وەزیرى دەرەوەى سوید: دەبێت تێکۆشانە گەورەکەى کورد قبوڵ بکرێت

مارگۆت ڤاڵسترۆم وەزیرى دەرەوەى سوید رایگەیاند، لەگەڵ خۆبەڕێوەبەریى رۆژئاواى کوردستان لە پەیوەندیدان. راشیگەیاند "دەبێت پێش هەموو شتێک ئەوە قبوڵ بکەین، کە کورد چ تێکۆشانێکى گەورەى لە دژی دەوڵەتى ئیسلامى بەڕێوەبردووە".

مارگۆت ڤاڵسترۆم وەزیرى دەرەوەى سویدا لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەوانی لەگەڵ رۆژنامەنووسانی وڵاتانى جۆراجۆر لە شاری ستۆکهۆم-ی پایتەختى وڵاتەکەى لەبارەى سیاسەتى دەرەوەى سوید و رۆژەڤەکانى ئێستا وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانى دایەوە.

ئێمەش لە ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF)ەوە لەبارەى سەڵاحەدین دەمیرتاش سیاسەتمەداری کورد و پەرلەمانتارە زیندانیکراوەکانى هەدەپە و کۆمەڵکوژکردنى ئەرمنییەکان لە ساڵی ١٩١٥ دا پرسیارمان لە ڤاڵسترۆم کرد.

ڤاڵسترۆم رایگەیاند، لەگەڵ تورکیادا پەیوەندیى دیپلۆماتیک-یان هەیە و لە رێگەى یەکێتیى ئەوروپاشەوە بۆ ئازادکردنى ئۆپۆزسیۆنە زیندانیکراوەکان لە تورکیا گوشار لە ئەنقەرە دەکەن.

ڤاڵسترۆم راشیگەیاند، ئەوان زۆرجار داوایانکردووە، کە دەبێت گوشارەکانى سەر ئۆپۆزسیۆن، رۆژنامەنووسان و رێکخراوەکانى کۆمەڵی مەدەنی کۆتاییان پێبهێنرێت. ئێمە پشتیوانی لە ئۆپۆزسیۆنە زیندانیکراوەکان دەکەین و نوێنەرانى خۆمان دەنێرین بۆ بەشداریکردن لە دانیشتنەکانى دادگایکردنى ئۆپۆزسیۆنە زیندانیکراوەکان، زۆریش گرنگە ئەو بابەتە لە رۆژەدا بمێنێتەوە.

دەوڵەت بە نیاز نییە کۆمەڵکوژیى ئەرمەنییەکان لە ساڵی ١٩١٥دا قبوڵ بکات

لە وەڵامی ئەم پرسیارەماندا، سەرباری ئەوەى ستیفان لۆفڤێن سەرۆک وەزیرانى سوید لە هەڵبژاردنى ٢٠١٤دا بەڵێنى دا کاتێک حکومەت دابمەزرێنێت، کۆمەڵکوژکردنى ئەرمەنەکان و سوریانییەکان وەک جینۆساید قبوڵ دەکات، بەڵام سەرباری ئەوەش تاوەکو ئێستا حکومەت ئەو کۆمەڵکوژییانەى قبوڵ نەکردووە، ڤاڵسترۆم لەوبارەیەوە وتى:

"دەکرێت بڵێم تاوەکو ئێستا هیچ وڵاتێک ئەوەى قبوڵ نەکردووە. هۆکارەکەشی بۆ  ئەوە دەگەڕێتەوە، کە بڕیاردان لەبارەى رووداوی مێژوویى لەو شێوەیە قورسە، لە کاتی خۆیدا داوا دەکرێت، کە دادپەروەری بچەسپێنرێت".

دەکرێت دادگاى نێونەتەوەیى لە باکووری سوریا دابمەزرێنێت

بەشیر کاڤاک لە رادیۆی دەوڵەتى سویدەوە پرسیى، لەبارەى دامەزراندنى دادگای نێونەتەوەیى لە باکووری سوریا بۆ دادگایکردنى داعش لە سوریا و عێراق چی دەڵێن؟

ڤاڵسترۆم لە وەڵامى ئەو پرسیارەدا وتى، سوید بۆ دامەزراندنى دادگایەکى نێونەتەوەیى دەستپێشخەریى خستووەتە ئەستۆی خۆی و لە هەوڵدایە. سەرباری ئەوەى زۆربەى وڵاتانی ئەوروپی بە شێوەکى باش لەو پێشنیازە نزیک بوونەتەوە، بەڵام ئەگەری ئەوە هەیە بەهۆی گرفتە حقوقی و سیاسییەکانەوە دامەزراندنى لە رووی کاتەوە ماوەیەک بخایەنێت.

ڤاڵسترۆم وتیشی، لەبەر ئەوەى لە عێراق سزای لەسێدارەدان هەیە و لە دژی ئەوەن دادگای نێونەتەوەیى لە عێراق دابمەزرێت. بۆ شوێنەکە و دابینکردنى هاوکاریى دارایى بۆ دادگا نێونەتەوەییەکە بەردەوامن لە چاوپێکەوتنەکانیان لەگەڵ وڵاتانى تر.

ڤاڵسترۆم ئەوەشی وت "دەبێت ئێمە لێکۆڵینەوە بکەین، کە لە هەرێمى ژێر کۆنترۆڵی کورد دا دەکرێت دادگای نێونەتەوەیى دابمەزرێت یان نا، ئێمە لەبارەی هەموو تواناکان و دەرفەتەکانەوە لێکۆڵینەوە دەکەین".

ڤاڵسترۆم باسی ئەوەشیکرد، ئەوان لەگەڵ خۆبەڕێوەبەریى رۆژئاوا لە پەیوەندیدان و وتی "دەبێت لە پێش هەموو شتێکەوە ئەوە قبوڵ بکەین، کە کورد چ تێکۆشانێکى گەورەى لە دژی دەوڵەتى ئیسلامى بەڕێوەبردووە".

ر.م