٤ چالاکوانى مانگرتوو لە ستراسبۆرگ رەوانەی نەخۆشخانە کران

١٤ چالاکوان لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا ١٦١ رۆژ لە چالاکی مانگرتن دابوون. لە دواى پەیامەکەى ئۆجالان کۆتاییان بە چالاکییەکەیان هێنا. ٤ چالاکوانیان لە دوای پشکنینى پزیشکی رەوانەی نەخۆشخانە کران.

لەپێناو شکاندنی گۆشەگیریی سەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، ١٤ چالاکوان ١٦١ رۆژ لە چالاکی مانگرتن دابوون.

چالاکوانان کاتژمێر ١٣:٠٠ دوێنێ رایانگەیاند، کۆتاییان بە چالاکیەکەیان هێناوە. ژمارەیەک پزیشکی فەڕەنسی چوون بۆ شوێنى چالاکییەکەیان و دەستیان بە پشکنینى تەندروستیى چالاکوانە بەخرودێرە مانگرتوەکان کرد. دوای پشکنییەکان پزیشکەکان بڕیاریان دا هەر یەک لە ئەکرەم یاپچی، کاردۆ بۆکانی، رەمەزان ئیمیر و محەمەد قادری رەوانەی نەخۆشخانە بکرێن.

پزیشکان رایانگەیاند، ئەکرەم یاپجی شەکرەی دابەزیووە. کاردۆ بۆکانی سیستمی دەماری زیانی پێگەیشتووە. محەمەد قادریش زیان بە ماسولکەکانی گەیشتوون و تووشێ جۆرێک لە داخوران بووە و رەمەزان ئیمیریش گرفت لە میزەڕۆکانیدا دروستبوون، بۆیە دەبێت ئەو کەسانە لە نەخۆشخانە چارەسەر بکرێن.

ئەو کەسانەی بەشداربوون لە چالاکی مانگرتن لە ستراسبۆرگ، هەریەک لە؛ گوڵستان ئیکە، دیلەک ئۆجالان، نورگوڵ باشاران، مستەفا ساری کایا، یوکسەل کۆچ، محەمەد نێعمەت سەڤیم، محەمەد قادری، عەگید ئورال، دەنیز سورگوت، ئەکرەم یاپجی، کاردۆ بۆکانی، رەمەزان ئیمیر، کەرەم سولهان و ئایڤاز ئەجە بوون.

 

ر.م