١٢ ڕێکخراوی مافی مرۆڤ پشتگیرییان لە مانگرتنە سەرتاسەرییەکەی ڕۆژهەڵات کرد

لە ڕۆژی یەکشەممە ۲۶ی خاکەلێوە /١٦ی نیسان، دوکانداران و کاسبکارانی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ناڕەزایەتی بە داخستنی دەروازە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵات و بەرزکردنەوەی باجی گومرکی دەستیان بە مانگرتن کردووە.

 

لە ڕۆژی یەکشەممە ۲۶ی خاکەلێوە /١٦ی نیسان، دوکانداران و کاسبکارانی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ناڕەزایەتی بە داخستنی دەروازە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵات و بەرزکردنەوەی باجی گومرکی، کە تاکە سەرچاوەی داهات و بژێویی ژیانی خەڵکی ئەو بەشەی کوردستانە وەستاندووە، دەستیان داوەتە مانگرتن و داخستنی دوکان وشوێنی کارەکانیان.

هەر لەم پێوەندییەدا ١٢ ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا، ناڕەزایەتیی خۆیان لە هەمبەر سیاسەتی برسیکردن و هەڵاواردنی نەتەوەیی، کە لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەدەچێت، شەرمەزار کرد و داوایان لە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ئێران کرد کۆتایی بەو شێوازە لە سیاسەت کردن بهێنێت.

لە بەشێکی دیکە لە بەیاننامە هاوبەشەکەدا هاتووە:

بێگومان حکوومەتی هەر وڵاتێک بەرپرسە لە باشترکردنی ئاستی گوزەرانی هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە و دەبێت هەموو بەربەستەکانی ڕێگەی گەشەی ئابووری بسڕێتەوە، بەڵام بەداخەوە حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەکاتی هاتنە سەرکاریەوە تاکو ئەمڕۆ، بەردەوام سیاسەتی هەڵاوا دن درێژە پێ دەدات و هەنگاوێکی بۆ گۆڕانی ئەم دۆخە هەڵنەگرتووە. بێگومان کوردەکان و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، قوربانیی ئەو هەڵاواردنەن کە بەسەریاندا سەپێنراوە.

لە بەردەوامی بەیاننامەکەدا هاتووە، ئەم ناوچانە لە سەرمایەگوزاری و گەڵاڵەی گشتیی ئابووری بێبەری کراون وهێزی کار ناچارە بۆ گەڕان بەدوای کاردا کۆچ بکەن بۆ شوێنەکانی دیکەی ئێران یان لەسەر سنوورەکانی ڕۆژهەڵات ڕووبکەنە پیشەی مەترسیداری کۆڵبەری، کە هەر ڕۆژە ڕوبەڕووی دەستڕێژی گولـلە دەبنەوە.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە:

هەربۆیە ئێمە ڕێخراوەکانی واژۆکەرانی ئەم بەیاننامەیە، سەرەڕای پشتگیری لە مانگرتنی مەدەنیی خەڵکی کورد و نەتەوەکانی دیکەی ئێران دەکەین. داواش لە کۆماری ئیسلامی دەکەین کە؛ کۆتایی بە سیاسەتی هەڵاواردنی خۆی بەرامبەر بە گەلانی ئێران بهێنێت و پێداویستیی گونجاو لەمەڕ گەشەی ئابووری و کۆمەڵایەتی ئەم ناوچانە دابین بکات.

هەروەها ئێمە خوازیاری کۆتایهێنانین بە سەرکوتی مانگرتووانی کورد و داوای ئازادیی بێمەرجی دەسبەسەرکراوانی ئەو ناڕەزایەتیانە دەکەین.

ناوی ئەو ڕێکخراوانەی کە بەیاننامەهاوبەشەکەیان دەر کردووە

۱ــ ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئەهواز(المنظمە الأحوازیە لحقوق الأنسان)،  ۲ـ گرووپی مافی مرۆڤی بەلوچستان ، ۳ـ کەمپەینی چالاکانی بەلووچ، ٤ــ ناوەندی مافی مرۆڤی زاگرۆس، ۵ـــ کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ــ ڕۆژهەڵات، ۶ــ کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، ۷ــ ڕێکخراوی خەڵکی کرمانج خۆراسان، ۸ــ کۆمەڵەی مافی مرۆڤی “هەنگاو، ۹ــ ئەنجومەنی پڕۆژەی دیمۆکڕاتیکی کوردستانی ئێران، ۱۰ــ چاودێری مافی مرۆڤی ئەحواز  ۱۱ــ هاوپەیمانی کورد ـ سوئیس، ۱۲ــ ڕێخراوی کوردۆسایدـــ چاک.