٢٣ گیراو لە دۆخێکی خراپدان

نورای چەڤیرمەن سەرۆکی لقی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی ئەنقەرە ڕایگەیاند، لە گرتووخانەی (ئاناتۆلی ناوەڕاست) ١١٦ گیراوی نەخۆش هەن و تەندروستی ٢٣ کەسیان زۆر خراپە کە نابێت لە گرتووخانەدا بمێننەوە.

نورای چەڤیرمەن سەرۆکی لقی کۆمەڵەی مافی مڕۆڤی ئەنقەرە لەبارەی بارودۆخی گیراوان لە گرتووخانەی ئاناتۆلی ناوەڕاست بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد.

چەڤیرمەن ئاماژەی بەوەدا، لەو گرتووخانەیە ١١٦ گیراوی نەخۆش هەن. کێشەی تەندروستی گیراوان لە گرتووخانەکانی تورکیادا لە ئاستێکی زۆر مەترسیدار دایە. وەزارەتی داد هیچ ئامارێک لەبارەی ئەو پرسەوە بڵاوناکاتەوە. تەنها لە گرتووخانەی ئاناتۆلی ناوەڕاست ٢٣ نەخۆش هەن کە دۆخی تەندروستیان ڕێگە بە مانەوەیان لە گرتووخانە نادات.

چەڤیرمەن ڕاشیگەیاند، بۆ ئەوەی گیراوان بتوانن مافی دەرمانکردن بەدەست بهێنن، کۆمەڵەکەیان سەردانی ژمارەیەکی زۆر ڕێکخراوی کردووە، بەڵام هیچ ئەنجامێکیان بەدەست نەهێناوە و وتی، "بە پشتگیری ژووری پزیشکانی ئەنقەرە لە ساڵی ٢٠١٨ دا ڕاپۆرتێکمان ئامادەکرد. ڕاپۆرتەکەمان بۆ کۆمسیۆنی مافی مرۆڤی پارلەمان، وەزارەتی داد، بەڕێوەبەرایەتی گرتووخانەکان و وەزارەتی تەندروستی نارد. دوای مانگێک وڵاممان درایەوە. لەو ماوە کورتەدا کە وڵاممان درایەوە، نیشانەی ئەوەبوو، لێکۆڵینەوە لە دۆخی گیراوان نەکراوە. لەگەڵ ئەوەی گیراوان کێشەی تەندروستیان هەیە، بەڵام وەک ئەوەی هیچ کێشەیەک نەبێت، وڵاممان درایەوە و ئەمەش هەڵوێستی دەوڵەت لەبەرامبەر گیراوە نەخۆشەکان نیشان دەدات. هەروەها بەهۆی ئەوەی دەرمان ناکرێن، ژمارەیەکی زۆر گیراو گیانیان لەدەست دەدەن."

چەڤیرەن دەڵێت، "بە پێی ئامارەکانی شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠١٦، ٢ هەزار و ٣٠٠ کەس لە گرتووخانەکانی تورکیادا گیانیان لەدەست داوە، بەڵام لەبارەی هۆکاری مردنیان هیچ زانیاریەک بڵاونەکراوەتەوە."

سەرۆکی لقی مافی مرۆڤی ئەنقەرە باسی لەوەش کرد، دەتوانرێت ڕێگری لە مردن لە گرتووخانەکاندا بکرێت و وتی، "زۆر جار سەردانی لایەنە پەیوەندیدارەکانمان کرد. لەبارەی هەر ڕووداوێکدا، نووسینێک ئامادە دەکەین، بەڵام بە داخەوە هیچ هەنگاوێک نانرێت. ئێمە نازانین بۆ چی هیچ کارێک ناکرێت. لە ئێستادا دۆخی تەندروستی گیراوان زۆر خراپە و کێشە تەندروستیەکانیان بەردەوامە.

ف.ق