ئاشکرا کرد کە دادگای ئەڵمانیا ئەو کەسانەی بەشداری تاوانەکانی داعش بوون، بە قورسترین شێوە سزا دەدات و وتیشی: "بە هاوکاری لەگەڵ تورکیا هەوڵ دەدەین ئەو کەسانەی ڕادەست دەکرێنەوە بتوانین بیانگەڕێنینەوە سەر حالەتی کەسێکی ئاسایی ناو کۆمەڵگا، چونکە ئەو کەسانەی لە ئێستادا بەنیازن ڕەوانە بکرێنەوە پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بە داعشەوە نییە."

ئەوەی جێگەی سەرنجە، ئەوەیە کە شانە نووستووەکانی داعش لە ئەڵمانیا لەم کاتەدا کەوتونەتە جموجۆڵ. لە شاری ئۆفێنباخ-ی سەر بە هەرێمی هێسن، لەدژی شانەیەکی نووستووی داعش، کە ئامادەکاریی بۆ هێرشێکی تەقینەوە دەکرد، لە ئۆپەراسیۆنێکدا سێ کەس دەستگیر کران کە دوانیان تورکن و ئەوەی دیکەش مەکەدۆنی-یە.