٢ کوردستانیی تر دەستیان بە چالاکیى مانگرتنى بێسنوور کرد

لە چالاکیى مانگرتنى شاری کاسلی ئەڵمانیا دا ٢ چالاکوانى مانگرتوو بە ناوەکانى عومەر باگدور و جەمال کۆبانێ رایانگەیاند، بەشێوەى بێسنوور بەردەوام دەبن لە مانگرتنەکەیان.

چالاکیى مانگرتن لە دژی گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە رۆژی ٨ی تشرینى دووەمی ٢٠١٨ەوە بە پێشەنگایەتیى لەیلا گیوڤەن هاوسەرۆکى کۆنگرەى کۆمەڵگەى دیموکراتیک (کەجەدە) و پەرلەمانتاری جۆلەمێرگی هەدەپە دەستیپێکرد و رۆژ لە دواى رۆژ ئەو چالاکییە بەرفراونتر دەبێت.

 

هەفتەی رابردوو لە شاری کاسلی ئەڵمانیا دەستەیەکی ٥ کەسی لە کوردستانیان دەستیان بە چالاکیى مانگرتن کرد. ئەمڕۆش هەر یەک لە مانگرتووان عومەر باگدور و جەمال کۆبانێ رایانگەیاند، چالاکیى مانگرتنەکەیان بەشێوەى بێسنوور بەردەوامى پێدەدەن.

جەمال کۆبانێ رایگەیاند، لە دوێنێوە چالاکیى خۆی کردووە بە چالاکیى مانگرتنى بێسنوور.

عومەر باگدور وتى "ئێمەش دەمانەویت شان بدەینە ژێر ئەو بارە. دەبێت هەموو وڵاتپارێزێک و هەموو کوردێک خاوەنداری لەو بەرخودانە و لە رێبەرایەتى بکات".

ر.م