وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا: کەیسی فشارە ئابووریەکان بۆسەر تورکیا تاوتوێدەکەین

هیکۆ مائاس وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ڕایگەیاند، ئەگەر دەوڵەتی تورک بەردەوام بێت لە هێرشە سەربازیەکانی بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەوا فشاری ئابووری لەسەر ئەنقەرە دروست دەکەن.

مائاس هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیای وەک داگیرکاری پێناسە کرد و هۆشیاریدا کە ڕژێمی ئەردۆغان سەڕەڕای ئەوەی بە نێوەندگیری ئەمریکا ئاگربەست ڕاگەیێندراوە تا ئێستاش هێرشەکانی بۆ سەر باکوور و ڕۆرهەڵاتی سوریا بەردەوامە.

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەفیزیۆنی ZDF ڕایگەیاند، بە بڕوای ئەوان هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر گەلی کورد بە پێی یاسای نێودەوڵەتی ناڕەوایە و هۆشداری ئەوەی دا ئەگەر وا بڕوات سزا بە سەر دەوڵەتی تورکیادا دەسەپێنن.

مائاس لە چاوپێکەوتنە تەلەڤیزیۆنیەکەدا ئاماژەی بەوەشدا، داگیرکاریەکانی دەوڵەتی تورک لە دژی یاسای نێودەوڵەتیە و جەختیشی کردەوە بۆ ئەوەی دەوڵەتی تورکیا ئەم هێرشانە بوەستێنێت هەموو هەوڵکی خۆیان دەخەنەگەڕ.

لەبارەی ئاگربەستەکەش وتی،  ئەوان هەوڵەکانیان لەوە چڕ دەکەنەوە کە نەک تەنها ئاگربەستێکی 5 رۆژی بەڵکو کۆتایی بەم داگیرکاریە ناڕەوایە بهێنن."

مائاس ئاماژەی بە ڕێکەوتنی ساڵی 2016ی کۆچبەراندا کە بە دەستپێشخەری ئەڵمانیا لە نێوان بروکسەل و ئەنقەرە ئیمزا کراوە و لێدوانەکەی ئەردۆغانی بەبیرهێنایەوە کە بە زمانێکی هەڕەشەئامێز دەڵێت، 'دەرگا بە ڕووی پەنابەراندا دەکەنەوە' و وتی ئێمە بە گومانەوە سەیری ئەردۆغان دەکەین.

ڕاشێگەیاند، ئەوان لە بارەی ناردنی کۆچبەرانی سوریا بۆ ناوچەی ئارام کە دەوڵەتی تورک دەیەوێت لە سەر سنووری سوریا دروستی بکات لەگەڵ ئەنقەرە گوتوبێژ دەکەن و جەختی کردەوە کە هەر کارێک ناڕەوا و نەیاسایی بێت هیچ خەرجیەکی نادەن و پارە ڕەوانەی تورکیا ناکەن. 

هەروها وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئەوەی خستەڕوو یەکێتی ئەورۆپا بۆ ئەوەی فشارەکانی سەر دەوڵەتی تورک زیاد بکات لەسەر هێڵە و وتیشی، "ئێمە بە شێوەیەکی ئاشکرا ڕامانگەیاندووە کە فشار لەسەر تورکیا دروست دەکەین و سەرەتا لە فشاری ئابووریەوە دەست پێ دەکات. بۆ جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوەش سەرەتا چاودێری قۆناغی ئاگربەستەکە دەکەین. دەمانەوێت بزانین کە تورکیا چۆن هەڵسوکەوت دەکات."

ف.ق