هەژاری بووەتە هۆی زیاتر فرۆشتنی گورچیلە لە ئێران

تاوەکو دێت لە ئێران بێکاری و هەژاری پەرەدەستێنێت، ئەمە وایکردووە خەڵکانێک بۆ بژێویی ژیانی ڕۆژانەیان ڕووبکەنە دیاردەی فرۆشتنی ئەندامانی جەستەیان وەک گورچیلە و چاو.

تاوەکو دێت لە ئێران بێکاری و هەژاری پەرەدەستێنێت، ئەمە وایکردووە خەڵکانێک بۆ بژێویی ژیانی ڕۆژانەیان ڕووبکەنە دیاردەی فرۆشتنی ئەندامانی جەستەیان وەک گورچیلە و چاو.

سەرەڕای ئەوەیكە لە بڕیارنامەی جیهانیی نەتەوەیەكگرتووەكاندا رێگە بە بازرگانیكردن بە ئەندامانی لەشی مرۆڤ نەدراوە، بەڵام دەبینین كە لە وڵاتی ئێران بازاڕی بازرگانیکردن بە ئەندامانی جەستەی مرۆڤەوە گەرمە. هاووڵاتییان بۆ دەرباز بوون لە قەیرانی ئابووری و دابینکردنی بژێوی ژیانیان و سەرەڕای هەموو مەترسییەکان، ناچار دەبن کە بەشێک لە ئەندامانی جەسەتەیان بفرۆشن.

 بە گەڕان بە نێو شەقامەکانی تاران-ی پایتەختی ئێراندا چاوت بە هەندێک نووسراوە دەکەوێت، کە کەسانێک ئامادەن گورچیلە یان چاوێکی خۆیان بفرۆشن.

دیاردەی فرۆشتنی گورچیلە تەنیا تایبەت بە شاری تاران نییە و هەمو پارێزگاکانی ئێرانی گرتووەتەوە و پارێزگای سنە و و کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕیزبەندی سەرەکیی فرۆشیارانی گورچیلەدان لە ئێران.

زۆربەی ئەو کەسانەی لە پارێزگاکانی ئێران خوازیاری فرۆشتنی گورچیلەن بۆ ئەوەی نەناسرێن ڕوو ئەکەنە شاری تاران.

موحەمەد ڕەزا و عەلی دوو گەنجی خەڵکی پارێزگای کەهگیلویە و بویرئەحمەدن، کە چەند ساڵ پێش بۆ کار کردن ڕوویان کردووەتە شاری تاران.

بە پێی هەواڵی ئاژانسی ئیسنا دایکی یەکێک لەو گەنجانە پێویستی بە نەشتەرگەریى دڵە و ئەو نەشتەرگەرییەش تێچووێکی زۆری تێدەچێت هەر بۆیە یەکێک لەو گەنجانە بە بڵاوکردنەوەی ژمارەی پێوەندیی خۆی، ئامادەیی دەر بڕیوە، کە گورچیلێکی خۆی دەفرۆشێت.

جەواد ئامادەیی خۆی دەربڕیوە چاوێکی خۆی بفرۆشێت. جواد ڕایگەیاندووە، دۆخی ژیانی بنەماڵەکەی زۆر خراپە و ناتوانێت بژێویی ژیانیان دابین بکات، چونکە برایەکى ئالوودە بووە بە ماددەى هۆشبەر و ئەوەش وایکردووە بژێویی ژیانی بنەماڵەکەی زۆر قورس بێت و لەبەر ئەوەش بڕیاریداوە چاوێکی بفرۆشێت.

هەروەها فرۆشتنی گورچیلە لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پەرەی سەندووە. بە جۆرێک کە شارەکانی کرماشان و سنە زۆرترین فرۆشیارانی گورچیلەی تێدایە لە سەر ئاستی ئێراندا.

هاووڵاتیانی پارێزگاکانی کرماشان و سنە بەھۆی خراپیی باری گوزەران و هەژارییانەوە گورچیلەکانی خۆیان دەفرۆشن ‌و لە ‌بەرانبەر فرۆشتنی ھەر گوچیلەیەک داوای ٢٠ بۆ ٣٠ ملیۆن تمەن ( ٥ بۆ ٦ ھەزار دۆلار) دەکەن.

بە پێی ھەواڵه بڵاو کراوەکان، ئەو کەسانەی لە پارێزگاکانی کرماشان و سنە، خوازیاری فرۆشتنی گورچیلەی خۆیانن، چەندین نووسراویان لەسەر دیوارەکانی ئەو دوو شارە ھەڵواسیوە و تێیایدا، ژمارەی مۆبایل و جۆری گروپی خوێنەکانیان لەسەر نووسیوە.

ئەو دیاردەیە تەنیا تایبەت بە کرماشان و سنە نییە، بەڵکوو لە شارەکانی دیکەی کوردستان و ئێرانیش بە فراوانی ھەیە و بەشێک لە فرۆشیاران، باوەڕیان وایە ئەگەر کارێکی شیاویان ھەبوایە و له بەر هه ژاری ناچار نه بونایە، ھەرگیز ئەو کارەیان نەدەکرد. ھەتا ئێستا یاساکانی حکوومەتی ئێران رێگرییان لە فرۆشتنی گورچیلە نەکردووە و بەشێک لە مەرجەعە شیعەکانیش ڕایانگەیاندووە، فرۆشتنی گورچیلە حەرام نییە.