وەزیرى دەرەوەى سوید: بارى نائاسایى کەمپەینى هەڵبژاردنى بۆ ئۆپۆزسیۆن قورس کردووە

مارگۆت ڤاڵسترۆم وەزیرى دەروەى سوید رایگەیاند، چاوەڕێن لە ٢٤ى حوزەیراندا لە تورکیا هەڵبژاردنێک بەپیى پێوەرە نێونەتەوەییەکان، دادپەروەرانە و ئازاد بەڕێوەبچێت، بەڵام باری نائاسایی بووەتە رێگر بۆ کەمپەینى یەکسانى حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکان.

ڤاڵسترۆم وەڵامى پرسیارەکانى ئامینە کاکە باوە پەرلەمنتاری پارتى چەپی سویدی لەبارەى هەڵبژاردنەکانى تورکیا، داگیرکردنى عەفرین، فرۆشتنى چەک بە تورکیا و دەرهێنانى ناوی پەکەکە لە "لیستى تیرۆر" دایەوە.  ڤاڵسترۆم باسیشی لە هەوڵەکانى سوید کرد بۆ ئازادکردنى سەڵاحەدین دەمیرتاش و پەرلەمانتارەکانى تری هەدەپە.

ئێمە دەمانویست دەمیرتاش و یوکسەکداغ ئازاد بکرێن

ڤاڵسترۆم وتى، ئێمەش وەک کاکەباوە چاودێریى پێشهاتەکانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست بە تایبەتى بارودۆخى مافى مرۆڤ لە تورکیا و سوریا دەکەین.

وتیشى، نیگەرانە لەوەى کە پێوەر و بنەماکانى دیموکراسی و دەوڵەتى یاسا لە بارودۆخێکى خراپدان و باسیشى لە گوشار و ملهوڕییەکان لە دژى سیاسەتمەداران، پەیامنێران، ئەکادیمییەکان و نوێنەرانى رێکخراوە شارستانییەکان کرد.

ڤاڵسترۆم ئەوەشى وت، دواى ئەوەى دەمیرتاش و یوکسەکداغ دەستگیرکران، بەرپرسانى سوید لە ئەنقەرە بۆ ئازادکردنى دەمیرتاش و یوکسەکداغ، دانیشتنی دوو قۆڵییان لەگەڵ بەرپرسانى تورکیا لەسەر ئەو بابەتە ئەنجامداوە و بابەتەکەیان خستووەتە رۆژەڤەوە.

ئەوەى لە عەفرین روو دەدات جێگای قبوڵکردن نییە

مارگۆت ڤاڵسترۆم وەزیرى دەرەوەى سوید رایگەیاند، هەر لە سەرەتاوە لە دژى ئۆپراسیۆنی تورکیا بوون بۆ سەر عەفرین. سوید لە رێگەى یەکێتیى ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بۆ ئەوەى ئەنجوومەنى ئاسایشى نەتەوە یەکگرتووەکان ئاگربەستى ژمارە ٢٤٠١ رابگەیەنێت، رۆڵێکى گرنگى گێڕاوە.

راشیگەیاند "تاڵانى و نیشتەجێکردنى ئاوارەکان لە عەفرین جێگاى قبوڵ نین. ئێمە ئەو کارانەمان ئیدانە کردووە".

لەبارەى هەڕەشە (هەڕەشەى دەوڵەتى تورکیا) لە هاووڵاتییان تورکیا لە سوید وتى، پۆلیس ئاسایشى سوید بۆ پێشگرتن لە کارى سیخوڕی و هەڕەشە کارەکانى خۆیان بە بەردەوامى ئەنجام دەدەن.

لەبارەى فرۆشتنى چەک بە تورکیاوە ئەوەى وت، لایەنى پەیوەندار بە فرۆشتنى چەک ئەو نییە، بەڵکو وەزیرى داد و وەزیرى ناوخۆن.

"تورکیا یاساى دژی تیرۆر لە دژی ئۆپۆزسیۆن بەکاردەهێنێت"

ڤاڵسترۆم لە وەڵامى پرسیاری ئەوەى کە سوید چیى کردووە بۆ هێنانە دەرەوەى ناوى پەکەکە لە "لیستى تیرۆر" وتى "بابەتە گرنگەکە ئەوەیە قەناعەت بە تورکیا بکرێت تاوەکو دیسانەوە دەست بە دانوستانەکانى ئاشتى بکاتەوە. سوید کاتێک لەگەڵ بەرپرسانى تورکیا کۆدەبێتەوە و هەروەها لە یەکێتیى ئەوروپا باس لەو بابەتە دەکات".

وەزیرى دەرەوەى سوید راشیگەیاند، نیگەرانن لەوەى تورکیا یاساى دژ بە تیرۆر لە دژى ئۆپۆزسیۆن بەکاردەهێنێت. لەبەر ئەوەش لە کۆبوونەوەکانى کار لە دژى تیرۆر لە نێوان یەکێتیى ئەوروپا و تورکیادا باس لەو بابەتەش دەکەن.

لە دواى قسەکانى مارگۆت ڤاڵسترۆم وەزیرى دەرەوەى سوید، پەرلەمانتار ئامینە کاکە باوە وتى "بەداخەوە ئەمڕۆ تورکیا نەک بۆ کورد، بەڵکو بۆ هەموو ئۆپۆزسیۆن بووەتە زیندان".

"گرنگە پەکەکە لە لیستى تیرۆر دەربهێنرێت"

کاکە باوە ئەوەى بەبیرخستەوە، کە دەوڵەتى تورکیا لە ئامەد و شارەکانى ترى کوردستان خانو و ماڵى هاووڵاتییانى خاپوورکردووە. دواى ئەوەش روویکردە رۆژئاوا و عەفرین و لەو بارەیەوە وتى "ئێستا ئەوانەى تورکیا ئیدانە دەکەن و دەنگ بەرز دەکەنەوە بە تیرۆر تاوانبار دەکرێن. لەبەر ئەوەش گرنگ پەکەکە لە لیستى تیرۆر دەربهێنرێت. هەروەها تورکیا خۆی تاوەکو ساڵى ٢٠١٥ لەگەڵ پەکەکەدا لە دانوستاندا بووە".

ڤأڵسترۆم وتیشى، دەستگیرکردنى دەمیرتاش و یوکسەکداغ کردەیەک نییە لە دژى ئەو کەسانە، بەڵکو ئەو کردەیە بەشیکە لە گوشارە بەردەوامەکان لەسەر هەدەپە و لەو بارەیەشەوە وتى "لەبەر ئەوەش گرنگە باڵیۆزەکانمان بەشدارى دانیشتەکانى سەرکردەکانى هەدەپە ببن و پشتیوانى خۆیانیان بۆ بخەنەڕوو".

ر.م