٤ حیزبی پەرلەمانى تورکیا ئۆپراسیۆنە داگیرکەرییەکانی دەرەوەى سنووریان درێژکردەوە

جگە لە هەدەپە هەر یەک لە حیزبەکانى ئاکەپە، جەهەپە، مەهەپە و ئیی پارتی لە پەرلەمانى تورکیا بڕیاری ئۆپراسیۆنی سوپاى دەوڵەتەکەیان لە دەرەوەى سنوورەکان درێژکردەوە. هشیار ئۆزسۆی پەرلەمانتاری هەدەپە رایگەیاند "لە بریى قەیرانى ئابووری باسی شەڕ دەکەن".

 یەکەم کاری خولی نوێى پەرلەمانى تورکیا لە دواى گۆڕینى دەستوور و سەپاندنى سیستمى سەرۆکایەتى، درێژکردنەوەى ماوەى ئۆپراسیۆنەکانى سوپاى دەوڵەتەکەیان بوو لە دەرەوەى سنوورەکانى تورکیا.

لە پەرلەمانە تازەکەى تورکیادا بابەتى ئەنجامدانى ئۆپراسیۆن لە دەرەوەى سنووری تورکیا، بە دەنگى حیزبەکانى ئاکەپە، مەهەپە، جەهەپە و ئیی پارتی بۆ ماوەى ساڵێک درێژکرایەوە.

هشیار ئۆزسۆی پەرلەمنتاری ئامەدی هەدەپە لە کاتی گفتوگۆ لەبارەى درێژکردنەوەی ماوەى ئۆپراسیۆن لە دەرەوەى سنووری تورکیا لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە رایگەیاند "دەبێت ئێستا نەک لەسەر درێژکردنەوەی ماوەى ئۆپراسیۆن لە دەرەوەى سنوور، بەڵکو دەبێت لەسەر قەیرانى ئابووری گفتوگۆ بکەن. دەبێت باس لەو کاگەرانە بکەن، کە مایەپووچ دەبن، باس لەو کەسانە بکەن کە بەهۆی قەیرانەکانەوە خۆیان دەکوژن، باس لەو بنەماڵانە بکەن کە لەبەر یەک هەڵدەوەشن، باس لەسەر دۆخی ئابووری و ئەو کارانە بکەن کە بودجەی ئەم وڵاتە لە ناو دەبات، بەڵام ئێوە دەێن گفتوگۆ لەسەر بڕیارنامە و درێژەکردنەوەى شەڕ دەکەن. ئەوە چ دۆخێک و چ گفتوگۆیەکە".

سەرباری ناڕەزایەتیی هەدەپە و پەرلەمانتارەکانی و سەرباری رەخنە لە ئۆپراسیۆنەکانى دەرەوەى سنوور و زیانەکانى، بەڵام پەرلەمانتارانى پارتەکانى ئاکەپە، جەهەپە، مەهەپە و ئیى پارتی دەنگیاندا بۆ درێژکردنەوەى ماوەى ئۆپراسیۆنەکانى سوپاى دەوڵەتەکەیان لە دەرەوەى سنوورەکان و بەوشێوەیە ماوەى ئۆپراسیۆنەکانى دەرەوەى سنووریان تاوەکو ٣٠ی تشرینى یەکەمی ٢٠١٩ درێژکردەوە.

هەموو ساڵێک جگە لە هەدەپە، پەرلەمانتارانى ئاکەپە و جەهەپە و مەهەپە دەنگیان بە ئۆپراسیۆنی سوپاى دەوڵەتى تورکیا لە دەرەوەى سنوورەکان داوە. ئەمساڵ حیزبە تازە دروستبووەکەى مەراڵ ئاکشەنەر بەناوی ئیی پارتى دەنگى خۆی خستە پاڵ دەنگی بەردەوامیدان بەشەڕ.

سوپاى تورکیا لە ئۆپراسیۆنەکانیدا بۆ دەرەوەى سنوور چەندین ناوچەى باشووری کوردستان و رۆژئاواى کوردستانى داگیرکردووە. لەو  چوارچێوەیەدا سوپاى تورکیا شانبەشانی ئۆپراسیۆنى زەمینى، رۆژانە بە فڕۆکە و تۆپخانە و چەکى جۆراوجۆر دەستدرێژی دەکاتە سەر چەندین ناوچەى باشووری کوردستان و هەندێک ناوچەى رۆژئاوای کوردستان. بەهۆی ئەو دەستدرێژییانەى دەوڵەتى تورکیاوە دەیان هاووڵاتیى مەدەنى شەهید و برینداربوون و زیانیش بە سەدان گوند و هەزاران و رەز و باخی هاووڵاتییان گەیشتووە و ئاگریش بەردراوەتە سەدان چیا و لەوەڕگە و دارستان و پاوانەى کوردستان.

ر.م