وتەبێژى هەدەپە: دەیانەوێت هەمیشە تورکیا بە باری نائاسایی بەڕێوەببەن

وتەبێژی هەدەپە ساروخان ئۆلووچ ڕایگەیاند، دەیانەوێت باری نائاسایی بکەنە هەمیشەیى. راشیگەیاند "دەیانەوێت ئیدی تورکیا بە سیستمی باری نائاسایی بە ڕێوە ببەن". ئۆلووچ سەرنجیشی ڕاکێشایە سەر کامیل ئاجاری هەدەپەیی، کە هیچ زانیارییەک لەبارەیەوە نازانرێت.

وتەبێژی پارتی دیموکراتیکی گەلان 'هەدەپە' ساروخان ئۆلووچ لە ناوەندی گشتیی پارتەکەی دەربارەی ڕۆژەڤ دوا. ئۆلووچ بە یادکردنەوەی ئەو کەسانەی، کە لە کۆمەڵکوژییەکەی پرسووس دا گیانیان لەدەستداوە دەستی بە قسەکانی کرد.

"ئێمە دەمانەوێت چارەنووسی ئاجار بزانین"

ساروخان ئۆلووچ سەرنجی ڕاکێشایە سەر بەڕێوەبەری پێشووی هەدەپە کامیل ئاجار، کە لە دوێنێوە هیچ زانیارییەک لەبارەیەوە نازانرێت و وتیشی "ئێمە دەمانەوێت دیسان بانگ لە بەرپرسانی ئیداریی هەرێمەکە بکەین، کە ئێمە دەمانەوێت چارەنووسی کامیل ئاجار بزانین. دەمانەوێت بزانین لەلایەن چ کەسانێکەوە ڕفێندراوە".

"دەیانەوێت ئیتر بە سیستمی باری نائاسایی وڵات بەڕێوە بەرن"

ساروخان ئۆلووچ، ئاماژەی بە گۆڕانکارییەکانی پاش باری نائاسایی کرد، کە لە کۆمسیۆنی دادی پەرلەماندا گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت و وتی "باری نائاسایی هەڵگیراوە، بەڵام پرۆژە یاسایەکی تریان هێناوە و لەناو کۆمسیۆنی دادی پەرلەماندا گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت، دەبێت گفتوگۆش لەسەر ئەوە بکەن، کە دەیانەوێت چی بکەن، چونکە ئامانج لەو پرۆژە یاسا نوێیە ئەوەیە کە درێژە بە باری نائاسایی بدەن".

وتیشی "دەخوازرێت ئیتر تورکیا بە دەسەڵاتی باری نائاسایی بەڕێوەببرێت. دەخوازرێت باری نائاسایی لە بەرنامەی ئێستادا جێگیر بکرێت. بەم پرۆژە یاسایەی ئێستا لە پەرلەمان گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت، دەسەڵاتی زۆر زۆر دەدەن بە والیەکان. لانیکەم چوار خاڵ لە خاڵەکانی ئەو پرۆژە یاسایەش دژ بە ڕێککەوتنی مافەکانی مرۆڤە. ئەوانیش خاڵەکانی ٢، ٥، ١٥ و ١٨هەمینن. تاکە کەسێک کە لە کۆشکی کۆماریی دادەنیشێت، دەیەوێت لە رێگەى ٨١ والیى شارەکانەوە ببێتە بەرپرسێکی وەها، کە لە هەر کوێ خواستى و کەی خواستی لە هەموو وڵاتدا باری نائاسایی دروست بکات".

ر.م